مەشخەڵ كەوڵۆسی
جووەكان لەدوای هۆلۆكۆست، وێنەیەكی نەمەتییان بۆخۆیان دروستكرد كەلە هەموو مەحفەلە سیاسی و ئیعلامییەكانی دنیادا خۆیان بە مەزڵوم پیشاندا. بەوە هاوسۆزی جیهانیان جوڵاند. ئەو وێنە نەمەتییە تەنانەت لەئیستاشدا كە خاوەنی بەهێزترین دەوڵەت و چەكی
ئەتۆمین، زیاتر تۆخ دەكەنەوە.
میدیای ئیسرائیلی وێڕای ئەوەی سوپایەكی بەهێز و چەكی ئەتۆمی
و سیستەمێكی تۆكمەش شك دەبەن، بەڵام لەگەڵ بچوكترین هەڕەشە كە مەلایەكی حەماس یان حیزبوڵا دەیكات. دەیكەنە هەڵا و دەڵێن: ئیسرائیل لەنێو دەچێت و موشەكەكانی حەماس تەلئەبیب وێران دەكات.
میدیای جوو لەدنیادا زاڵترین و ئەكتیڤترین میدیایە، گرنگترین دەزگا بەناوبانگەكانی میدیای جیهان وێرای هەموو خاڵە بەهێزەكانی ئیسرائیل، كەچی كار لەسەر مەزڵوم پیشاندانی جووەكان دەكەن و، هەمیشە ئەو وێنەیە تۆخ دەكەنەوە كە حیزبوڵا لەجەنگی ئەمجارەدا ئیسرائیل لەناو دەبات!.
باشترین پسپۆڕەكانی میدیای جیهانی، نەهاتن بڵێن: میدیای
ئیسرائیل ورەی خەڵك دەڕوخێنێت! یان بێن و لەفەیسبوكەوە چارەسەری ستراتیژێكی ئیعلامی بكەن و بنوسن: میدیاكانی حیزبوڵاش ئاوا هەواڵ داناڕێژن!. چونكە لەبنەڕەتدا ئەوان دەیانەوێت لەڕێی بەمەزڵوم پیشاندانەی جووەكانەوە، بەردەوام هاوسۆزی شەقام و ناوەندەكانی بڕیاری جیهانی لەگەڵ خۆیان و دۆزەكەیاندا بهێڵنەوەو، هەمووان بێنتە سەر خەت بۆ ئەوەی پارێزگاری لەقەوارەی ئیسرائیل مسۆگەربێت!
لەكاتی هەر هەڕەشەیەك بۆسەر هەرێمی كوردستان، پێویستە میدیای كوردی هەمان ستراتیژ پێڕەو بكات. نابێ گوێ بدرێتە ئەو ڕەخنانەی كە دەهۆڵ بۆ ئەوە دەكوتن گوایە بەمەزڵوم پیشاندانی كورد لەبەردەم هەڕەشەكاندا، ورەی كورد دەڕوخێنێت!
كام ورە، لەكاتێكدا كورد ئەڵقەی هەرە لاوازی ناو هاوكێشەی ئەمنی و سەربازی و سیاسی و ئابووری ناوچەكەیە. ئەگەر باس لەوە بكەین كە سوپایەكی پۆشتە وپەرداخ دەیەوێت قەوارەی هەرێمی كوردستان كەبووەتە مێرگی دیموكراسی و پێكەوە ژیان لەناو ببات، ئایا ئەوە ستراتیژێكی میدیایی سەركەوتووە، یان بێ ئەوەی سوپایەكی بەهێز و پیشەیی و چەكی پێشكەوتووی سەردەممان هەبێت، دەهۆڵی بەرەنگاربوونەوە لێ بدەین، تاكو چەند ڕەخنەگرێك نەڵێن: ئێوە ورەی
كورد دەڕوخێنن!
لەدنیای ئەمڕۆدا شتێك نیە ناوی ورەبێت. ورە چەمكێكی سادەی
پێكدادانی كۆمەڵگە سەرەتاییەكانی سەردەمی كشتوكاڵە. دوو هۆز كاتێ بەیەكدا دەدەن، تۆ نابێت ورەی قەوم و قیلە بڕوخێنیت!. ئەوە ڕاستە. بەڵام بۆ ئەوەی مامەڵەی میدیایی لەگەڵ هەڕەشەی سوپایەكی پۆشتەوپەرداخ بۆسەر هەرێمێكی دەستوری گەورەبكەین، هاوسۆزی دنیا بجوڵێنین، پێویستە لەو قاڵبە سادە و دواكەوتووە دەرچین و بەگوێرەی ستراتیژێك مامەڵە بكەین، كەلە خزمەتی جوڵاندنی هاوسۆزی زلهێزەكان و وریاكردنەوەی هەمووان لەمەترسی هەڕەشەكان بۆسەر لەناوچوونی ئەو قەوارەیە كەبووەتە خاڵی هەرە سەركەوتووی دیموكراسی لەناوچەكەدا بێت.
بەبڕوای ئێمە كاتێ هەڕەشە لەكوردستان دەكرێت. پێویستە بەهەزاران زمان هاوار بكەین و، قەبارەی هەڕەشەكە سەدان جار زیاد لەخۆی گەورە بكەین. بێ گوێدانە ئەوەی كە ورە دەڕوخێت یان نا؟. چونكە هەرێمی كوردستان بەرهەمی جوڵاندنی هاوسۆزی دنیایە، نەك بەرهەمی ورەی ئێمە!.
خۆ ئەگەر بتوانین لێدوانە هەڕەشەئامێزەكان وەربگێڕینە سەر هەموو
زمانە زیندووەكانی دنیا، بێگومان دەكەین و، هیچ سڵ ناكەینەوە لەوەی پێمان بگوترێت، میدیای دوژمنن. چونكە ئەو تۆمەتە بچوكە بە
ئاوی دەستنوێژەوە دەڕوات، بەڵام ئەگەر دوژمنان هەڕەشەكانیان كردە كردەوە، بێگومان بەدەریایەك فرمێسك بۆمان قەرەبوو ناكرێتەوە.