شكستی تیرۆریستان لە پەنا قەڵای کوردایەتیدا

‎هاودەنگ فارووق

ئایە بۆچی گروپە تیرۆریستییە جیهانییەكان، چاویان بڕیوەتە هەولێر؟!‎
لەبەر چی موخابەراتی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بۆ تیرۆر، هێندە ڕقیان لە هەرێمی كوردستان و پێگەی هەولێرە، بە ڕادەیەک، بە هەموو هێزو پارە و پاڵپشتیی لۆجستییەوە، تیرۆریستان لەو سەری دنیاوە بەرەو هەولێر بەڕێ دەکەن؟!
‎پێشتر لە ڕێگەی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش)ەوە پیلانی گەورە و مەترسیداریان دژ بە هەرێم و هەولێری قەڵای کوردایەتی، داڕشت بەڵام سەریان دای لە تاشەبەردی خۆڕاگریی پێشمەرگە و تێکشکێنران. کەچی ئەوەتا جارێکی دیکەش هەمان پیلان، بەڵام بە سیناریۆیەکی تازە، لە دژی هەرێمی كوردستان دەخەنە گەڕ.
‎هەولێر، دوورگەیەکی ئارام و چرایەکی ڕووناکە بۆ هەمووان، بۆیە دانیشتوانەکەی و بەرپرسان، بە هۆشیاری و چاوکراوەیی دەڕواننە دەوروبەر و دڵنیان لەوەی دوژمنان و ناحەزان، ئەو ڕاستییەیان بۆ قووت ناچێت کە هەولێر وەك مێرگێكی ئارام لەناو دەریایەك كێشەی ناوچەكەدا گەشە بکات و هەمیشە سەرقاڵی پیلان و هەوڵی تێکدانی ئاسایش و ئارامی هەولێرن.
‎ئاسایش و سەقامگیریی سیاسیی و کۆمەڵاتیی هەولێر،پەیوەندییەکی نەرێیی لەگەڵ بارودۆخی ناحەزاندا هەیە. بە واتایەکی دی، گەشەکردنی هەولێر، مایەی بارگرانی و خەم و تووڕەیی دوژمنان و ناحەزانە و ئەوەندی بۆیان بکرێت، هەوڵی تێكدانی باری ئاسایشی هەولێر و هەرێمی کوردستان دەدەن. ئەمە ڕاستییەکی تاڵە و نابێ و ناکرێ نادیدە بگیرێ.
‎دەستگە ئەمنی و هەواڵگرییەكان و خەڵكی هەولێر لەسەر بنەمای ئەو ڕاستییە پێكەوە كاردەكەن، بۆیە هەرگیز دوژمنان نەیانتونیووە و ناشتوانن سووک و ئاسان پلانە گڵاوەکانیان لە هەولێردا پیادە بکەن؛ چونكە هەولێر پێشوەختە ئامادەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەرجۆرە پیلان و سیناریۆیەکی چەپەڵ کە بۆ تێکدانی ئاسایش و ژیانی ئارامیی شارەکە داڕێژرابن..
‎ ئیدی دۆزینەوەی ئەو تۆڕە تیرۆریستیانە و هەڵوەشاندنەوەیان، مەسەلەیەکی سەیر و چاوەڕواننەکراو نییە.
‎بەگوێرەی پێوەرە ئەمنییەكان، تەنانەت لە نیویۆرك و پاریسیش، جاروبار پیلانی تیرۆریستان لە چاوی دەستگە ئەمنییە تایبەتمەندەكان دەرباز دەبن و كارەسات دەخوڵقێنن؛ لەم ڕوانگەیەوە، هەولێر لە ڕیزی شارە هەرە ئارامەکانی دنیایە كە وێڕای زۆری دوژمنەكانی، لە ڕووی خۆپارێزی و ئاگاییەوە، زۆرجار لەشارە هەرە گەورەكانی جیهانیشی بردۆتەوە! بە چوار پایتەختەكەی وڵاتانی جیرانیشەوە.
‎هەولێر بەدوژمن دەورە دراوە، ناحەزانی خاوەن ئەزموون و و بێڕەحم و دڕندەن، بۆیە پێویستە ڕۆژ بە ڕۆژ و سات بەسات، خەڵك و داوودەستەگەكانی هەولێر و هەموو شارەكانی كوردستان، زیاتر و زۆرتر وەك یەك تیمی تۆكمە كاربكەن بۆ پاراستنی هەولێر، چونكە هەولێر سیمبوڵی مانەوە و هەبوون و پێكەوەژیانی جیاوازییەكان و خۆشگوزەرانی و مانەوەی نەتەوەیەكە.

ھەواڵی زیاتر