ساڵی 2022 لە شاری هەولێر حەوت هەزار و 678 تاوانی جۆراوجۆر تۆمارکراون. گوتەبێژی پۆلیسیش دەڵێت، لەو ژمارەیە شەش هەزار و 894 تاوان بەشێوەی ئاشکرا کراون و تۆمەتبارانیش بەپێی یاسا دراونەتە دادگە.
رۆژی شەممە 7-1-2023، هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی 2022ی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێری راگەیاند. بە گوێرەی ئامارەکە، لە هەولێر حەوت هەزار و 678 تاوانی جۆراوجۆر تۆمارکراون کە شەش هەزار و 894 تاوانیان بەشێوەی ئاشکرا کراون و تۆمەتباران بەپێی یاسا دراونەتە دادگە.
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، پار نۆ هەزار و 446 تۆمەتبار بە دزی، کوشتن، ساختەکاری، مادە هۆشبەرەکان، تەقەکردن، رێگریکردن و تاوانی دیکە دەستگیرکراون، جگە لەوەی تۆمەتبار هەبووە چەندین ساڵ واتا ساڵانی پێشوو فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە، بەڵام دەستگیرنەکرابوون و هێزەکانی پۆلیسی هەولێر توانیویانە دەستگیریان بکەن
لەبارەی ئەو تۆمەتبارانەی کە لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە، هۆگر عەزیز گوتی، ژمارەیان 333 تۆمەتبارن و هەموویان لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی هەولێر دەستگیرکراون و رەوانەی شوێنی مەبەست کرانەوە.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتیشی، 582 تۆمەتبار لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی هەولێر دەستگیرکراون کە لە ژووری ئۆپەراسیۆنی باڵای هاوبەش داواکرابوون، بەشێک لە تۆمەتباران لە 2005ەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە و ساڵی رابردوو لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیرکراون.
لەبارەی تاوانی کوشتن لە ساڵی رابردوو لە هەموو سنووری هەولێر و دەوروبەری 62 تاوان تۆمارکراون. بە گوتەی هۆگر عەزیز، 55 تاوانیان ئاشکرابوون و 79 تۆمەتبار بەوهۆیەوە دەستگیرکراون، بەڵام بەراورد بە 2021 تاوانی کوشتن کەمیکردووە، چونکە ئەو کات 79 تاوانی کوشتن ئەنجامدراون.
لەبارەی تاوانەکانی خۆکوشتن لە سنووری هەولێر و دەوروبەری 77 کەیس تۆمارکراوە و بەشێوەی ئاشکرابوون، هاوکات 60 رووداوی تەقەکردن تۆمارکراون کە 54یان ئاشکرا کراون و تەقەکاران دەستگیرکراون و دراونەتە دادگە.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتیشی، سەبارەت بە تاوانی دزینی ئۆتۆمبێل، 59 تاوان تۆمارکراون و 53یان ئاشکرا بوون و ئۆتۆمبێلەکان دەستیان بەسەرداگیراوە و تۆمەتباران دەستگیرکراون و دراونەتە دادگە.
بە گوتەی پۆلیسی هەولێر، ژمارەیەک سواڵکەر لەسەر شەقامەکان خۆیان وەک “کەمئەندام” نیشان دەدەن بۆ ئەوەی هەست و سۆزی خەڵکی رابکێشن، لە کاتێکدا هیچ گرفتێکی تەندروستییان نییە و دەشڵێت، پار 976 سواڵکەریان بە هەردوو رەگەز لە شاری هەولێر لە شوێنە گشتییەکان و چوار رییانەکان و ناوبازاڕەکانی شاری هەولێر دەستگیرکردووە و رادەستی یاسا کراون، لەکاتی سواڵکردنیش خۆیان بە نەخۆش و “کەمئەندام” نیشان دەدا بۆ راکێشانی سۆزی خەڵک لەکاتێکدا هیچ کێشەیەکی تەندروستییان نەبووە.
بەشێکی دیکە لە کار و چالاکییەکانی پۆلیسی هەولێر
– 99 تۆن دەرمانی ماوەبەسەرچوو و ساختە دەستی بەسەرداگیراوە.
– 432 شوێن تێکدراون کە زێدەڕۆییان بەسەر موڵکی گشتیی کردووە.
– 113 ئۆتۆمبێل دەستیان بەسەردا گیراوە کە بەهۆی تیژڕەویی خەڵکیان هەراسانکردبوو بەهۆی نمایشکردنیان لە شەقامە گشتییەکان.
– 74 ماتۆڕ دەستیان بەسەردا گیراوە کە بێ سەرەتا و بێ تابڵۆ بوون.
– 1392 چەک دەستیان بەسەردا گیراوە.
– 697 کە بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکراون.
– 226 کەس بە تۆمەتی ساختەکاری دەستگیرکراون.
– 88 تۆمەتبار دەستگیرکراون کە مادەی هۆشبەریان بەکارهێناوە یان کڕین و فرۆشتنیان پێکردووە.
– 398 ئاژاوەگێڕ دەستگیرکراون.
– 559 چەقۆ و دامبۆکس و کەلوپەلی دیکەی قەدەخەکراو دەستیان بەسەردا گیراوە.
– 1847 سەرپێچیکار دەستگیرکراون و سزای یاسایی دراون.
– 1059 شوێنی وەک مارکێت، نانەواخانە، شوێنی فرۆشتنی خۆراک، هۆتێل و چەندین شوێنی دیکە بەهۆی پابەند نەبوونیان بە رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی داخراون.
– 9 تاوانی رێگریکردن تۆمارکراوە و 8یان ئاشکراکراوە و تۆمەتباران دەستگیرکراون و دراونەتە دادگە.
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر: هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و فەرماندەی زێرەڤانی مەفرەزەی هاوبەشیان بەشێوەی گەڕۆک و جێگیریان هەیە کە لە گشت شەقامە سەرەکی و لاوەکییەکانی شاری هەولێر و دەوروبەری بەشەو و رۆژ کاردەکەن بۆ دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران و دەست بەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، ئۆتۆمبێلی بێ تابڵۆ و ساختە، چەقۆ، ماددەی هۆشبەر و کەلوبەری قەدەخەکراو.
هۆگر عەزیز گوتیشی، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر بۆ هۆشیارکردنەوەی ئەفسەران و کارمەندان 72 خولی هۆشیاری رۆشنبیری و 638 سیمینار و شەش هەزار و 114 نامیلکەی بڵاوکردووەتەوە.