كوردستان و گۆڕانی کولتووری

دانـا شوانی – هه‌ولێر

ئێمه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی كۆمه‌ڵناسیدا دەتوانین کولتوور وەک کۆمەڵێک تایبەتمەندی

ئەندامانی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو پێناسە بكه‌ین؛ کە ناواخنه‌كه‌ی بیروباوەڕی نەریتی و بەتایبەتی بەهاکانی پەیوەست پێیه‌وه‌ لەخۆ دەگرێت. یان ده‌توانین بڵێین کولتوور بریتییە لە کۆمەڵە دەستکەوتێكی ماددی و ناماددیی مرۆڤ لە ماوەی ژیانی کۆمەڵایەتیدا له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیاریكراو.

توێژینه‌وه‌ كۆمه‌ڵناسییه‌كان ئه‌وه‌ دەردەخەن کە لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤدا، هیچ گەل و نەتەوەیەک نەدۆزراوەتەوە، کە کولتوورەکەیان بە جێگیری و سەقامگیری مابوبێته‌وه‌؛ بەڵکو کولتوورەکەیان گۆڕاوە، هەرچەندە پرۆسەی گۆڕانکاری لە نێو نەتەوە و گروپەکاندا یەکسان و هاوشێوه‌ نییە و خاڵی بەهێز و لاوازیشی هەیە. لەو ژیانە بنچینەیی و سادەیەدا کە مرۆڤ به‌درێژایی مێژوو هەیبووە، ڕەوتی گۆڕانکاری لە کولتووردا زۆر خاو و هێواش بووه‌؛ چونکە هیچ بوارێکی گۆڕانکاری خێرا بوونی نەبووە. لە سەدەی هەژدە و نۆزدەدا، دوای بە پیشەسازیبوونی کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوا، گۆڕانکارییه‌كی زۆر لە جیهاندا ڕوویدا؛ یەکێک لەوانە دەستڕاگەیشتن بە ئامرازەکانی پەیوەندییە بەکۆمەڵەکان بوو. ئامرازەکانی پەیوەندییە جەماوەرییەکان، بواری ئاڵوگۆڕی کولتووری نێوان کۆمەڵگاکانی ئاسانتر کرد. تەکنەلۆژیای مۆدێرن، کولتووری تایبەتی خۆی داهێنا؛ کە بە شێوەیەکی بەرفراوان هاتۆتە ناو وڵاتانی دواکەوتوو و گۆڕانکاری کولتووری زۆر لە نێو تاکەکان و گروپە کۆمەڵایەتییەکان هێنایه‌ كایه‌وه‌.
ده‌توانین بڵێین گۆڕانی کولتووری پشت بە هۆکاری جۆراوجۆر ده‌بەستێت؛ كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین لێره‌دا هەندێکیان لەبەرچاو بگرین و باسیان بكه‌ین:

یه‌كه‌م/ بڵاوبوونەوە (Diffusion)
بڵاوبوونەوە هۆکارێکە کە لە کولتوورێکەوە بۆ کولتوورێکی دیکە دەگوازرێتەوە، ئه‌ویش بە پشتبەستن بە هاتنە پێشه‌وه‌ی هۆكارێكی دیاریكراو. لە ڕابردوودا خێرایی گۆڕانکارییه‌كان زۆر نه‌بوو؛ بەڵام ئەمڕۆ وا نییە و پرۆسەی گۆڕانکارییەکان زۆر خێران. بە تێکڕا هەر پێنج ساڵ جارێک گۆڕانکاری لە زانست و مه‌عریفه‌دا دێته‌كایه‌وه‌؛ هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ناتوانرێت لەگەڵ پرۆسه‌ گشتییه‌كان به‌ته‌واوه‌تی خۆمان بگونجێنین.

دووه‌م/ دانیشتووان (population)
زیادبوون یان کەمبوونەوەی خێرای ژمارەی دانیشتوانی کۆمەڵگایەک، بەهۆی ڕووداوەکانی وەک زریان، بوومەلەرزە، لافاو، شەڕ و هتد، دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی کولتووری لەو کۆمەڵگایەدا و ده‌توانرێ بە ئاسانی ئه‌و گۆڕانكارییه‌ش ببینرێت.

سێیه‌م/ کۆچ (Immigration)
کۆچکردنی گروپێك بۆ شوێنی نوێ و گۆڕانکاری لە ژینگەی جوگرافی و هتد، دەبێتە هۆی ئەوەی کەمتر بكه‌ونه‌ ژێر کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتییه‌وه‌؛ بۆیە لادان و تاوان لە نێو ئەم گرووپانه‌دا زیاترە، لەبەرئەوەی زیاتر فشاری بەکۆمەڵ لە شارەکەیاندا لەسەریانە؛ بەڵام لە شاری مەبەستدا، کۆنترۆڵی گشتی کەمتر کاریگەرە و لە کۆنترۆڵی گشتییش ناترسن. کۆچبەران زیاتر تووشی تاوان و لادان دەبن، لەبەرئەوەی بەزۆری تەنها لە پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان دەترسن، ئه‌مه‌ش گۆڕانکاریی کولتووریی له‌ نێویاندا لێ دەکەوێتەوە.

