چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

کۆیە.. بودجە بۆ قیرکردنی ڕێگای چەند گوندێک تەرخان دەکرێت

بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق لە سنووری قەزای تەقتەق ڕایگەیاند، لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی قیرکردنی ڕێگای چەند گوندێک جێبەجێ دەکرێت.

ئاسۆ مستەفا، بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق ڕاگەیاند: “ڕێگای گوندی کونەگورگ بودجەی بۆ دەرچووە کە قیر بکرێت و دراوەتە کۆمپانیا و کارە پێویستەکانی  دەست پێ کردووە، هاوکات فەرمانی قیرتاوکردنی گوندی تاڵەبانی گەورە و گوندی گەرمکی ساتووقەڵا دەرچووە و بودجەی بۆ تەرخان کراوە و دوای کاری پێویست دەخرێتە باری جێبەجێکردنەوە.”

گوتیشی: “جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە وێڕای کەمکردنەوەی گرفتەکانی هاتوچۆ، ڕۆڵیشی دەبێت لە ئاوەدانبوونەوەی زیاتری گوندەکان”.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبانی کۆیە ئاشکرای کرد، کەمکردنەوەی نھێنیمان بۆ پرۆژەکانی (قیرتاوکردنی ڕێگای گوندی شێخە و قیرتاوکردنی ڕێگای گوندی ھەرمۆتە و چاککردنەوە و قیرتاوکردنی کێرڤی ڕێگای نێوان (ھیزۆپ-سماقوڵی) و چاککردنەوە و قیرتاوکردنی ڕێگای گۆڕستانی سکتان ڕاگەیاندووە و دوای دەرچوون بۆیان، بودجەیان بۆ  تەرخان دەکرێت و دەکەونە باری جێبەجێکردنەوە.