پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

نرخی نەوت دابەزی و زێڕ بەرزبووەوە

ئەمڕۆ سێشەممە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان لە ساڵی نوێدا، نرخی نەوت بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و لێدوانەکانی رۆژی رابردووی بەڕێوەبەری سندووقی نێودەوڵەتیی دراو دابەزی.

نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 98 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 84 دۆلار و 93 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 77 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 79 دۆلار و 49 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

کریستالینا جۆرجێڤا، بەڕێوەبەری سندووقی نێودەوڵەتیی دراو رایگەیاند، ساڵی 2023 ئابووریی ئەمریکا، ئەوروپا و چین رووبەڕووی سستبوونەوە دەبێتەوە. بازرگانانی نەوت پێیانوایە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جۆرجێڤا رایگەیاندبوو کە 2023 ساڵێکی ‘سەخت’ دەبێت بەراورد بە ساڵی 2022.

لەلایەکی دیکەوە پێنوێنی دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە دراوە سەرەکییەکانی دیکە بەرزبووەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی کاڵاکان.

نرخی زێڕ بە رێژەی 1٪ بەرزبووەوە 

نرخی زێڕ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا کە دەبێتە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان لە ساڵی 2023 دا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.8٪ و بۆ 1839 دۆلار بەرزبووەوە.

نرخی هەر ئۆنسە زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 2 دا بە رێژەی 1٪ بەرزبووەوە بۆ 1843 دۆلار.

مات سیمپسۆن، شرۆڤەکاری سیتی بانک لەبارەی نرخی زێڕەوە دەڵێت، “بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ ئەگەری لاوازە کە بەم خێراییە بەردەوام بێت لەبەرئەوەی بازرگانانی زێڕ بە هەستیارییەوە دەڕواننە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە رایگەیاندبوو بەردەوام دەبن لە تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختی.”

بە پێچەوانەی مات سیمپسۆن، بەشێک لە شرۆڤەکاران پێشبینیدەکەن نرخی زێڕ لەمساڵدا زۆر بەرزبێتەوە.

یورگ کەینەر، سەرۆکی بەشی وەبەرهێنان سەر بە بانکی (سویس ئاسیا کاپیتاڵ) پێیوایە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەرزبێتەوە بۆ 4000 هەزار دۆلار.

یەکێک لەو هۆکارانەی کە ئەگەری هەیە نرخی زێڕ زۆر بەرزبکاتەوە، ئەو نیگەرانییە کە سەریهەڵداوە لەسەر سستبوونەوەی ئابووریی یجیهان. ئەگەر سستیی ئابووری لە جیهاندا سەرهەڵبدات، بازرگانان دوور دەکەونەوە لە کڕینی پشکەکان لە بازاڕەکانی بۆرسە و روو لە کڕینی زێڕ دەکەن. یورگ کەینەر دەڵێت: لە 2023 دا نرخی زێڕ دەگاتە دوو هەزار و 500 تاوەکو چوار هەزار دۆلار.