لە‌ پە‌رۆشی مرۆڤە‌وە‌ ڕە‌شبینم!

حەیدەر عەبدوڵڵا

نیچە بۆ دروستبوونی مرۆڤی باڵا، هەموو هەوڵێكی دا، بەڵام لە كۆتاییدا بەتەنیا مایەوە. ئەبووعەلائی مەعەریش بە تاسەی پەیدابوونی مرۆڤی كامڵ، سەری نایەوە. ئەوانەی تەنیا لە سووچێكەوە مەعەری دەخوێننەوە، باشتر وایە نەیخوێننەوە، چونكێ نازانن ڕەشبینی مەعەری بۆ ئەوەبوو زیاتر بە ناخی ئینساندا شۆڕبێتەوە، نەك دژایەتی پێ بكات. مرۆڤ بۆ مرۆڤبوونی خۆی بگێڕێتەوە، چیتر شانۆی ژیان بە نواندنە ساختە و هیچەكانی، تێك نەدا. چۆن مەعەری ڕەشبین نەبێ؟ ئەی نابینی مرۆڤی لە مێژوودا، دەستی لە هەموو جوانییەكان وەشاندووە، غەدری لە خۆی و هەموو گیاندارێكی سەر زەوی كردووە. بۆ ئەوە بوو بە پاشای زەوی، چونكە بڕیاربوو دادگەری بەرپا بكات، نەك ماڵ لە خۆی و هەمووان وێران بكات. ئەی ئەوە نییە مەسعوود محەمەدیش دەڵێت: لە شەش ملیار كەس، حەیف بە چوار ملیار كەس بگوترێت مرۆڤ! ناكرێ كەسێكی وەك مەعەری بەم هەموو مرۆڤە دڵڕەق و ژینگەشێوێن و خوێنمژانە ڕازی بێت. مەعەری، بە ڕەشبینیی ڕاستینە، دەیویست گەشبینیی درۆینە لەسەر ڕوخساری مرۆڤ بسڕێتەوە.
لای ئەو، مرۆڤەكان ئەگەر لە هەژاری و دەوڵەمەندی و جوانی و ناشیرینیدا لە یەكتر جیاواز بن، لە سروشتی خراپیان دەچنەوە سەر یەك. ڕووح لە دەستی شەهوەت و سروشتی ناجۆری جەستە هاوار و فیغانیەتی، خۆزگە دەخوازێت ڕۆژێك بێت لێی جیا بێتەوە.
ڕەشبینیی مەعەری بەرانبەر مرۆڤی بەدخووی زەمین، گەیوەتە ڕادەیەك، كە بڵێ: ئەگەر كەسێكتان بینی هاوكاری براكەی كرد، ئەوە بزانە دەیەوێ فێڵێكی لێ بكات! ئەگەر چاكەكردن ئەسڵە لە مرۆڤدا، ئەی بۆچی شانازی پێوە دەكات و خۆی پێوە هەڵدەكێشێت؟ چۆن دەكرێ مرۆڤ لە چاكەكردندا زۆر لەخۆی بكات، كەچی كاری خراپەش بە شێوەیەكی ئاسایی و سروشتی بكات! هاوار و ناڵینی ئەو بۆ ئەوەیە مرۆڤ چاك بێت، نەك هیچ شتێك كاریگەری لێ
نەكات و بەردئاسا بمێنێتەوە:
كم وعظ الواعظون منا وقام في الأرض أنبياء
فانصرفوا والبلاء باق ولم تـزل داؤك العيـاء
ئەرێ مرۆڤ! تۆ كەی چاك دەبیت؟ ئەو هەموو پەیامهێن و فەیلەسووف و حەكیمانە هاتن و تۆیان لاواندەوە، ئامۆژگارییان كردیت، ڕاست و چەوتییان بۆ ڕوون كردیەوە، كەچی تۆ لە كەلی شەیتان نەهاتیە خوارەوە، شەڕ و بەڵا و هەراش هەر وەك خۆیان مانەوە! لای مەعەری ئەگەر بتەوێ لە شەڕی مرۆڤ بەدوور بیت، دەبێ خۆت لێیان بە دوور بگریت. مەعەری لە خۆڕا تووشی ئەو ڕەشبینییە نەبووە، دوای ئەوەی دەیان جار مرۆڤە جۆربەجۆرەكانی ئەزموون كردووە، هەموو جارێك بە ئاگری شەڕیان سووتاوە، لە ڕێی چاكبوونیان شەكەت بووە. لەم دەرچەوە سەركۆنەی مرۆڤی كردووە و دژی سروشتی خراپی وەستاوەتەوە. ئەو، وەك هێندێك پەندیار و ئەدیب نەهاتووە بە شانوباڵی مرۆڤدا هەڵبدات و نەنگی و لەنگییەكانیان بپۆشێت.
أراني في الثلاثة من سجوني فـلا تسـأل عن الخبـــــــر النبيــث
لفقــدي ناظري ولزوم بيتــي وكون النفس في الجسد الخبيث
ئەو دەیەوێ پێمان بڵێت من لەنێو سێ زینداندا گیرم خواردووە: كوێری و گۆشەگیری و جەستەی پیسم، هەربۆیە نابێ چاوەڕێی ئەوەبن دونیاتان وەك بەهەشت بۆ وێنا بكەم. بەمە دەیەوێ خۆی لەوە بدزێتەوە، كە بڵێ: من لەگەڵ ئێوەدا ژیام، هەر لەبەر ئەوەی عەقڵم كرد بە سەرداری جەستەم، تووڕتان دام، چەندان تۆمەتی جۆربەجۆرتان بۆ هەڵبەستم. ئێوە لەژێر فەرمانی شەهوەت و سۆزدا ژیانتان بەڕێوە دەبن، منیش هەرچی ئارەزوو و سۆز و عەتفێكی جەستەم هەیە، دەستەمۆی عەقڵم كردووە. لە هەموو خۆشی و چێژێكی ژیان دووركەوتوومەتەوە. لای ئەو، دونیا وەك ژنێكە لە سووڕی مانگانەدا بێت، مرۆڤ هەر چەند حەز بكات، ناتوانێ چیژی لێ وەربگرێت. یاخود پێی وایە، دونیا بە كچ خۆی نیشانی خەڵك دەدا، بەڵام وەختێك لێی نزیك دەبیتەوە، دەبێ بە پیرەژنێكی كەنەفت و لارەمل.

ھەواڵی زیاتر