نرخی نەوت لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە دووەم هەفتەی بازاڕەکان لە ساڵی نوێ، بەهۆی کرانەوەی دەروازەکانی چین و ئاسۆی بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی سووتەمەنی لەلایەن ئەو وڵاتەوە بەرزبووەوە.
رۆژی دووشەممە 9-1-2023، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 53 سەنت بەرزبووە و بە 79 دۆلار و 10 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 46 سەنت بەرزبووە و بە 74 دۆلار و 23 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها گەشبینی بەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا پاشگەزدەبێتەوە لە تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختی، بووەتە هۆکاری دابەزینی بەهای دۆلار.
دابەزینی بەهای دۆلار دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانەی کە بە دراوێکی دیکەوە مامەڵە بە نەوتەوە دەکەن ئاسانتر و رێژەیەکی زیاتر نەوت بکڕن و بەو هۆیەشەوە دابەزینی بەهای دۆلار کاریگەریی هەبووە لەسەر بەرزکردنەوەی خواست بۆ کڕینی نەوتی خاو.
هەفتەی رابردوو کە یەکەم هەفتەی بازاڕەکانی ئەمساڵ بوو نرخی نەوت بە رێژەی 8٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی. هۆکارەکەشی نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان بوو.
چین لە دوای 3 ساڵ دەروازەکانی و فڕۆکەخانەکانی بەڕووی گەشتیاراندا کردووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆکار پێشبینیبکرێت ئەو وڵاتە بەنزینی و سووتەمەنی زیاتر بەکاربهێنێت.
هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵی نوێی چینی، پێشبینیدەکرێت ژمارەی گەشە ناوخۆییەکان بەرزبێتەوە بۆ دوو ملیار گەشت. بەوپێیەش جموجۆڵ و هاتووچۆی خەڵک لە ناوخۆی چین دەگاتەوە 70٪ ی ئاستی پێش سەرهەڵدانی کۆرۆنا لە ساڵی 2019 دا.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە 1880 دۆلار نزیکبووەتەوە
لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی 8 مانگی رابردوودا. دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکەش بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەڕێژەی 0.7٪ بەرزبێتەوە بۆ 1878 دۆلار.
هەروەها نرخی هەر ئۆنسە زێڕ بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو بۆ مانگی 3ی ئەمساڵ بەرزبووەتەوە بۆ 1883 دۆلار.
کریستۆفەر وانگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئۆ سی بی سی) رایگەیاند، ” داتا نەرمەکانی ئابووریی ئەمریکا کە هەفتەی رابردوو بڵاوبوونەوە، خواستی بۆ زێڕ بەرزکردوووتەوە.”
کریستۆفەر پێیوایە، داتاکان کە بەزۆری پەیوەستبوون بە بازاڕی کاری ئەمریکا ئەوە دەردەخەن لە سیاسەتەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا پەیوەست بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە 2022 دا توانیویەتی کاریگەری لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە دابنێت و ئابووری بەرەو ساردکردنەوە ببات و لە رێژەی هەڵاوسان کەمبکاتەوە.