نرخی زێڕ لە دوایین ساتی مامەڵەکانی ناو بازاڕدا لە 2022 بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووە و هەر ئۆنسەیەکی بە 1818 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی هەر ئۆنسە زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بە رێژەی 0.22٪ بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەکی بە 1830 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی زێڕ تێکڕا لە ساڵی 2022 گۆڕانکاری کەمی بەخۆیەوە بینی و تەنیا بە رێژەی 0.5٪ بەرزبووەوە.
نرخی زێڕ کە پەیوەندی پێچەوانەی لەگەڵ رێژەی سوودی بانکی هەیە، لە ساڵی 2022 دا لە مانگی 9 دا دابەزی بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، بەڵام لە مانگی 9 بەدواوە زیانەکانی قەرەبوو کردەوە.
بانکە ناوەندییەکانی جیهان، بەتایبەتی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و ئەوروپا نرخی سوودی بانکییان بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە بۆ ئەوەی بتوانن هەڵاوسان کۆنترۆڵ بکەن. ئەمە بووە هۆکار بۆ ئەوەی زێڕ تێکڕای 2022 قازانجێکی ئەوتۆی نەبێت.
جیم وایکۆف، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کیتکۆ مێتاڵ)، رایگەیاند، “داتاکانی ئەم دواییەی هەڵاوسان ئاشکرایان کرد کە ئاراستەی بەرزبوونەوەی نرخەکان خاوبووەتەوە و ئەوەش بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و کانزاکان.”
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، دابەزینی بەهای دۆلار هەروەها بووە هۆکار بۆ ئەوەی پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستبێت و نرخی کانزای زەرد لە دوایین رۆژی مامەڵەکان لە 2022 دا بەرزبێتەوە.
وایکۆف سەبارەت بە رەوشی زێڕ لە 2023 دا دەڵێت، “نرخی زێڕ لە 2023 دا پەیوەست بەوەی کە بانکە ناوەندییەکان چۆن رووبەڕووی هەڵاوسان دەبنەوە چ سیاسەتێک دەگرنەبەر.”