چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

لەم مانگە دەست بە دامەزراندنی سێ هەزار کەس دەکرێت

گوتەبێژی هێزی پاسەوانیی سنووری یەک لە هەرێمی کوردستان گوتی، بڕیارە لەم مانگە دەست بە دامەزراندنی سێ هەزار پاسەوان بکرێت بۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستان.

کاروان خۆشناو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بڕیار دراوە کە سێ هەزار پاسەوان بۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دامەزرێن، بۆ ئەو مەبەستەش لینکێک ئامادە کراوە بۆ ئەوەی خەڵک لە ڕێگەی ئەو لینکەوە فۆرم پڕ بکەنەوە بۆ دامەزراندن وەکوو پاسەوانی سنووری.”

خۆشناو گوتیشی: ”بڕیارە لەم مانگە وەزارەتی ناوخۆ لینکەکە کارا بکات و خەڵک ئەوکات دەتوانن لەو ڕێگەیەوە داواکاری بۆ دامەزراندن پێشکەش بکەن کە بەپێی کۆمەڵێک ڕێنمایی دەبێت و لە کاتی کارابوونی لینکەکە ڕێنماییەکان دیار دەبن.”