چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

17مین شاری دنیا

كاتێك كوردستان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهاندا ده‌بینین، ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ئاماده‌ بوونی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌. گۆڤاری (ناشناڵ جوگرافیك: National Geographic) له‌ دوایین ژماره‌ی خۆیدا، هه‌ولێر پایته‌ختی باشووری كوردستانی وه‌ك حه‌ڤده‌مین خۆشترین شاری جیهان بۆ ژیان پێناسه‌ كردووه‌. ئه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ی كوردستانی وه‌ك نه‌ته‌وه‌ و نیشتیمان، مایه‌ی سه‌ربه‌رزییه‌. شارێكی كوردستان له‌ نێو سه‌دان هه‌زار شاری ئه‌م دنیایه‌، به‌ پله‌ی (17)مین خۆشترین شاری جیهان پێناسه‌ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ گه‌واهییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاتێك كوردستان ئازاد ده‌بێت، ئه‌و ئازادییه‌ له‌ شێوه‌ی گه‌شه‌ و ئاوه‌دانی و پێشكه‌وتن و ئاشتیدا خۆی ده‌نوێنێت.
هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌نگۆی هه‌ولێر وه‌ك حه‌ڤده‌مین خۆشترین شاری جیهان، باسی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت ئه‌م شاره‌ وه‌ك پایته‌ختی گه‌شتیاریی جیهانی عه‌ره‌ب له‌ قه‌ڵه‌م بدرێت. ئه‌م ناسناوی پایته‌ختی گه‌شتیاریی وڵاتانی عه‌ره‌ب له‌ ساڵی 2014شدا هه‌ولێر بردییه‌وه‌، به‌ڵام له‌ پای په‌یدا بوونی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و په‌ل هاویشتنی به‌ ئاراسته‌ی كوردستان، جووڵه‌ی گه‌شتیاری و هاتنی گه‌شتیاران بۆ هه‌ولێر و ته‌واوی باشووری كوردستان، تا ڕاده‌ی هیچ داكشا. به‌م جۆره‌ هه‌ولێر له‌و ساڵه‌دا سوودی له‌و ناسناوه‌ گرنگه‌ وه‌رنه‌گرت. بۆ ساڵی 2023 كه‌ هه‌ولێر كاندیده‌ كه‌ وه‌ك پایته‌ختی گه‌شتیاریی وڵاتانی عه‌ره‌ب ده‌ست نیشان بكرێت، ئه‌م جاره‌یان له‌ سایه‌ی نه‌مانی هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر، ئه‌گه‌ر زۆره‌ ئه‌م ناسناوه‌ خێر و بێرێكی زۆری بۆ خه‌ڵكی باشووری كوردستان ببێت.
ڕاسته‌ كوردستان تا ئێستا له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهاندا وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ پێناسه‌ ناكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕێگر نه‌بووه‌ له‌وه‌ی چه‌ندین شاری كوردستان ناسناوی به‌رز له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا به‌ده‌ست بهێنن. بۆ نموونه‌ له‌ لایه‌ن یوونسكۆوه‌ شاری سلێمانی وه‌ك شاری وێژه‌ و كولتوور، شاری دهۆك وه‌ك شاری په‌نابه‌ران، شاری سنه‌ وه‌ك شاری مووزیك كاندید كراون.
سه‌ره‌ڕای بێ به‌شی كردنی كورد له‌ ئازادی و سه‌روه‌ری، به‌ڵام كوردستان له‌ كاروانی مرۆڤایه‌تی دوا نه‌كه‌وتووه‌.