١٤ی نۆڤەمبەر ڕۆژە جیهانییەکەی نەخۆشینی شەكرە

نەخۆشی شەكرە واتە شێوانی ئاڵوگۆڕ و بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکر لە ناو سوڕی خوێندا و، بەرزبوونەوەی بەردەوامی ڕێژەی شەکری خوێن لە دەرئەنجامی تێکچوونی کۆمەڵێ زیندەچالاکی لەش، بەپێی ئاماری ڕێكخراوه‌ جیهانییه‌که‌ی تەندروستییش ٢٠١٥ لە جیهاندا نزیکەی ٤١٥ملیۆن کەس کە دەکاتە (%١٠) دانیشتوان گیرۆدەی ئەم نەخۆشیەن، وە پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ٢٠٤٠ ئەو ژمارەیە بگاتە ٦٤٢ ملیۆن کەس.

د. هەرێم كەریم ئەحمەد پسپۆڕی نەخۆشییەكانی شەكرەو سییەكان و گورچیلە و هەرس ڕوونی دەكاتەوە بەگشتی شەکرە دوو جۆری هەیە: جۆری یەکەم: بەهۆی وەستانی خانەکانی پەنکریاس لە دەردانی هۆڕمۆنی (ئەنسۆلین)ەوە دەبێت، کە زیاتر لە تەمەنی منداڵی و هەرزەکاریدا دەردەکەوێت بە نزیکەی (٥-١٠%) نەخۆشی شەکرە لەم جۆرەن، کەسەكە پێویستە بە درێژیی تەمەن دەرزی ئەنسۆلین بەکاربهینێت. جۆری دووەم: بە هۆی بەرگی لەش بۆ ئەنسۆلین یاخود سست بوونی خانەکانی پەنکریاس دەبێت و زیاتر لە دوای تەمەنێکەوە و لە کەسانی قەڵەودا دەردەکەوێت کە ڕەگێکی بۆماوەییان هەیە زیاتر لە (٩٠%) نەخۆشی شەکرە پێکدێنێت.
د.ئیسرا کەمال شا محەمەد – پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک، ئاماژە بەوە دەدات كە: دابەزینی شەكرە ڕوودەدات لەو كەسانەی كە، بە گوێرەی ئامێری شەكرەكە لە خوار ژمارەی ٧٠یە، كەسی توشبوو هەست بە ئارەقەكردن و پەلەپەل لێدانی دڵ و سەرسوڕان دەكات لە هەندێ كاتیشدا بوورانەوە ڕوودەدات.
هۆیە هەرە سەرەكییەكانی ئەو نەخۆشییەیش دەگەڕێتەوە بۆ قەڵەوی؛ کێشی زیاد دەبێتە هۆی ئەوەی شه‌کره‌ی خوێن زۆر ببێت، ناچار دوانزه‌گرێ (پەنكریاس) ده‌که‌وێته‌ کار و ڕێژەیەكی زۆر ئەنسۆلین بەرهەم ده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌و هه‌موو شەكرەیه‌ له‌ خوێن لا ببات و بیانخاته‌ ناو خانه‌کانه‌وه‌؛ جا که‌ له‌ ڕاده‌به‌ر کاری کرد ورده‌ ورده‌ په‌کی ده‌که‌وێت و ئاخرییه‌که‌ی وای لێ دێت ئه‌نسۆلینی پێ نامێنێت و کابرا تووشی شه‌کره‌ ده‌بێت؛ دووەم هۆكاریش بۆماوەییە، كە كەسی تووشیار بۆ منداڵەكەی دەیگوازێتەوە. هۆی سێیەمیش دەگەڕێتەوە بۆ نوخۆشکه‌وتنی پەنكریاس؛ هه‌ندێکی نه‌خۆشینی وەك چڵککردن و شێرپەنجە. لە هەندێك توێژینەوەیشدا دەركەوتووە، هەندێك جۆری ڤایرۆس و ژینگەیش دەبێته‌ هۆی تووشبوون بەم نەخۆشییە.
د.هەرێم كەریم ئەحمەد ئاماژە بەو كەسانە دەدات كە پێویستە پشکنینی پێشوەختەی شەکرە ئەنجامبدەن:

