هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ئیمامئۆغڵو هەدەپەی لەدەست دا و پارتی خاسی بردەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

هەدەپەییەكان و كوردانی باكوور، خۆشەویستییەكی زۆریان بۆ ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورەشارەوانیی ئیستانبۆڵ هەبوو، بەڵام دوای ئەوەی سزای زیندانی بۆ ماوەی دوو ساڵ و حەوت مانگ بەسەردا سەپێنرا، هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی داوەتی ئیستانبۆڵ كرد و بەئامادەبوونی هەزاران لایەنگر، بڕیاری دادگایان رووڕەش كرد، ئەوەی مایەی پرسیار و نیگەرانیی كورد بوو، ئیمامئۆغڵو، هیچ سەركردەیەكی هەدەپەی داوەت نەكردبوو.

بەهۆی ئەوەی ئیمامئۆغڵو، وشەی (ئەحمەق)ی بەرامبەر بە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژادنەكان بەكار هێنابوو، بۆیە دادگا بڕیاری دا سزای زیندانی بۆ ماوەی دوو ساڵ و حەوت مانگ بەسەردا بسەپێنێت، بەڵام بڕیارەكە لە دادگا تێهەڵچوونەوەیە و بڕیاری كۆتایی لەوێ دەدرێت. دوای بڕیارەكە، ئیمامئۆغڵو، داوای لە سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن كرد، ئامادەی كۆبوونەوەیەكی گەورەی جەماوەری بن، تا لەوێ یەكدەنگ دژی بڕیاری دادگا بوەستنەوە و پەیامێكیش بۆ پارتی دەسەڵات كە ئاكەپەیە بنێرن و بڵێن پشتگیری لە ئیمامئۆغڵو دەكەن.
هەدەپە كە سێیەم فراكسیۆنی هەرە گەورەیە لە پەرلەمانی توركیا و خاوەنی 67 كورسییە، لەلایەن ئیمامئۆغڵووەوە داوەت نەكرابوو، ئەمەش پرسیاری زۆری لای كوردەكان دروست كردووە.
ئیمامئۆغڵو، لە چەندین شوێندا گوتوویەتی كە دەستگیركردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، بڕیارێكی سیاسییە و یاسایی نییە، هەروەها داكۆكی لەوە كردووە، كورد بە زمانی دایك بخوێنێت و لە ئیستانبۆڵیش رێگەی داوە كە كۆرسی زمانی كوردی بكرێتەوە، ئەمانەش وای لە كوردەكان كردووە كە خۆشیان بۆێت.
ئاشكرایە داوەتنەكردنی هەدەپە بۆ ئەو كۆبوونەوە گەورەیە، پەیوەندی بە پارتی خاسەوە هەیە، چونكە سەرۆكی ئەو پارتە، مەراڵ ئاكشەنەر، بەهەموو شێوەیەك هەدەپە رەت دەكاتەوە و دەڵێت پارتێكی تیرۆریستە و درێژكراوەی پەكەكەیە، بۆیە ئیمامئۆغڵو كەوتە ژێر باری فشارەكانی پارتی خاس و هەدەپەی داوەت نەكرد.
میدیاكانی سەر بە ئاكەپە، هەدەپەییەكان هان دەدەن و دەڵێن ئیمامئۆغڵو حیسابی بۆتان نەكرد، هەروەها دەڵێن لەبری هەدەپە، پارتی خاسی هەڵبژارد، بەتایبەت ئەو وێنەیەی ئیمامئۆغڵو و مەراڵ ئاكشەنەر، كاتێك بڕیاری دادگا دەردەچێت، ئاكشەنەر باوەشی پیا دەكات و دەڵێت پشتیوانتم، مانشێتی رۆژنامەكانی سەر بە ئاكەپەیە.
ئەگەرچی هەدەپە دەڵێت، ئێمە بەو وێنەیەی ئیمامئۆغڵو و ئاكشەنەر نیگەران نەبووینە، چونكە هەركەسێك پشتگیری لە ئیمامئۆغڵو بكات، ئەوان دەستخۆشیی لێ دەكەن، بەڵام بنكەی جەماوەریی هەدەپە لە سۆسیال میدیا شتێكی تر دەڵێن و ئەوان پێیان وایە، ئیمامئۆغڵوش كەوتووەتە ژێر فشاری پارتی خاس و حیسابی بۆ هەدەپە نەكرد.
بۆیە ئاكەپەش زیرەكانە لە رێگەی میدیاوە كار دەكات، تا ئیمامئۆغڵو لە بەرچاوی دەنگدەری كورد و هەدەپە بچووك بكاتەوە و دەڵێت، لەو كۆبوونەوەیە گەورەیەی ئیستانبۆڵ، هەدەپەی داوەت نەكردووە، كەواتە دەنگدەری هەدەپە لە هەڵبژاردندا تۆڵە لە ئیمامئۆغڵو دەكەنەوە.
ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی توركیا ئیمامئۆغڵو بكەنە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 2023، رەنگە نیگەرانی هەدەپەییەكان لە ئیمامئۆغڵو، كاریگەریی لەسەریان هەبێت و دەنگ بە ئیمامئۆغڵو نەدەن، ئەمەش زیانێكی گەورە دەبێت بۆ ئیمامئۆغڵو، چونكە دەنگدەری هەدەپە و كورد چارەنووسی كورسیی سەرۆكایەتیی توركیا دیاری دەكەن.
هەدەپە چاوەڕێی هەنگاوی داهاتووی ئیمامئۆغڵووە لەبارەی كورد و هەدەپە، ئەگەر هەنگاوەكان بەدڵی كورد بێت، ئیمامئۆغڵو رووی خۆی لای دەنگدەری كورد سپی دەكاتەوە، بەڵام ئەگەر لەژێر فشاری پارتی خاس، هەدەپە فەرامۆش بكات، دەنگدەری هەدەپەش لەسەر سندوقی دەنگداندا فەرامۆشی دەكەن.