عێراق لەبەردەم چارەنووسێکی نادیاردایە

قووڵبوونەوەی ناکۆکی وململانێیەکانی ناو ماڵی شیعە وایکردووە گومان بخرێتە سەر پڕۆسەی پێکهاتنی حکوومەتی داهاتووی عێراق و دواخرانی پێکهێنانی حکوومەتەکە. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە لە پێش هەڵبژاردنەوە دوایین خولی هەڵوەشاوەتەوە، باس لەوە دەکات عێراق لەبەردەم چارەنووسێکی نادیاردایە.

بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ میدیاکان هۆشداریی دا، لەوەی عێراق بەرەو داهاتوویەکی نادیار دەڕوات و، هیوای خواست لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەرچی زووە کێشەکانیان چارەسەر بکەن، کوردیش بەیەکدەنگ و هەڵوێست بچێتە ناو دامودەزگاکانی پێکهێنانی حکوومەتی عێراقەوە، ئەگەرنا زیانێکی زۆر بەردەکەوێت و لەوانەیە ئەو دەستکەوتانەش لەدست بدات کە دەستەبەری کردوون.
پێویستە بگوترێت لە دوای ١٠ تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە کە خولی پێنجەنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێرق بەڕێوە چوو و پاشان ئەنجامەکان راگەیەنرا، عێراق تووشی دۆخێکی نوێ بووە و خۆپێشاندان و توندوتیژی و ململانێ سیاسییەکان بە تایبەت لە نێو ماڵی شیعە زۆر پەرەی سەندووەو خەڵک کە چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد دۆخەکە باشتر بێت و خێرا پەرلەمان و حکوومەتێکی نوێ بێتە کایەوە، کەچی دۆخەکە خراپتر بووە و پێشبینی دەکرێ دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی عێراق زۆر دوا بکەوێت.
دکتور بەشیر حەداد پێی وایە ئەم جارە پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق زۆر زەحمەت دەبێت. چونکە ئاستەمە هەریەک لە لایەنەکانی شیعە بە تەنیا هەوڵ بۆ پێکهێنانی حکوومەت بدات، ئەو روونی کردەوە نە سەدر و نە تەنسیق ناتوانن بە تەنیا حکوومەت پێک بهێنن و حکوومەتی عێراقیش وەک ئاشکرایە دەبێت بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی کورد و سوننە پێک بهێنرێت.
لەبارەی بەشداریی کورد لە حکوومەتی عێراق حەداد پێی وایە دەبێ کورد بەیەکگرتوویی و بەیەکدەنگی بەشداری بکات و مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات. ئەوەی ئێستا هەندێک لایەنی سیاسیی دەیکەن بۆ هاوپەیمانێتی نییە بەڵکوو بۆ لێکتێگەیشتنە و هەر کاتێک کار گەیشتە ئەوەی کار لەسەر پێکهێنانی حکوومەت بکرێ ئەوە دەخوازێ کورد یەکدەنگ و هاوهەڵوێست بێ. پێشی وایە ئەگەر کورد بەیەکڕیزی نەچێت نەک مافەکان بەدەست ناهێنیت ئەوەی بەدەستیشی هێناوە لەوانەیە لەدەست بچێت.
دیاریکردنی فراکسیۆنی گەورە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی و دەستوور دیاری کراوە، ئینتخابییان نیابی دەبێ. یەکەمیان بریتییە لەوەی لە هەڵبژاردن لایەنێک زۆرترین کورسی بهێنێت و دوومەیشیان ئەوەیە دوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی نوێ هەر لایەنێک زۆرترین کورسی لە دەوری خۆی کۆ کردەوە و فراکسیۆنی زۆرینەی پێکهێنا، بە دامەزراندنی حکومەت رادەسپێردرێت.
بە بۆچوونی دکتور بەشیر ئەمجارەش لەوانەیە حکوومەت بە تەوافوق و سازان پێکبهێنرێ و دۆخەکە تەحەمولی ئەو ناکۆکییانە ناکات.
یەکێکی تر لەو پرسانەی کە هەندێک جار لە هەرێمی کوردستان نیگەرانیی لێ کەوتۆتەوە پرسی ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکەیە کە مانگانە دەبێ حکوومەتی عێراق رەوانەی بکات. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێداگرە لەوەی ٢٠٠ ملیارەکەیاساییە و لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ دیاری کراوە.
لە کۆتایی مانگی ئاداری ئەمساڵدا پەرلەمانی عێراق بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی پەسند کرد، بەپێی ماددەی ١١ییاسای بودجە، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە ٤٦٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە کێڵگەکانی خۆی بەرهەم بهێنێت، دوای گلدانەوەی تێچووی دەرهێنان، گواستنەوە و بڕی پێویست بۆ بەکارهێنانی نێوخۆ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت رۆژانە داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی ئەو نەوتە بە نرخی کۆمپانیای سۆمۆ رادەستی حکوومەتی عێراق بکات، هاوکات دەبێت هەرێمی کوردستان نیوەی داهاتی ناوخۆرادەستی بەغدا بکات، لە بەرامبەریشدا حکوومەتی عێراق بەشە بودجەی بۆدەنێرێت، کە مانگانە بە نزیکەییەک تریلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت.
لەبارەی بەردەوامبوونی ناردنی ئەو ٢٠٠ ملیار دینارە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی دا ئەو وردبینییە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەردەوامە تا ئەو وردبینییانە تەواو دەبێت بڕیارەکە ئەوەیە حکوومەتی عێراق مانگانە ٢٠٠ ملیارەکە رەوانە بکات. ئەو باسی ئەو مەترسییەشی کرد کە هەندێک جار بە بڕیاری سیاسی رەوانەکردنەکە وەستاوە و هیوای خواست ئەمە روو نەدات.
پێویستە بگوترێت بەهۆی دواکەوتن لە وردبینیی داهاتی نەوتی و نانەوتی، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەوەش هەرێمی کوردستان توانیی مانگانە بەبێ لێبڕین مووچە دابەش بکات.
لە ئاستی عێراق موقتەدا سەدر ٧٢ کورسی بەدەست هێناوە و براوەییەکەمە لە هەرێمی کوردستانیش پارتی دیموکراتی کوردستان بە ٣٣ کورسییەکەمە، هێشتا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بە فەرمی دەرەنجامی کۆتایی پەسند نەکردووە و دواتریش دەبێ لە لایەن دادگای فیدراڵی پەسند بکرێت و دەست بە رێکارەکانی پێکهێنانی پەرلەمان وحکوومەت بکرێ، لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران کە لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی کورسییەکانیان زۆر کەمی کردووە، لە پشتەوەی خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکانی بەغدان.

ھەواڵی زیاتر