  • کەسانی قەڵەو و کێش زیاد.
  • ژیانی “ئیسراحەت” و كەمجوڵەیی.
  • بوونی کەسی تووشبوو بە نەخۆشی شەکرە لە خێزاندا.
  • ئەو ئافرەتانەی كە لە ماوەی سكپڕیەكەی شەکرەی سک پڕی هەبووبێت.
  • فشاری خوێنی بەرز بێت زیاتر لە ١٤/٨ (١٤٠/٩٠)
  • چەوری سوود بەخشی کەم بێ ٢٥ یان چەوری سیانی لە سەرووی ٢٥٠ بێت.
  • فرەکیسی هێلکەدانی هەبێت.
  • نەخۆشی دڵ و بۆرییەکانی مێشک.
  • هەموو کەسێک لەسەروو تەمەنی ٤٥ ساڵانەوە یان زیاتر
  • لەدایکبوونی منداڵ کێشی زیاتر لە ٤,١ کگم.
  • کەسانی دەرمانی کۆرتیزۆن یان دژە پەرکەم بەکاردەهێنن.
  • کەسانێ کە پشکنینی پێشتریان لە ڕادەی ئاسایی زیاتر بووە.
    نیشانە سەرەكییەكانی ئەو نەخۆشییە لەخەوهەڵستانی شەوانە بۆ میزكردن، تینوویه‌تیی زۆر، فره‌ خواردنەوەی ئاو، لاوازبوونه‌وه‌ی له‌ناکاو و له‌ڕاده‌به‌ده‌ر. له‌ منداڵانیشدا دره‌نگکه‌وتنی گه‌شه‌ یان ئه‌و‌زه‌ڵنه‌کردنیان و ماندوویه‌تی و سەرسووڕان.
    زانایان ده‌یشڵێن ترس و باری دەروونییش هۆیەكی سەرەكییە بۆ تووشبون بەم نەخۆشییە. جگه‌ له‌وه‌یش ئەو كەسانەی ٤٥ ساڵانیان بڕیوه‌ و قەڵەون، زیاتر تووشی دەبن.

ڕێنمایی گشتی بۆ نەخۆشانی شەكرە:

  • بەکارهێنانی دەرمان و دەرزی ئەنسۆلین لە کاتی خۆیدا و بەگوێرەی ڕێنمایی پزیشک.
  • کێشی نموونەیی یان دابەزاندنی لە کەسانی قەڵەو و زیادە کێشدا و وازهێنان لە جگەرکێشان.
  • گرنگی دان بە وەرزش کردن، لانی کەم هەفتانە ١٥٠ خولەک وەرزشێکی مامناوەند بکات.
  • پشکنینی ڕۆژانەی پێیەکان بۆ زانینی برین و هەوکردن و شۆردنیان بە سابوون و ئاوی شلەتێن و پاشان وشکردنەوەیان.
  • بەکارنەهێنانی گۆرەی تەسک و لاستیکی کە ئازاری پێ بدات.
    -نەگەڕان و نەسوڕانەوە بەپێی پەتی.
  • کردنی نینۆکەکان بەشێوەیەکی ڕاستەکەی و زۆر کورت نەکردنەوەیان.
  • قاچ نەکردنە بەر زۆپا و هیتەر و ئامێرە گەرم کەرەوەکانی تر لەوەرزی سەرمادا.
  • وشكکردنەوەی نیوان پەنجەکانی قاچ بە خاولی یان پەڕۆی نەرم لە دوای شۆردنیان.
    -ساڵانە پشکنین بۆ چاو و گورچیلەی بکات لەلای پزیشکی پسپۆڕ.
ھەواڵی زیاتر