هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

باخچه‌ی منداڵان ئاوێنه‌ی په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌


په‌یمان عوسمان ته‌ها
قۆناغی باخچه‌ی منداڵان به‌ هه‌ستیارترین هه‌نگاوه‌كانی سه‌ره‌تایی و به‌گرنگترین بنه‌مای بنیاتنانی په‌روه‌رده‌ی منداڵ داده‌نرێ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ماڵدا، چونكه‌ له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ته‌مه‌نیدا پێشتر ته‌نها له‌ ژینگه‌یه‌كدا خۆی دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ست بووه‌ به‌ دایك و باوك و ئه‌و خێزانه‌ی تێیدا نه‌شو و نمای كردووه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌نگاوه‌كانی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی جوگرافیای ماڵیشی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ كه‌سی یه‌كه‌می خێزان بووه‌، واته‌ هه‌میشه‌ له‌چوار ساڵی ته‌مه‌نیدا په‌یوه‌ندیه‌كی تۆكمه‌ و توندو تۆڵ و پته‌و و به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ماڵه‌وه‌ هه‌بووه‌، وه‌لێ له‌ قۆناغی باخچه‌ی منداڵاندا ئه‌و بابه‌ته‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان گۆڕانكاری به‌سه‌ر دادێ و پێ ده‌نێته‌ قۆناغی دیكه‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له‌باخچه‌دا هیچ ئه‌ندامێكی ماڵه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا نییه‌، به‌ڵكو هاوڕێ و كه‌سی دیكه‌ له‌و ته‌مه‌نه‌ و له‌و قۆناغه‌ ده‌ناسێ، هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێك له‌ كێشه‌و له‌مپه‌ڕه‌كان بریتییه‌ له‌ئاشنابوونی سه‌ره‌تایی منداڵ به‌ باخچه‌ی منداڵان و كه‌شوهه‌وای گریان و دواكه‌وتن و نه‌هاتن و بیركردنه‌وه‌ی بۆ ماڵه‌وه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ گرفتی سه‌ره‌كی زۆربه‌ی زۆری باخچه‌كانه‌، جا ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه‌ ئاماژه‌ی پێ بده‌م ئاوێنه‌ی په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌ ده‌رهه‌ق به‌ دروستكردنی كه‌سایه‌تی و بنیاتنانی دواڕۆژی ئه‌و منداڵه‌.
وه‌ك ده‌وترێ ناوه‌نده‌كانی خوێندن (قوتابخانه‌) ماڵی دووه‌می قوتابیه‌، باخچه‌ی منداڵانیش هه‌ر به‌و ماڵه‌ پێناسه‌ ده‌كرێ و زۆر جار به‌ماڵی یه‌كه‌میشی داده‌نێن ئه‌ویش به‌هۆی په‌یوه‌ندی نزیكی و تێكه‌ڵاوی و هاوسۆزی مامۆستا و به‌ڕێوه‌به‌ر و فه‌رمانبه‌رانی باخچه‌كانی منداڵان به‌رامبه‌ر به‌هه‌ست و سۆزی منداڵ له‌ڕوووی په‌روه‌رده‌كردن و یارمه‌تیدانی كه‌سایه‌تی و ڕه‌خساندنی كه‌شوهه‌وایه‌كی له‌بارو ته‌ندروست بۆ خودی منداڵه‌كه‌، چونكه‌ له‌و ماوه‌یه‌ی منداڵ ده‌نێردرێته‌ باخچه‌، ئه‌وه‌ له‌و سه‌نته‌ره‌دا (باخچه‌) ئه‌مانه‌تیان له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێ، هه‌ر بۆیه‌ كه‌ باس له‌و ئاوێنه‌یه‌ ده‌كه‌ین بێگومان ده‌بێ هه‌ر به‌ڕاستی ڕه‌نگدانه‌وه‌و ئاوێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی دروستكردنی په‌روه‌رده‌یه‌كی باش و جوانی منداڵ بێت له‌ڕووی هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتارو لاسایی و گفتوگۆوه‌، بۆیه‌ ده‌توانین ئه‌و پرسیاره‌ له‌خۆمان بكه‌ین ئاخۆ: ئه‌ركی ئێمه‌ی په‌روه‌رده‌كار له‌و ئاوێنه‌یه‌ چییه‌؟ چۆن وابكه‌ین ئه‌و ئاوێنه‌یه‌ بۆ منداڵان به‌ڕوون و پاك و جوانی خۆیانی تێدا بدۆزنه‌وه‌؟
هه‌ڵبه‌ته‌ پێویسته‌ بزانین ئێمه‌ خودی خۆمان ئاوێنه‌كه‌ین، هه‌ڵس و كه‌وت و په‌یاممان ئاوێنه‌كه‌یه‌و تێگه‌یشتن و گه‌یاندنی په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروست كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر هه‌وێنی دروستكردنی منداڵ په‌یدا ده‌كات به‌تایبه‌ت ئه‌و ده‌مانه‌ی باوه‌شی گه‌رمی به‌ڕێوه‌به‌رو مامۆستایان بۆ منداڵ كاریگه‌ریه‌كی سایكۆلۆژی ئه‌رێنی له‌مه‌ڕ خۆشویستن و بایه‌خ پێدانی منداڵ به‌جێ دێڵێ به‌تایبه‌ت قسه‌و وتوێژی شیرین و پاداشتكردن ئه‌گه‌ر به‌ دیارییه‌كی بچووكیش بێت ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین هانده‌ره‌ بۆ خودی ئه‌و منداڵه‌و خودی خێزانه‌كه‌یشی كه‌ شانازی به‌مناڵه‌كه‌یانه‌وه‌ بكه‌ن و رێزوخۆشه‌ویستیان بۆ كارمه‌ندانی ئه‌و باخچه‌یه‌ هه‌بێت، بۆیه‌ هه‌موو ئه‌و تابلۆیانه‌ ئه‌و ئاوێنه‌یه‌ ڕه‌نگڕێژ ده‌كه‌ن كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌داهاتووی قۆناغه‌كانی هه‌بێت، چونكه‌ منداڵ هێشتا له‌خۆی و ژینگه‌ی خۆی تێناگات، به‌ڵام له‌ ده‌سپێك و هاتنی بۆ باخچه‌ ئه‌وجا درك به‌شته‌كان ده‌كات و له‌خۆی و ژینگه‌و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی تێ ده‌گات و هه‌ر له‌و ئاوێنه‌وه‌ منداڵ ده‌توانێ كات و سیسته‌می ژیانی رێك بخات به‌هۆی هاتنی بۆ ئه‌و ماڵه‌ی پێی ده‌وترێ ماڵی دووه‌می منداڵ، به‌مه‌یش ئاڕاسته‌كانی به‌ره‌و باشتر ده‌گۆڕێ كه‌ جگه‌ له‌و ژینگه‌ی تێیدا گوزه‌ری كردووه‌ كه‌ ماڵه‌، ئه‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵ و ماڵی دووه‌میدا ببێته‌ كه‌سێكی به‌سوودو بنیاتنه‌ری باش و چاك كه‌ به‌په‌یژه‌كانی دیكه‌ی قۆناغه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان هه‌نگاو هه‌ڵبگرێ ئه‌وه‌ش كلیل و سه‌ره‌تای ئه‌و به‌رپرسێتیه‌یه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی په‌روه‌ره‌كاران به‌تایبه‌ت په‌روه‌رده‌كارانی باخچه‌ی منداڵان.

  • به‌ڕێوه‌به‌ری باخچه‌ی منداڵانی رێسا