ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوت بەرەو بەرزبوونەوە ئاراستەی گۆڕی، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا بەهای خۆی بە رێژەی 9٪ لەدەستدا، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە بگەڕێتەوە ئاستی 80 دۆلار. نرخی زێڕیش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی دیکەی تۆمارکرد.
دابەزینی نرخی نەوت لە ماوەی دوو رۆژی کردنەوەی بازاڕ لە سەرەتای ساڵی 2023 بەو رێژەیە لە 30 ساڵی رابردوودا بێ وێنە بووە.
نرخی نەوتی برێنت بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 59 سەنت بەرزبووەوە و بە 78 دۆلار و 43 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 69 سەنت بەرزبووەوە و بە 73 دۆلار و 53 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان لە دوو رۆژی رابردوودا نرخی نەوتی بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزاند، بەڵام بازرگانان بە هیوای ئەوەی کە خواست بۆ نەوتی خاو لە درێژخایەندا لە ئاستێکی بەرز دەمێنێتەوە، دەستیان بە کڕینی نەوت کردووە بۆ ئەوەی قازانج بکەن. بەشێک لە شرۆڤەکاران دەڵێن، ئەوە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاری ئەمریکا، ژمارەی نەمانی هەلەکانی کارکردن لە مانگی 12 کەمتر بووە لە ئاستی پێشبینییەکان، ئەوەش لەلایەکی دیکەوە بازرگانانی نەوتی نیگەران کردووە کە بەهێزیی بازاڕی کاری ئەمریکا بانکی ناوەندیی ئەمریکا هاندەدات کە بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی کە سستیی ئابووری لێدەکەوێتەوە و خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە.
نرخی زێڕ لە 1860 دۆلار نزیک بووەوە
نرخی زێڕ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوەکانی دوو رۆژی رابردووی خۆی و هەر ئۆنسەیەکی بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە بۆ 1856 دۆلار.
نرخی زێڕ هەروەها لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ مانگی دووی ئەمساڵ بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە بۆ 1861 دۆلار.
ئەمڕۆ پێنجشەممە پێنوێنی دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بە رێژەی 0.1٪ دابەزیوە و ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
برایان لان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای (گۆڵد سیلڤەر سێنتراڵ) لە سینگاپور رایگەیاند، “نرخی زێڕ سەرەتایەکی باشی لە ئەمساڵدا دەستپێکردووە کە هۆکارەکەی بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان دەگەڕێتەوە.”
بڕیارە رۆژی هەینی ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا بڵاوبکرێنەوە کە بە ئەگەری زۆرەوە کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ و دۆلار دادەنێت.
باریان لان لەو بارەیەوە دەڵێت، “ئەگەر ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا ئەوە پێشان بدەن کە بڕیارەکانی بانکی ناوەندی کە پێشتر لەسەر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دراون بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازاڕی کاری ئەمریکا خاوبێتەوە، ئەوا لە قازانجی زێڕ دەشکێتەوە و بە ئەگەری زۆرەوە نرخی زێڕ بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە.”