سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ئەو ڕێگایانەی بەهۆی بارینی بەفرەوە گیراون بەردەوام پاكدەكرێنەوە

بەهۆی بارینی بەفرەوە، بەشێكی ڕێگاكانی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاكان و شەقامە سەرەكییەكانی نێوان گوند و دەڤەرەكانی هەرێمی كوردستان داخراون، بۆ ئەم مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتییەكانی پاككردنەوەی ڕێگاوبان بە پاككردنەوەی ڕێگاكان هەستاون و لە كارەكانیان بەردەوامن.

مەریوان مەلا حەسەن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند:”تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، بۆ پاككردنەوە و ڕاماڵینی ئەو بەفرەی ڕێگای هاتووچۆی ئوتومبێل و هاووڵاتیانی گرتووە، لە ئامادەباشیدان.”

ئاماژەی بەوەشدا: “لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تیمەكان لە پاككردنەوەی سەرجەم شوێنەكانی سنووری ئەم ئیدارەیە وەك ڕێگاكانی چۆمان – حاجی ئۆمەران، شیروان – سێلكی، ڕێگای زینووی وەرتێ و سۆران – سیدەكان بەردەوامن.”

“لە دەڤەری ڕاپەرینیش، تیمەكان بە هەمان شێوە لە پاککردنەوەی ڕێگای مەرزی کێلێ بەردەوامن؛ ئەم ڕێگایە دەکەوێتە سنووری قەزای پشدەر كە لە ناوچەیەکی شاخاویدایە و درێژیی ڕێگاکە ١٥ کیلۆمەترە و تا ئێستا ٤ جار پاککراوەتەوە.”

لەبارەی هەریەك لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیش، مەریوان مەلا حەسەن، ئاماژەی بەوە كرد “بەهەمان شێوە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دهۆک لە پاکكردنەوەی ڕێگای چیایی گارە بە درێژیی ٥ کیلۆمەتر و بەردەوامن و لە پارێزگای سلێمانییش، ڕێگای پێنجوێن – مەرزی باشماخ،
سلێمانی – ئەزمەر- قەڵاچۆڵان- ماوەت- قەیوان مۆكەبە،
سلێمانی – قەرەداغ – دەربەندیخان
تاسڵوجە – تەكیە – مێرگەپان – دوكان،
سەید سادق – ناڵپارێز – پێنجوێن  پاككراوەتەوە.