گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی لەبارەی پەلاماردانی کچێک لەلایەن چەند کەسێک لە شاری سلێمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: ئەم رووداوانە ھەرگیز مایەی قبوڵکردن نین و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دژی ھەموو جۆرە توندوتیژی و پێشێلکارییەکی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافەکانی ئافرەتان دەوەستێتەوە.
جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاندووە: “ھێرش و پەلاماردانی کچێکی گەنج لە ناوچەی ھوانەی شاری سلێمانی جێگای شەرمەزاریە ھەروەک چۆن لە چەند رۆژی رابردووشدا، رووداوێکی دیکەی دەستدرێژیکردنە سەر خانمێکی دیکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی روویدا، ئەم رووداوانە ھەرگیز مایەی قبوڵکردن نین و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دژی ھەموو جۆرە توندوتیژی و پێشێلکارییەکی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافەکانی ئافرەتان دەوەستێتەوە و پێویستە بە زووترین کاتیش رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە بگیرێتەبەر”.
دوێنێ 30/12/2022، ژمارەیەک کەس لە گەڕەکی هوانەی سلێمانی پەلاماری کچێکیاندا، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ رایگەیاند، 16 کەسیان بە تۆمەتی پەلاماردانی ئەو کچە دەستگیرکردون.