شێركۆ عەبدوڵا كە لە ژێر پەردەی تەنزنووسینەوە، بەردەوام ژەهری شارچێتی و قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكان دەڕێژێت، لە دوایین نووسینیدا، سووكایەتی بە خەڵكی هەولێر و شارەكە دەكات، بەم هۆیەشەوە نیگەرانیی زۆر دروست دەبێ و وەڵامی دەدرێتەوە!
دوای ئەوەی د. شێركۆ عەبدوڵا، نووسەری دەرباری یەكێتی، بە هەولێری قەڵا و منارەدا رشایەوە و بێڕێزیی بەرامبەر كرد، كارۆخ ئیبراهیم حەكیم، هونەرمەندی شانۆكار، لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، وەڵامێكی توندی دایەوە و رای گەیاند: ”گەندەڵێکی مشەخۆری وەکوو تۆ، سووکایەتی بە شارێک بکەی، تەمەنی نۆ هەزار ساڵە، دەتەوێت بە دیارتەوە دانیشین و بێدەنگ بین؟“، پێیشی دەڵێت: ”ئێمە مەغدیدەکەی خۆمان و بە قەوڵی شەکر شکاندنت (حادیلی عەمە جەلیل) زۆر لە تۆ بە باشتر دەزانین.“
شێركۆ عەبدوڵا كە رۆژێك لە رۆژان باسی دزینی داهاتی باشماخ و داگیركردن و بەش بەشكردنی زەویوزاری سلێمانی و گرتن و رفاندن و تیرۆركردنی خەڵكی شارەكە و تەسلیمكردنەوەی كوردەكانی رۆژهەڵات و بردنی پارەی پرۆژەكان و بانكەكانی نەكردووە و ”دێت بە لافاو پەلار لە هەولێر دەگرێ، بۆیە كارۆخ ئیبراهیم حەكیم پێی دەڵێت: ”تەحمولی زۆر شتتان کردووە دکتۆر، خێرە تەحەمولی لافاوەکەی هەولێر ناکەن؟“
لەبارە بێڕێزی و گاڵتەكردنی شێركۆ عەبدوڵا بە هەولێر و تەیراوە، لە كاتێكدا تەیراوە زادگەی زۆربەی هونەرمەندانی هەولێر و سەرچاوەی ئیلهامیان بووە، كارۆخ ئیبراهیم حەكیم دەڵێ: ”تەیراوە بۆ ئێمە شانازیە، شوێنی گەورە هونەرمەند و نووسەر و رۆشنبیر و کەسایەتبیەکانی هەولێرە، ئەگەر کاڵفامێکی وەکوو تۆ لەو گەڕەکە گەورەبای، هەرگیز جورئەتت نەدەکرد شەکر بەرامبەر هیچ شارێکی دیكە بشکێنی.“
شانۆكار كارۆخ ئیبراهیم، لە رێی خوا ئامۆژگاریی شێركۆ عەبدوڵا دەكات و پێی دەڵێت: ”قەڵەمت بۆ پێکەوەژیان بەکار بێنە، نەک بۆ سووکایەتی کردن“، دەشڵێ: ”هەر لە رێی خوا، باسی ١٠ ملیۆن دینارەکەی سندووقی داهێنەرانی وەزارەتی رۆشنبیری ناكەم.“
هەر لەبارەی سووكایەتییەكانی شێركۆ عەبدوڵا بە هەولێر، حوسێن مام ئەنوەر، چالاكوانێكی خەڵكی چەمچەماڵ، نووسیویەتی: ”لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا و بە پێی پێشكەوتنەكان، ڕێگاكانی پەیدا كردنی پارەش زۆر بوون، بەجۆرێك لە تەنیشت بازرگانییە مەیدانییەكان، ئێستا بازرگانی كردن و پەیدا كردنی پارە لە ڕێگەی میدیاوە ڕێگەیەكی باوە و لە دونیاشدا زۆر كەس لەو ڕێگەیەوە پارە پەیدا دەكات و بزنس دەكات و ئەو ڕێگەیە بۆ زۆر كەس بووە بە براند، تا ئێرە ئاساییە! بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە پارە پەیدا كردنە بە قسەی فشقیات و سوكایەتی كردن بە شارێكی مێژوویی و مەردخودان و پاك و جوان و میوان دۆستی وەك (هەولێر).“
هەروەها نەیشاردۆتەوە: ”دڵنیام شێركۆ و موشتەقاتەكانی خەون بە هەولێرەوە دەبینن و ئاواتەخوازی ئەوەن كە لە گەڕەكێكی هەژارنشینی ئەو شارەش با ژیان بەسەر ببەن، نەك لە شارێكدا كە هیچ شتێك نەماوە خەڵكی ئەو شارە بیكەن بۆ سەربەستی و خۆش بەختی، كەچی حزبەكەی دكتۆر هێدی هێدی لە داڕمان نزیكی دەكاتەوە.“
بە بڕوای ئەو چالاكوانەی چەمچەماڵ، شێركۆ عەبدوڵا ”لە بێ ئیشیدا“ پەنا دەباتە بەر نووسینی قسەی گاڵتەجاڕانە. هەروەك دەشڵێ: ”بەڕاستی من لە جێی كوڕ و كچەكانی (شێركۆ عەبدوڵا) تەریق دەبمەوە ئەگەر بپرسن باوكتان چ كارەیە؟ بڵێم وەڵا لە پەیجەكان قسەی فشقیات دەكات و پارەی دەدەنێ!“
هەر لەسەر ئەو قسانەی شێركۆ عەبدوڵا، دەیان چالاكوان و گەنجی هەولێر نیگەرانییان دەربڕیوە و رەخنەیان گرتووە، هاوكات جەختیان لەوە كردۆتەوە كە هەوڵدان بۆ دروستكردنی دووبەرەكی و قووڵكردنەوەی جیاوازیی نێوان شارەكان، سیاسەتی حزبی بەعس و داگیركەرانی كوردستانە