نرخی نەوتی برێنت بۆ سەرووی 82 دۆلار بەرزبووەوە

نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بەهۆی گەشبینی بە بووژانەوەی ئابووریی چین بۆ سەرووی 82 دۆلار بەرزبووەوە و درێژەی بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی رابردووی خۆی دا. هاوکات نرخی زێڕیش بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە سەرووی 1880 دۆلار.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-01-2023 نرخی نەوتی برێنت 16 سەنت بەرزبووەوە، هەر بەرمیلێکی بە 82 دۆلار و 83 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت؛ هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 13 سەنت بەرزبووەوە و بە 77 دۆلار و 54 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.

نرخەکانی نەوت رۆژی چوارشەممە 11-01-2023 بە رێژەی 3% بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینی.

نیگەرانی لە کاریگەریی گەمارۆکانی وڵاتە رۆژئاواییەکان و بەرزبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە بە هۆکاری سەرەکیی نرخی نەوت ئەژمار دەکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا بەرزبوونەوەکانی ئەمڕۆ پێجنشەممەی نرخی نەوت سنووردار بوون بەهۆی ئەوەی بازرگانان چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسانی ئەمریکا دەکەن، کە بڕیارە کاژێر 16:30 بە کاتی هەولێر بڵاوببێتەوە.

ئامارەکانی هەڵاوسانی ئەمریکا لەو رووەوە گرنگن، کە کاریگەریی لەسەر بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا دادەنێت سەبارەت بە سوودی بانکی. بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا دەتوانێت ئابووریی ئەو وڵاتە خاوبکاتەوە و خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەم بکاتەوە.

نرخی زێر بەرزبووەوە بۆ سەرووی 1880 دۆلار

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-01-2023 نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلارەوە بە رێژەی 0.4% بەرزبووەوە و بە 1883 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ مانگی سێی ئەمساڵ هەروەها بە رێژەی 0.4% بەرزبووەوە بۆ ئاستی 1886 دۆلار.

بەهای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە دراوە سەرەکییەکانی دیکە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ریژەی 0.1% دابەزی و بووە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.

ئاژای کێدیا، بەڕیوەبەری کۆمپانیای راوێژکاریی (کێدیا) تایبەت بە مامەڵەی زێڕ و کانزاکانی دیکە، لەو بارەیەوە رایگەیاند، “نرخی زێڕ بە باشی پاڵپشتیی لە دابەزینی بەهای دۆلار وەرگرتووە.”

بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاریی (کێدیا) پێیوایە لەڕووی تەکنیکییەوە چارتی نرخی زێڕ ئاماژە بەوە دەدەن کە بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای کانزای زەرد پەیوەستە بە شکاندنی ئاستی 1880 دۆلار.

ئامارەکانی نرخەکانی بەکاربەر و رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 16:30 بە کاتی هەولێر بڵاوببنەوە، کە چاوەروان دەکرێت کاریگەریی گەورە لەسەر نرخی کاڵا و کانزاکان دروستبکات.

ھەواڵی زیاتر