چواره‌م/ سیسته‌مه‌ سیاسییەکان (Political systems)
گۆڕانی ڕژێمە سیاسییەکان یان هاتنە سەر دەسەڵاتی گرووپێكی سیاسیی تازه‌، دەتوانێت زۆر کاریگەر بێت لە گۆڕانی کولتوورییدا؛ چونکە سەرکردە سیاسییەکان بەزۆری هەندێک ئایدۆلۆژیایان هەیە کە دەیانەوێت لە کۆمەڵگادا بەدامەزراوەیی بکەن و بەم شێوەیەش دەتوانن به‌ ئامانجەکانیان بگەن.

پێنجه‌م/ شۆکی کولتووری(Cultural shock)
ئەم دیاردەیە کاتێک ڕوودەدات کە تاكه‌كان هەست به‌ نایەکسانییەک بكه‌ن لە ژینگەی ژیانیاندا کە پێی دەوترێت شۆکی کولتووری. تا مەودای نێوان ئەو کولتوورەی مرۆڤ تێیدا دەژی و ئەو کولتوورەی کە تازە چووەتە ناوەوە بچووکتر بێت، شۆکەکە کەمتر دەبێتەوە و بە پێچەوانەشەوە هه‌ر ڕاسته‌.

شه‌شه‌م/ به‌کولتوورییبوون(Acculturation)
کولتوور بەرهەمی ژیانی کۆمەڵایەتییە. لە سەرهەڵدانی کولتووردا جۆرێک لە خوڵقاندنی بەکۆمەڵ هەیە. ئەگەر دیاردەیەک بەکۆمەڵ قبوڵ نەکرێت، کولتوور دروست نابێت. پرۆسەی گواستنەوەی کولتوور لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی دیکە پێی دەوترێت “به‌كۆمه‌ڵایه‌تییبوون یان به‌كولتوورییبوون”؛ بەزۆری کولتوورەکان پەیوەندی و دۆخی ڕاکێشان و ڕەتکردنەوەیان هەیە. ئەگەر دوو کولتوور بە شێوەیەک بن کە هاوسەنگی لە نێوانیاندا هەبێت، ئەوا کارلێکی کولتووری لە نێوانیاندا هەیە؛ بەڵام هەندێکجار کولتوورێک بە هۆی خاوەندارێتیی میدیای گشتییه‌وه‌، کولتوورەکانی دیکە ده‌خاته‌ ژێر هه‌ژموونی خۆیه‌وه‌ و لەناویان دەبات.

حه‌وته‌م/ تەکنەلۆژیا (Technology)
بەپێی تیۆری لویس هێنری مۆرگان، یەکێک لەو هۆکارانەی کە کاریگەر بووە لە گۆڕانکارییە کولتوورییەکان، تەکنەلۆژیایە، کە ئەو بەم شێوەیە دابەشی کردووە:

  • قۆناغی دڕندەیی كه‌ بریتییە لە سەرهەڵدانی زمان، ئامرازی به‌رگری و شه‌ڕ، ڕم، تیر و كه‌وان.
  • قۆناغی بەربەرییەت لە دۆزینەوە و ماڵیکردنی ئاژەڵ و دۆزینەوەی کانزاکانەوە ده‌ست پێ ده‌كات.
    -قۆناغی شارستانیەت لە دروستبوونی نووسین، داهێنانی قیبله‌نما، باروت، کاغەز، چاپکردن، هێزی هەڵم و کارەبا؛ دەکرێ بڵێین بە درێژایی مێژووی داهێنانی تەکنەلۆژی، هێزێکی بزوێنەر بوون بۆ گۆڕانکاریی كولتووری، بۆ نموونە گۆڕانکاری لە تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی و هتد.

هه‌شته‌م/ هۆکارە ئابوورییەکان(Economic Factors)
مارکس پێیوایە شێوازی ژیانی مرۆڤەکان ده‌رخه‌ری دامەزراوە یاسایی و ئایینی و خزمایەتی و پەروەردەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانه‌ كه‌ پێیده‌وترێت ژێرخانی ئابووریی. كۆمه‌ڵناسه‌كان پێیانوایە هۆکارە ئابوورییەکان کاریگەرییان لەسەر هەندێک قۆناغی ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووری هەیە، لەوانە:

