حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا، بە دووبارە بەردەوامیدان بە خەرجکردنەوەی مووچەی ئەو کەمئەندامانەی، کە مووچەی دیکەشیان هەیە.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە لە 6ی 12ی 2022 دەرچووە کە ئاماژە بە گەڕانەوەی مووچەی 193 کەمئەندام کراوە، کە مووچەکانیان بڕدرابوو.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: “بە فەرمانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە بەردەوامبوونی پێدانی کۆمەکی کەمئەندامی بۆ ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی، کە لەهەمان کاتدا مووچەی میراتگری خانەنشینی وەردەگرن.”
وەزارەتی دارایی جەختی کردووەتەوە، مەرجی پێدانی مووچەی ئەو کەسانە ئەوەیه، کە ڕاپۆرتی نوێی پزیشکییان هەبێت و مەرجەکانیان تێدا بێت و پێشتر مووچەی کەمئەندامییان وەرگرتبێت.
د. عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان رایگەیاند: “ئەوانەی خاوەن پێداویستیی تایبەتن و میراتگری کەسێکی خانەنشینن، بە دوو موچەیی هەژمار ناکرێن و مووچەی کەمئەندامییان بەردەوام دەبێت.”
لای خۆیەوە، کوێستان محەمەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بە سەرچاوەیەکی ڕاگەیاند: “دوای نووسراوی ئێمە و فەرمانی سەرۆکی حکوومەت، وەزارەتی دارایی بڕیاری دا مووچەی کەمئەندامی و میراتگری خانەنشینییان بەردەوام بێت، بەڵام ئەوەی کە پێشتر کە لێیان بڕدراوە بۆیان قەرەبوو ناکرێتەوە، تەنیا مووچەکەیان بەردەوام دەبێ.”
وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی: “ئەو بڕیارەی حکوومەت بۆ پشتیوانی و کۆمەک و باشترکردنی گوزەرانی کەمئەندامانە.”
87 هەزار و 175 كەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت مووچە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرن.