بەهۆی كاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور لەسەر بەشەكانی باشووری عێراق، شەپۆڵێكی بارانبارین روو لە ناوچەکە دەكات و بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە، كاریگەریی ئەم شەپۆڵە درێژدەبیتەوە بۆ سەر بەشێك لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕایگەیاند:”سەرەتا، بارانبارین لەسەر ناوچەكانی باشووری هەرێمی کوردستان دەستپێدەكات پاشان درێژدەبیتەوە بۆ سنووری پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی، لە كاتەكانی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بارانبارین، تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، دەگرێتەوە.”
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن گوتیشی:”بارانبارینەکە بە ئاستی جیاجیا دەبارێت، پاشان دابارین لەماوەی هاتنی كاریگەریی ئەم شەپۆڵە بەشێوەی بارانی مامناوەند دەبێت و هەندێجار لێزمە بارانی پچڕپچڕیشی لەگەڵدا دەبێت، بەڵام بەم رێژەیە نابێت كە كاریگەریی لافاوی هەبێت.”
لەبارەی ئەگەری بەرفربارینەوە، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، گوتی:”لەگەڵ هاتنی ئەم شەپۆڵە، بارستەهەوایەكی سارد ڕوو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەكات و لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان و لووتكەی شاخە بەرزەكان، بەفر دەبارێت.”
بەپێی پێشبینییەکانیش، پلەکانی گەرما لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، نزمدەبنەوە و چاوەڕواندەکرێت رۆژی پێنجشەممە، كاریگەریی شەپۆلەکە كۆتاییدێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