هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی هێلکە، گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویش بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی هێلکە، هەنگاوی گەورەی ناوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هەرێمی کوردستان ساڵانە ٩١٩ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار هێلکە، هەرناردەی دەرەوە دەکات. ئەمە جگە لەوەی کە گرنگییەکی زۆر بە هەماهەنگیکردن لە گەڵ بازاڕی دەرەکی دەدرێت بۆ دۆزینەوەی بازاڕ و ساخکردنەوەی بەرهەمی هێلکەی پڕۆژە و کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە.
لەهەمانکاتدا، بریاری قەدەخەکردنی هاوردەکردنی هێلکە بۆ ناو هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، ئەمەش بۆ بوونیادنانی بناغەیەکی گرنگیی ئابووری و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و دەستەبەرکردنی خۆراکێکی تەندروست بۆ هاووڵاتییان، هەروەها پەرەدان بە بەرهەمی ناوخۆ و ڕەخساندنی هەلی کار.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە بۆ ٣٣ پڕۆژە بەرزبوونەتەوە، کە بەراورد بە پێشتر ٢٠٠٪ زیادی کردووە، هەروەها توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەیان دوو ملیار و ٩١٨ ملیۆن و ٥٧٧ هەزار هێلکەیە، کە بەڕێژەی ١٠٠٪ بەرزبووەتەوە بەراورد بە پێشتر.
پڕۆژە و کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە، بەمشێوەیە بەسەر شارەکان دابەشبوون:
هەولێر: ١٥ پڕۆژە
سلێمانی: ١١ پرۆژە
دهۆک: ٥ پڕۆژە
گەرمیان: ٢ پرۆژە
پێشتر، بڕی بەرهەمی ڕۆژانەی هێلکە ملیۆنێک و ٨٠ هەزار بوو، لەکاتێکدا ڕێژەی پێویستی ناوخۆیی لە ڕۆژێکدا دوو ملیۆن و ٥٢٠ هەزار بوو، ڕێژەی کورتهێنانیش لە ڕۆژێکدا ملیۆنێک و ٤٤٠ هەزار بوو، بەڵام لە کابینەی نۆیەمدا، ڕێژەی بەرهەمهێنانی هێلکە لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە بۆ پێنج ملیۆن و ٤٠ هەزار، لەو ڕێژەیەشدا دوو ملیۆن و ٥٢٠ هەزاری بۆ پێداویستی ناوخۆیی دابیندەکرێت.
بەرهەمی ڕۆژانە هێلکە لە هەرێمی کوردستان، ١٤ هەزار کارتۆنە، کە ٥٠٪ لە پێویستی ناوخۆیی زیاترە، ڕۆژانە ٧هەزار کارتۆن هێلکە دەنێردرێتە دەرەوە و ٧ هەزار کارتۆنیش بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ دەنێردرێن و هەر لەوێش ساخدەکرێنەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٣٠ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