پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 21, 2024

روونکردنەوەیەک لە پارێزگاى هەولێرەوە

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌ی راگه‌یاندنی پارێزگای هه‌ولێر:

دواى ئەوەى بەڕێز هێمن قادر جێگرى پارێزگارى هەولێر، لە دیمانەیەکدا، سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیى لە سەرى ساڵ و خستنەرووى رێنماییەکان و هاتنى گەشتیاران، بۆ یەکێک لە کەناڵە کوردییەکان لێدوانیداوە و باسى لە بڕیارێکى پارێزگاى هەولێر کردووە، کە لە رێگەى بەڕێوەبەرایەتییەکانى (گشتیى رۆشنبیرى و هونەرى هەولێر) و (گەشت و گوزارى هەولێر)، هۆشدارى بە رێستورانت و کافێکان دراوە کە شوێنى خێزانین و لە هەفتەیەکدا رۆژێک لایڤ موزیکیان هەیە “دەبێت گۆرانى کوردى پێشکەش بکه‌ن”.

لەلایەن کەناڵى NRT و چەند پەیج و ئەکاونتێکى بێ خاوەن و گوێ لەمست، کە تەنها مەبەستیان کۆکردنەوەى لایک و کۆمێنتە، دوور لە هەموو بەرپرسیاریەتی و رەوشتێکى کارى راگەیاندن و ئیتیکى رۆژنامەوانى، لێدوانەکەى بەڕێزیان شێواندووە و بەشێوەیەکى دیكه‌ بڵاویانکردۆتەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە بەڕێز جێگرى پارێزگارى هەولێر بە هیچ شێوەیەک لێدوانى بۆ ئەوان نەداوە.

لێرەوە بە پێویستى دەزانین بە هەموو لایەکى رابگەێنین هەموو ئەوانەى بەناوى بەڕێز جێگرى پارێزگارى هەولێر و لە سەرزارى ئەو بڵاو کراوەتەوە، دوورن لە راستى و مەبەست لێى تەنها بە لاڕێبردنى هاووڵاتییان و پەخشکردنى چەواشەکارییە، کە ئەمەش مەبەست و ئامانج و پیشەى سەرەکى ئەوانە.

راگەیاندنى پارێزگاى هەولێر