ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەم بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەی شارەوانییەکان ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەولێر دوای ئەوەی خاڵی سەرەکی کۆبوونەوەی خستەڕوو، دەستخۆشی لە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکان کرد بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ساڵی ڕابردوو، کە لە چوارچێوەی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا و لە سەر داهاتی 15%ی سەرۆکایەتی شارەوانی، کاری باش کرا و پڕۆژەی خزمەتگوزاریی زۆر باش پێشکەش بە هاووڵاتییان کرا لە سنووری سەرجەم شارەوانییەکان.
پاشان گفتوگۆی لەبارەی پلان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئەمساڵ 2023 و پێداچوونەوە بە ئامادەکارییەکان کرا و لەوبارەیەوە بڕیاری پێویست وەرگیرا.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە باس لە پەرەپێدان و باشترکردن و ڕێکخستنەوەی شەقامەکانی شار و بازاڕ و بازاڕە میلـلییەکان بە گشتی کرا و تیشک خرایە سەر ڕێکخستنەوەی شوستەکان و ئەو شوێن و شەقامانەی کە لە چەند شوێنێکی شاری هەولێر قەرەباڵغی زۆریان کەوتۆتەسەر، ئەمە وێڕای تەئکیدکردنەوە لە بەردەوامیەدان بەهەڵمەتی ڕێگەنەدان بە ئەنجامدانی سەرپێچی و هەڵگرتنی زێدەڕۆییەکان.
لە کۆتاییدا لەلایەن ئامادەبووانەوە دوای خستەڕووی ڕا و سەرنج و تێبینی لەبارەی چەند پرسێکی گرینگی پەیوەست بە خزمەتکردنی هاووڵاتییان و گەیاندنی خزمەتگوزاریی پێویست لەلایەن شارەوانییەکانی هەولێر، تەئکید لە دەستکردنەوە بە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی یەکسان و بەبێ جیاوازی بۆ ئەمساڵ 2023 کرایەوە.