بە مەبەستی خێراكردنی پرۆسەی بەدەنگەوەهاتنی داخوازیی هاووڵاتییان و گەیاندنی گلەیی و گازاندەكانیان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دوو هێڵی گەرمی پەیوەندیی تەرخان كردووە.
هەژار حەكیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە سەرچاوەیەکی ڕاگەیاند: ”بە مەبەستی خێراكردنی پرۆسەی بەدەنگەوەهاتنی داخوازیی هاووڵاتییان و گەیاندنی گلەیی و گازاندەكانیان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ڕێگای دوو هێڵی گەرمی پەیوەندییەوە لە كاتژمێر 9ی بەیانی تا 9ی ئێوارە بۆ وەرگرتنی داواكاریی خەڵكی سۆران تەرخان كردووە، كە بە شیوەیەكی شارستانی دەقی داواكارییەكان تۆمار دەكرێت، لێكۆڵینەوە و پلانی گونجاوی بۆ دادەنرێت، دواجاریش لە چوارچێوەی توانا و دەسەڵاتی دامەزراوە ئیدارییەكاندا دەخرێتە بەرنامەی كار و بەرنامەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران”.
گوتیشی: ”داوا لە هاووڵاتییان دەكەین بۆ ئەوەی داواكارییەكانیان لەبەرچاو بێت و ڕێچكەی تەندروستی خۆی وەربگرێت و پشتگوێ نەخرێت، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە بكەن، كە بڵاومان كردوونەتەوە، ئەگەر پێویستی كرد ڕاستەوخۆ داواكارییەكان دەگاتە سەرپەرشتیاری ئیدارە و خۆی بەدواداچوونی بۆ دەكات.”