  • دابەشکردنی کار: دابەشکردنی کار لە بواری ئیشكردندا بەتایبەتی دامەزراندنی چینی مامناوەند، ڕێزی تاک زیاد دەکات و له‌ هه‌مان كاتیش دەبێتە هۆی نایەکسانی.
  • جگه له گۆڕانکارییه‌کانی دابه‌شکردنی کار و توێژه‌كانی خه‌ڵک، هۆكاره‌ ئابوورییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی واقعی ده‌توانن ببنه‌ مایه‌ی هێنانه‌كایه‌وه‌ی‌ بازاڕ و پیشه‌سازی و ده‌رفه‌ته‌كانی کاركردن یان ده‌ستوه‌ردان له ژینگه‌ی سروشتییدا بكه‌ن و له ناویان به‌رن.
    وێڕای ئه‌وه‌ش، سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵی داهێنان لە گۆڕانی کولتوورییدا ده‌توانین بڵێین كه‌ داهێنان یان داهێنانی هۆشیارانە لەسەر بنەمای پێداویستییەکان، ڕۆڵێکی جەوهەری لە گۆڕانی کولتوورییدا دەگێڕێت. داهێنان لەسەر گۆڕینی کولتووری کاریگەرە ئەگەر:

یه‌ك/ زۆرترین قبوڵکردنی هه‌بێت؛ داهێنان دەتوانێت لە گۆڕینی کولتووردا کاریگەر بێت کاتێک زۆرترین کەسی کۆمەڵگایەک ڕۆڵیان لە داهێنان و قبوڵکردنی دیاردە سەرهەڵداوەکاندا هەبێت؛ بێگومان ئەم پاڵنەرە زیاتر دەروونییە؛ چونکە مرۆڤەکان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی فره‌خواز و پاشخانی بیركردنه‌وه‌ی جیاوازییان هه‌یه‌.

دوو/ قبووڵکردنی کۆمەڵایەتی و گشتی؛ ئەو داهێنانانەی کە چینێک یان گرووپێکی دیاریکراو لە کۆمەڵگادا پێشکەشی دەکەن، دەبنە هۆی هاتنه‌كایه‌وه‌ی‌ گۆڕانی کولتووری به‌تایبه‌ت ئەگەر قبوڵکردنی کۆمەڵایەتی و گشتییان هەبێت؛ بەڵام هاوڕێ و ناسیاوەکانی کەسانی داهێنەر بەشدارییەکی زیاتریان هەیە لە قبوڵکردنی هۆكاری نوێدا، چونکە بەزۆری لە قۆناغی یەکەمدا ئەم کەسانە دەتوانن ڕۆڵ لە قبوڵکردن و ڕەتکردنەوەی دیاردە سەرهەڵداوەکان بگێڕن. قبوڵکردنی هاوڕێیان بە هەڵوێست و بیرکردنەوەکانییانه‌وه‌ بەندە؛ ئەگەر بیرێکی کراوەیان هەبێت، زۆر بە خێرایی هۆکارە سەرهەڵداوەکان قبوڵ دەکەن، بەڵام ئەگەر کەسانێک بن کە لە ژینگەیەکی داخراودا گەورە بووبن، ئەوا بە ئاسانی دیاردەی نوێ په‌سه‌ند ناکەن. له‌ڕاستیدا ئەم تایبەتمەندییە، کۆمەڵگاش دەگرێتەوە.

سێ/ ڕەتکردنەوەی توخمە کولتوورییە هەبووەکان؛ شتێكی سروشتییه‌ ئەگەر دیاردەی کولتووریی نوێ په‌سه‌ند بکرێت، توخمە کولتوورییە هەبووەکان ڕەت دەکرێنەوە و لەبیر دەکرێن و توخمە نوێیەکان جێگەیان ده‌گرنەوە؛ بێگومان په‌راوێزخستنی توخمە کولتوورییەکان بە ئاسانی ڕوونادات؛ بەڵکو دەبێتە هۆی ناکۆکی و ركابه‌ری. بۆیه‌ ئەم ركابه‌ری و ململانێیانە لە کۆمەڵگا هه‌مه‌چه‌شنه‌كاندا له‌ یه‌كتر جیاوازن.

چوار/ به‌رخۆری کولتووری؛ گۆڕانکاری لە کولتووری بەرهەمهێنانەوە بۆ به‌رخۆری و بەکاربەری؛ یەکێکە لەو ئامانجانەی کە سەرمایەدارەکان لە جیهانی سێیەمدا بەدوایدا دەگەڕێن. ئەم ئامانجە گەیشتنە بە لابردنی ڕکابەرە ئابوورییەکان؛ خەڵکانی جیهانی سێیەم لە بری بەرهەمهێنان ڕوو لە به‌رخۆری و بەکاربەری دەکەن. بۆیه‌ ئەم ڕه‌وت و ڕه‌فتاره‌ دەبێتە هۆی کۆلۆنیالیزمی گۆڕانی کولتووری.

ھەواڵی زیاتر