بەهۆی ئەوەی منداڵێكی شەش ساڵان، بەبێ ئیرادەی خۆی و لەسەر دەستی گروپی ئایینی (ئیسماعیل ئاغا) لە توركیا بەشوو دراوە، داوا دەكرێت، دەریا یانك، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی توركیا دەست لەكار بكێشێتەوە.
هەفتەی رابردوو، میدیاكانی توركیا ئاشكرایان كرد، ئایینگروپی (ئیسماعیل ئاغا) لە توركیا، منداڵێكی شەش ساڵانیان بە دەستووری ئایینی مارە بڕیوە، دوای ئەوەش لاقە کراوە (دەستدرێژی سێكسیی كراوەتە سەر)؛ ئەم هەواڵە توركیای نیگەران كرد و لە هەموو لایەكەوە پڕۆتستۆی ئەو رووداوە دەكەن و لە هەمان كاتدا داوا دەكەن، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەست لەكار بكێشێتەوە.
فیدراسیۆنی كۆمەڵەكانی ئافرەتان لە توركیا، بە فەرمی داوای دەستلەكاركێشانەوەی دەریا یانك دەكەن و دەڵێن بە بەرپرسیاریەتیی خۆی هەڵنەستاوە.
فیدراسیۆنی ناوبراو، لە بەیاننامەیەكدا دەڵێن، بەشوودانی منداڵێكی شەش ساڵان و پاشان لاقەکردنی، دەبوایە ئاسمان و زەوینی بڕووخاندبا و ئەوانەشی ئەو كارەیان كردووە دەبایە سزا بدرێن.
لە بەیاننامەكەدا داوا دەكەن، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەست لەكار بكێشێتەوە، چونكە ماوەیەكی زۆرە ئەو رووداوە رووی داوە و چۆن دەبێت وەكو وەزارەت ئاگاداری نەبن و پاشان چۆن دەبێت تاوەكو ئێستا هیچ هەڵوێستێكی كرداری دژی بكەرەكان نەبووبێت.
لە پەرلەمانی توركیاش دەنگی ناڕەازیی بەرز بووەتەوە و داوا دەكەن بە پەلە وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی خۆی پایدۆس بکا و دەست لەكار بكێشێتەوە.
مەراڵ دانش، سەرۆكی فراكسیۆنی هەدەپە دەڵێت: ”لە 2020ـەوە ئەو رووداوە رووی داوە، ئەوەی كارەساتە، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەڵێن، ئێمە نهێنی ئەو منداڵە چەوسێنراوەمان شاردەوە، بۆیە داوا دەكەین بە پەلە وەزیر خۆی پایدۆس بکا.“
لە پەرلەمانی توركیا، وێنەی ئەو منداڵە شەش ساڵانەی وا بەشوو دراوە بە دەستی پەرلەمانتارانەوە بوو و لەدژی سلێمان سۆیلوو، وەزیری ناوەخۆ بەرزیان كردەوە و گوتیان چەند ساڵە تۆ لە كوێیت كە دایك و باوكی ئەو منداڵە بە ئازادی دەسووڕێنەوە و گرەنتی چییە دەیان منداڵی تر لە توركیا بەو شێوەیە بەشوو نەدرابێتن؟
دەریا یانك، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی توركیا، دەڵێت چاوەڕێ مەكەن ئێمە لە خۆمانەوە هەنگاوی یاسایی بنێین، چونكە ئەوە كاری یاسایە و وەزارەتیش دۆسیەكە چاودێری دەكات.
توركیا، لاقەکردنی منداڵی زۆر زۆر لێ هەیە؛ رۆژانە لە میدیاكاندا هەواڵی لەو شێوەیە دەبیسترێت، بەڵام بەشوودانی منداڵ لە تەمەنی شەش ساڵاندا لە توركیا، بابەتێكە تازەیە و پێشتر رووداوی لەو شێوەیە رووی نەداوە.
گروپی ئایینی (ئیسماعیل ئاغا)، وەقفێكی تایبەت بە خۆیان هەیە بە ناوی (خەیرانوور) كە هەزاران شوێنكەوتەیان هەیە. چەند جارێكیش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا سەردانی (ئیسماعیل ئاغا)ی كردووە و سپاسیانی كردووە كە توانیویەتی ئایین بەجوانی پەیڕەو بكات و سوودی بە كۆمەڵگە گەیاندووە.
رووداوی بەشوودانی منداڵێكی شەش ساڵان، ساڵی 2020 رووی داوە، بەڵام بابەتە شاردراوەتەوە و هیچ لایەنێك پێی نەزانیوە، كاتێك میدیا ئاشكرای كرد، بابەتەكە بووە رۆژەڤ و لە هەموو لایەكەوە دژایەتیی ئەو لایەنە كرا كە هەڵساوە منداڵێكی شەش ساڵانی مارەبڕ کردووە و، لاقە کراوە.