نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ سەرووی 1844 دۆلار بەرزبووەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی زێڕ درێژەی بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی سێشەممەی خۆی دا و هەر ئۆنسەیەکی بە رێژەی 0.3٪ بەرزبووەوە بۆ 1844 دۆلار و 85 سەنت. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ مانگی ئادار بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 1850 دۆلار. هاوکات نرخی نەوت بە جێگیری ماوەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4-1-2023، بەهای دۆلار بە رێژەی 0.2٪ دابەزی و بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ. 

وەبەرهێنەران چاوەڕوانی راگەیێندراوێکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن کە روونکردنەوە دەدات لەسەر بڕیاری بانکەکە لەبارەی ئەو هەنگاوەی کە مانگی 12 هەڵیانگرت و رێژەی سوودی بانکییان بە رێژەی 0.5٪ بەرزکردەوە.

ئەمڕۆ کاژێر 22:00 بە کاتی هەولێر کۆمیتەی بازاڕی ئازادی بانکی ناوەندیی ئەمریکا روونکردنەوەی زیاتر لەسەر هەنگاوەکانی بانکەکە سەبارەت بە سیاسەتی نەختی بڵاودەکاتەوە و پێشبینی دەکرێت نرخی زێڕ کاردانەوەی بەرچاو بەو راگەیێندراوە پێشانبدات.

هارسین ڤی، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (جیوجێت فاینەنشیاڵ سێرڤیس) لەو بارەیەوە رایگەیاند، “بازرگانان بە وریاییەوە چاوەڕێی دەرچوونی راگەیێندراوەکەی بانکی ناوەندی ئەمریکا دەکەن. راگەیێندراوەکە روونکردنەوەی زیاتر لەسەر هەنگاوەکانی بانکی ناوەندی ئاشکرا دەکات و بەوپێیەش کاریگەری لەسەر بەهای دۆلار و نرخی زێڕ دادەنێت.”

هارسین دەڵێت، “نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووری و کێشە جیۆسیاسییەکانی ئێستا بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی خواست لەسەر زێڕ بەرزبێتەوە و نرخەکەی لە 2023 دا بەرزبکاتەوە.”

نرخی نەوت جێگیرە

دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت جێگیر بوو، ئەوەش دوای ئەوەی کە رۆژی سێشەممە دابەزینی گەورەی بەخۆیەوە بینی.

نرخی نەوتی برێنت رۆژی چوارشەممە هاوکات لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا پێنج سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 82 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش دوو سەنت دابەزی و بە 76 دۆلار و 91 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوتی برێنت رۆژی سێشەممە 3 دۆلار و 52 سەنت دابەزینی بەخۆیەوە بینی بوو. بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش سێ دۆلار و 11 سەنت. 

بەو پێیەش نرخی نەوت تەنیا لە رۆژی سێشەممە بە رێژەی زیاتر لە 4٪ دابەزی و گەورەترین دابەزینی رۆژانەی لە ماوەی 3 مانگی رابردوو تۆمارکرد.

نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان و کەمبوونەوەی خواست گوشاری لەسەر نرخەکانی نەوت داناوە.

بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا لە هەفتەی رابردوو 2.2 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە و ئەوەش یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی کە نرخی نەوتی رۆژی سێشەممە دابەزاندووە.

ھەواڵی زیاتر