دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

مانگی دابێ گەورەترین چالاكیی هونەری عێراقی لە سلێمانیدا بەڕێوە دەچێت

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

بڕیارە مانگی دابێ (فێستیڤاڵی شانۆی عێراقی) كە گەورەترین رووداوی هونەریی عێراقە لە پایتەختی رۆشنبیری بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بە بەشداری 12 كاری شانۆیی و چەندین كۆڕی رەخنەیی و گفتوگۆی كراوە بەڕێوە بچێت.

د. موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بە (هەولێر)ی راگەیاند، هەفتەی رابردوو بە ئامادەبوونی سەرۆكی كۆمەڵەی هونەرە جوانەكان و نوێنەری بەشی هونەری شانۆ و سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان و ژمارەیەك لە شانۆكارانی شاری سلێمانی، پێشوازییان لە د. ئەحمەد حەسەن موسا، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی سینەما و شانۆی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق كردووە.
د. موحسین ئاماژەی بەوە كردووە، ئامانجی سەردانەكە باسكردنی یەكێك لە گەورەترین چالاكییە هونەرییەكانی عێراق كە (فێستیڤاڵی شەشەمی شانۆی عێراقی)یە و بڕیارە كۆتایی مانگی داهاتوو لە شاری سلێمانی، وەكو پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش سلێمانی ئامادەیی هەموو جۆرە هەماهەنگی و هاوكارییەكە بۆ ئەوەی فێستیڤاڵەكە بە پێی ئەو پلانەی بۆیان داناوە بەڕێوەبچێت، بڕیاریش درا چەندین لیژنەی جیاواز بۆ هەماهەنگی كارەكان لە نێوان سلێمانی و بەغدا دروست بكرێت و هەر لە ئەمڕۆوە تا كاتی فێستیڤاڵەكە هاوكار و ئاگاداری یەكتر بن.
فێستیڤاڵی شانۆی عێراقی یەكێكە لە گەورەترین فێستیڤاڵەكانی عیراق بۆ شانۆ و خولی ئەم جارەی خولی شەشەمە و یەكەم جارە بخرێتە شارێكی هەرێمی كوردستان، کە بڕیارە لە رۆژانی 22 تا 25/2/2023 لە پایتەختی رۆشنبیریدا بەڕێوە بچێت.