چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

کونسولی ئەمەریکا لە هەولێر: لێرە دەمێنینەوە و پابەندین بە هەرێمی کوردستان

ئیرڤن هیكس، کونسولی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، دووپاتیکردەوە ئەمساڵیش سەردانی بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی بۆ کوردستان بەردەوام دەبێت و گوتی: هاتنی بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا بۆ کوردستان و بنیاتنانی گەورەترین کۆنسولخانەی وڵاتەکەمان، بەڵگەی ئەوەیە کە ئێمە لێرە دەمێنینەوە و بە هەرێمی کوردستانەوە پابەند دەبین.

کونسولی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 4ـی کانوونی دووەم) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لەگەڵ ئاماژەدان بە رێککەوتنی نێوان وڵاتەکەی و وەزارەتی پێشمەرگە، رایگەیاند، “دەمانەوێت پێشمەرگە لەسەر پێی خۆی بوەستێت و رووبەڕووی هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش ببێتەوە. ئەگەر هەڕەشەکانی داعش کۆتایی پێبێت، ئەو خەڵکەی ئاوارەبوونە بەدڵنیاییەوە دەتوانن بۆ زێدەی خۆیان بگەڕێنەوە.

هەروەها گوتی: ئێمە پێشوازی لە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ تیمی سەربازی خۆمان دەکەین، بۆ ئەوەی هەڕەشەکانی داعش دووبارە نەبێتەوە و لە پاراستنی هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە دڵنیابین.

ئیرڤن هیكس، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و واشنتن گوتی، “ساڵی رابردوو چەندین بەرپرسی باڵای ئەمەریکا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و ئەمساڵیش ئەو سەردانانە بەردەوام دەبن. ئەو پەیوەندی و تێکەوڵاوییەی ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیەتی، لە ئاستی بەرزی وەزارەتەکان و کۆنگرێسمان دایە.