كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە میانی چاكسازییەكانی خۆیدا، لە پێناو بەفیڕۆنەچوونی پارە و كاتی هاووڵاتییان، تۆماركردنی كۆمپانیاكان بە ئەلیكترۆنی دەكات و نرخی تۆماركردنیش كەم دەكاتەوە. پێشبینییش دەكرێت ئەو ئاسانكارییە لە هەریمی كوردستان، ببێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی تۆماركردنی كۆمپانیاكان.
بڵند محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: ” لە ساڵانی پێشوودا تۆمارکردنی ناوی بازرگانی تێچوویەکی زۆری هەبووە و لە ٥٠٠ هەزار تا سەرووی ملیۆنێک دیناری تێدەچوو. هەروەها بۆ وەرگرتنی ناوی بازرگانی، پێویستی بە ڕۆتینێکی زۆر هەبوو؛ وەكوو سەردانی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکان یان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان، ئەوەش دەبووە هۆی ماندووکردنی هاووڵاتییان و بازرگانانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات.”
“لە پێناو ئاسانكاری و چاکسازی لە کەرتی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە کە پسپۆڕیی پێدانی ناوی بازرگانی لە یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت و لەلایەن خودی حکومەتی هەرێمەوە ئەم خزمەتگوزارییە پێشکەش بکرێت، ئەم خزمەتەش بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان سپێردراوە.”
بڵند محەمەد گوتیشی: ” وەکوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، پەیڕەوێکمان ئامادە كرد کە لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا، ئەو چاکسازییانە و ئەو ئاسانکارییانەی بەو هۆیەوە كران بریتین لە:
یەکەم، پێدانی هەر ناوێکی بازرگانی بە ٥٠ هەزار دینار، كە پێشتر لە ٥٠٠ هەزار تا سەروو ملیۆنێك دینار بوو.
دووەم، کەمکردنەوەی ڕۆتین وگەڕاندنەوەی كات، چونكە مامەڵە تەنیا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانەوە دەكرێت و لە ماوەی یەک ڕۆژدا ناوی بازرگانی تۆماردەكرێت.
سێیەم، ئەگەر ناوی كۆمپانیا، هەر ناوێك یان ژمارە بێت، گەر ماناداریش نەبێ، بە مەرجێک پێچەوانەی نیزامی گشتی و ئادابی گشتیی هەرێمی کوردستان نەبێ، ڕەزامەندی لەسەر دەدرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئاسانکاری و وا دەکات کە ناوی بازرگانی بە ئاسانی بەدەستبێت و بە ئاسانییش پڕۆسەی تۆماری کۆمپانیا ئەنجام بدرێ.”
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان ڕاشیگەیاند:” تا ئێستا ٣١ هەزار و ٩٢١ کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، ٢٨ هەزار و ٥٧٩ کۆمپانیایان ناوخۆیین و ٣ هەزار و ٣٤٢ کۆمپانیاش لقی کۆمپانیای بیانین. لە ساڵی ٢٠٢٢دا هەزار و ٧٩ کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. پێشبینی دەکەین دوای ئەو ئاسانکارییانەی ئێمە كردوومانن، ڕێژەکە دوو بەرانبەر بەرزبێتەوە، لەبەرئەوەی کۆمپانیا بە ئاسانترین شێوە و بە کەمترین کات و کەمترین تێچوو تۆمار دەکرێت”.
سەبارەت بە چاكسازییەكانی ئەو بوارەش دەڵێت “پارساڵ ئەو چاکسازییە سەرەتاییانەی ئێمە کردبوومان، بووە هۆی تۆمارکردنی ژمارەیەکی بەرچاوی کۆمپانیاکان لە چاو ساڵانی پێشوو، بۆنموونە پارساڵ نزیکەی ٢ هەزار و ٣٠٠ کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان دامەزراون و ژمارەیەکی کەمی کۆمپانیاش پاکتاو کراون، ئەگەر سەرجەمیان بەراورد بکەین، ئاسانکارییەکان لەمساڵەوە بەدیاردەکەون “.
لەسەر بنەمای شۆڕكردنەوەی دەسەڵات، پڕۆسەی پێدانی ناوی بازرگانی بە شاری دهۆک و سلێمانی و هەولێر دراوە. ئەمەش وادەکات پێویست نەکات هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بکەن، بەڵكوو لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی کۆمپانیا و ناوی بازرگانیی شارەکان ئەم خزمەتە بەدەستبهێنن.
شایانی باسە، ڕۆژی دووشەممە، ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، پڕۆسەی پێدانی ناوی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان دەستیپێكردووە.
فەرمانگەی میدیـــا و زانیاری
١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