پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لە هەكبەی بیرەوەریمدا ..ماف ، سەگ، وەڕین

ئه‌سعه‌د عه‌دۆ
لەسەر خوانی نیوەڕۆ ، لەكاتی خوێندنەوەی مانشێتە وردودرشتەكانی رۆژنامەكانی كوردستاندا .. ئەم رستەیەم كەوتە بەرچاو “ مادام دیموكراتی هەیە ، سەگیش مافی ئەوەی هەیە بوەڕێ “ راچڵەكیم ، وەك بڵێی شتێكی زێدە گرینگم وەبیر هاتبێتەوە ! هەرچەند مێشكی خۆم دەكوشی فلاش باگێ لێبدەم كەچی سەردێرەكانی بیرەوەریم هێرشیان بۆ مێشكی ماندووم دەهێنا ، وێنەكان لە هزرمدا دەغەمری ، جارێك ، دووان شتێكم لێ هەڵكڕاند :
ئێستایش بۆم روون نەبۆتەوە ، ئەوەی دەیگێڕمەوە خوێندومەتەوە یان لە ماجەڕای دنیادا گوێ بیست بوویمی، ئەگەر بە هەڵەنەچووبم لەو (37) رۆژەی مانەوەم لە پایتەختی ئۆكڕایینا (كیڤ) ئەم سەربردەیەم ژنەفتوە ، چونكە شەوانی شوققە داڕزیوەكانی ئەوێ هەزاران سەربردەی ئەوتۆیان بۆمان دەگێڕایەوە ..
لەوێ باس لە مەڵبەندی ئەتۆمی سۆڤیەت ، لە كارەساتی چڕنۆبیل ، لە چەندان و چەندین ملیۆن كوژراو ، لە كوردستانی سوور ، پێڵاوی خرۆشۆف ، لە هەموو خراپەكاری وڵاتی یەكێتی سۆڤیەت دەكرا !
وا بزانم (ماركیز) لە رۆمانێكیدا بۆمانی نوسیوەو دەڵێ : رۆژێكیان كۆمەڵێك سەگی سۆڤیەت بڕیار دەدەن وەك گرووپ سەردانی (فەڕەنسا) بكەن ، كاتێ بۆ ڤیزە وەرگرتن سەردانی بالیۆزخانەی فەڕەنسایان لە مۆسكۆ كردوە ، ئەوانیش سەرووی خۆیان ئاگادار كردۆتەوە كە لەم ماوەیەدا بەنێوبانگترین گرووپی سەگی سۆڤیەت بۆ سەردان دێنە پاریس .. ئومێد ئەكەین پڕۆگرامێكی شایستەیان بۆ ئامادە بكەن و بەزێدە رێزیان لێ بگرن
لەكاتوساتی دیاریكراودا ، لێژنەی پێشوازی رێ و شوێنی پێشوازی لێكردنیان لە مافووری سوور، دۆڵ و زووڕنا ، شەكاوەی ئاڵای هەردوولا ، زۆر بە رێك و پێك ئامادە ئەكەن ، لە هۆڵی پشوودان حیوارێك لەنێوان هەردوو گرووپدا دروست دەبێ :

  • بەخێربێن .. بەهاتنتان خۆشحاڵین …
  • (بەسەرسوڕمانەوە) سوپاستان دەكەین .. بەڵام كێ بە ئێوەی گوتوە ئێمە دێینە ئێرە؟
  • قوربان لە یەكەم رۆژی سەردانتان بۆ باڵیۆزخانەمان لە مۆسكۆ .. ئێمە ئاگاداركراینەوە .
  • وەلڵا پێویستی نەدەكرد !
  • ئەوە پڕۆتۆكۆڵە ، ئێمە پڕۆگرامێكمان بۆتان ئامادەكردوە ، ئەگەر بفەرموون ..
  • پڕۆگرامی چیی ؟
  • قوربان لەدوای پشودانتان لە ئوتێلی پێنج ئەستێرە ، جوانترین دێڵەی وڵاتی فەڕەنسا لەخزمەتاندا دەبێت ، ئومێدوارین ئەمشەو لە باوەشیاندا ئارام و ئاسودەبن !
  • ئارامی چیی و دێلەی چیی ؟ بۆ لە دنیادا دێڵەی جوان وەك ئەوانەی ئێمە هەیە ؟!
  • باشە قوربان بۆ نانخواردن دەچینە بەنێوبانگترین خارنگەی پاریس كە لەسەر ئاستی جیهاندا نێوی هەیە !
  • نەك مۆسكۆ ، بەڵكو هەموو گوندو شاری سۆڤیەت خاوەنی ناندینی بەنێوبانگن !
  • باشە ، دەگەڵ دیسكۆ چۆنن ؟
  • دنیای سێ حەزی خۆیان لە دیسكۆكانی ئێمەدا تێر دەكەن ، خزمەتكارانی پڕۆلیتاریا لە نەخۆشخانە بەنێوبانگەكانی ئێمەدا چارەسەر دەكرێن !
  • باشە ئەگەر بۆ ئەو هەموو شتە بەلەززەتانە نەهاتوون ، ئەی بۆچیی هاتوون ؟
  • لەبەر ئەوەی لە وڵاتی ئێمەدا كەس بۆی نیە بوەڕێ ، بۆیە هاتوینەتە ئێرە تاكو پڕ بەدڵ ، پڕ بە گەرووی خۆمان بوەڕین !