شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا: رێز له‌ ئازایه‌تی شه‌هیدانی پێشمه‌رگه‌ ده‌گرین

راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌ریتانیا یادی قوربانیانی سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌ی له‌ جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م به‌رز راده‌گرێت و له‌ میانی ئه‌و یاده‌شدا، له‌ شاری هه‌ولێر، سڵاو بۆ شه‌هید و قوربانیانی پێشمه‌رگه‌، له‌ شه‌ڕی دژ به‌تیرۆریستانی داعش ده‌نێرن.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند،  وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، به‌نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌شداری رێوڕه‌سمی به‌رز راگرتنی یادی قوربانیانیی سوپای به‌ریتانیای له‌ جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م كرد و تاجه‌گوڵینه‌ی رێز و شكۆداری له‌ سه‌ر سیمبولی قوربانیانی ئه‌و یاده‌ی له‌ شاری هه‌ولێر دانا.

راگه‌یاندنی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ راشیگه‌یاند، رێوره‌سمی به‌رز راگرتنی یادی شه‌هیدان و قوربانیانی سه‌ربازانی به‌ریتانیا، له‌ لایه‌ن كونسوڵخانه‌ی ئه‌و وڵاته له‌ هه‌ولێر‌ رێكخرابوو، تێیدا جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی باڵای سیاسی هه‌رێم و كونسوڵی وڵاتان و پله‌دارانی سه‌ربازیی  ئاماده‌یبوون.

ده‌یڤد هه‌نت، كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر رایگه‌یاند، له‌ كاتێكدا ئه‌مڕۆ یادی ئه‌و قوربانیانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، رێز له‌ ئازایه‌تی و بوێری ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گرین، كه‌ بوون به‌ شانازی مێژوو، ئه‌مڕۆ هاوشانی ئه‌و رۆژه‌، یادی شه‌هیدانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش به‌رز راده‌گرین و به‌یه‌كه‌وه‌ نزای پاراستنی ئاشتی و ئارامی بۆ جیهان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌.