ئەمڕۆ پێنجشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بۆ ماوەی چوار رۆژی یەک لە دوای یەک بەرزبووەوە. هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ کەمبوونەوەی یەدەکی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان لە ئەمریکا دەگەڕێتەوە، بەوپێیەی کە بەکارهێنانیان بەهۆی شەپۆلێکی ساردی کەشوهەوا لەو وڵاتە زیادبووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 27 سەنت بەرزبووەوە و بە 82 دۆلار و 47 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 35 سەنت بەرزبووەوە و بە 78 دۆلار و 64 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی برێنت و تێکساس لە رۆژی چوارشەممە زیاتر لە دوو دۆلار بەرزبوونەوە، دوای ئەوەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئەمریکا پێشانی دا کە هەفتەی رابردوو بە بڕی پێنج ملیۆن و 890 هەزار بەرمیل کەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
بادن مۆر، سەرۆکی بەشی بازرگانیی کاڵاکان سەر بە بانکی نیشتمانیی ئوسترالیا لەو بارەیەوە رایگەیاند، “بەپێی ئامار و ژمارەکانی ئێمە بازاڕی نەوت دواجار هاوسەنگ بووە.”
بادن مۆر دەڵێت، “هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵی 2023، پێشبینیی دەکەین قەبارەی خواستی چین بۆ نەوتی خاو بەتایبەتی سووتەمەنیی فڕۆکە زیادبێت کە دەبێتە پاڵپشتی بۆ نرخی نەوت.”
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 1820 دۆلار
رۆژی پێنجشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی زێڕ بەرزبووەوە؛ نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان لە ساڵی داهاتوودا خواستی بۆ کڕینی زێڕ زیادکردووە کە بەردەوام وەک سامانێکی سەلامەت بۆ وەبەرهێنان هەژمار دەکرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-12-2022 نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە بۆ 1818 دۆلار. نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕیش لە گرێبەستەکانی داهاتوو هەروەها بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە بە 1827 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بازاڕی زێڕ ئێستا چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی چەندین ئامارە وەک ئاماری پەیوەست بە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمریکا لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا کە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت. هەروەها ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسانی مانگی 11 کە بەهەمان شێواز کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دادەنێت.
هەرچەندە نادڵنیاییەکانی پەیوەست بە ئابووریی جیهان نرخی زێڕی لە ئاستێکی بەرزدا راگرتووە، بەڵام هەوڵ و سیاسەتی بانکە ناوەندییەکان لە ئەوروپاوە بگرە تاوەکو بەریتانیا و وڵاتە تازە پێگەیشتووەکانی دیکەی جیهان ئاراستەی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕی سنووردار کردووە.