سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان: حکوومەتی ھەرێم سوورە لەسەر ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم

جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، لەم ھەڤپەیڤینەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: دۆخی ناوچە کوردستانییەکان خراپە، رۆژبەرۆژ جموجۆڵی داعش زیاتر دەبێت، پرۆسەی تەعریب بەردەوامە. لەگەڵ کاراکردنەوەی لیژنەی ماددەی١٤٠ ھەوڵێک ھەیە بۆ تێکدانی ڕەوشی ئەو ناوچانە بۆ ئەوەی خەڵک نەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. گوتیشی: ئەگەر ھێزی ھاوبەش لەو ناوچانە بڵاوەیان پێ نەکرێت و دۆخەکە ئاسایی نەکرێتەوە زۆر لەوەی ئێستە ھەیە خراپتر دەبێت، باشترین چارەش جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـە و کۆتایی بە ھەموو کێشەکان دێنێت.

  • بۆچی لە ناوچە کوردستانییەکان جموجۆڵی داعش زیادبووە؟
  • ھۆی زیادبوونی جموجۆڵی داعش لە ناوچە کوردستانییەکاندا بۆ ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە لە نێوان سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگە ھەیە، دەگەڕێتەوە. داعش توانیویەتی خۆی ڕێک بخاتەوە و جارێکی دیکە لە ھەندێک ناوچە ھێرش بکات، لیژنەکەمان بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسە کردووە، وەکو دەرکەوتووە ئەو داعشانەی ھێرش دەکەن، زۆربەیان عەرەبی ھاوردەن. ھەروەھا ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە ھەیە تا ئێستە جێبەجێ نەکراوە، عەرەبی شۆفێنی پێیان باش نییە دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی ببێتەوە، ترسیان لەوە ھەیە ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان، بۆیە ھەموو |ڕێگەیەک دەگرنەبەر و لەبەرگی داعشدا ھێرش دەکەنە سەر ئەو ناوچانە، ئەوەش وای کردووە دۆخی ئەو ناوچانە خراپ بێت.
  • ئەی ماددەی ١٤٠ چی بەسەر دێت؟
  • ئێستا لیژنەی باڵای جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ کارا کراوەتەوە، حکوومەتی عێراقیش لە بەرنامەی کاریدا باسی لە ناوچە کوردستانییەکان کردووە، دەبێت پابەند بێت بەو بەرنامەی کە دایناوە. ئەگەر ئەوە بکرێت دۆخی ناوچە کوردستانییەکان بەرەو باشتر دەچێت و بەرەو ئەوە دەڕوات کە ڕێککەوتن بکرێت لەسەر ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان.
  • بۆچی تا ئێستا ئەو ماددەیە جێبەجێ نەکراوە؟
  • پرسی ناوچە کوردستانییەکان پرسێکی گرنگە لای حکوومەتی ھەرێم، بەجددی لەسەر ئەو بابەتە کار دەکات، کاتێک لیژنەی ماددەی ١٤٠ لە ٢٠٠٥ پێکھێنرا، دەبوایە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ کۆتای بەکارەکانی ھێنابایە. ئەو کات لیژنەیەکی کارا بوو، زۆربەی کارەکانی خۆی جێبەجێ کرد. کارەکانی ئەوە بوو دەبێت قۆناغەکانی ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، عەرەبە ھاوردەکان بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان. دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە. خەڵکی رەسەنی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە. قەرەبووی ئەو خەڵکە بکرێتەوە کە زیانیان بەرکەوتووە و دواتر ڕاپرسی بکرێت. ھەموو ئەوانە قۆناغی باشیان بڕی بوو، بەڵام لە کاتی ھاتنی حکوومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق و ھاتنی ھەندێک کەس بۆ سەر حوکم، جۆرێک لە جۆرەکان ئەو لیژنەیە پەکخرا. ئێستا ئەو لیژنەیە کارا کراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا کارەکانی دەست پێنەکردووە. دەبێت ستافێکی نوێ بۆ لیژنەکە دابنرێت، لە کەسانێکی دوور لە عەقلیەتی شۆفێنی؛ کەسانێک بن بەپێی دەستوور کار بکەن. بۆیە ھەوڵ ھەیە لە ماوەیەکی نزیکدا ستافەکە پێکبھێنرێت و کار لەسەر ماددەکە بکرێت، ئەگەر ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت ھەموو کێشەکان چارە دەبن، ئەگەرنا دۆخەکە بەوشێوەیە بەردەوام بێت زۆر لەوەی ئێستا خراپتر دەبێت، ئەو کاتەش کۆنترۆڵکردنی ئەستەم دەبێت.
  • تا چەند پێویستە ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان ھەرێم و عێراق جێبەجێ بکرێت؟
  • یەکێک لەو ڕێککەوتنانەی نێوان ھەولێر و بەغدا ئەوەیە دەبێت دۆخی ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی بکرێتەوە، بۆیە پێویستە ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان ھەرێم و عێراق جێبەجێ بکرێت، ئەوەی دیکە ڕێککەوتنی شنگالە، بەپێی ڕێککەوتنەکە، سوپا و ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی ھەیە جێگیر دەکرێن بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ڕەوشی ئەو ناوچانە. لە بەرنامەی کاری حکوومەتیشدا ھەیە. ھەروەھا ئەرکی لیژنەی ماددەی ١٤٠ پەلە بکات لە ئاسایکردنەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانە. ھەروەھا ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان ھەرێم و عێراق واژوو کراوە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە. لێرەدا ئەرکەکە دەکەوێتە سەر ئەنجوومەنی نوێنەران، چونکە بەرنامەی کار لەوێ خوێندرایەوە و دەنگی لەسەر درا، ئەوان پێویستە بەدواداچوون بکەن، ئەگەر یەکێک لە خاڵەکان جێبەجێ نەکرا لێپێچینەوە لە حکوومەت بکەن، بەداواداچوون بکەن بۆ ئەوەی کێ ھۆکاری ھاتنی عەرەبی ھاوردەیە بۆ ناوچە کوردستانییەکان. لیژنەی ماددەی ١٤٠ ئەو کەسانە دوور بخاتەوە و بەپێی دستوور کارەکانیان ئەنجام بدەن.
  • وەکو لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان پڕۆژەتان چییە بۆ ئەو ناوچانە؟
  • وەکو لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بەردەوام لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم لە گفتوگۆداین، لەگەڵ شاندی ھەرێم کە دەچێتە بەغدا لەسەر پرسی ئەو ناوچانە گفتوگۆ دەکەین. نووسراومان داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان، ھەتا پێش ئەوەی حکوومەتی عێراق پێکبھێنرێت، داوامان کرد جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ بخرێتە بەرنامەی کارەوە. بەردەوام بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی ناوچە کوردستانییەکان دەکەین ھەر کێشەیەک لەو ناوچانە ھەبێت بەدواداچوونی بۆ دەکەین و ئاراستەی حکوومەتی ھەرێم دەکەین، شاندی دانوستانکاری حکوومەت لەگەڵ بەغدا گفتوگۆی لەسەر دەکەن و ھەوڵ دەدەن کێشەکە چارە بکەن”.