دوای ئەوەی ماوەیەك كاركردن لە پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی بارزان كە 51 گوندی دەڤەرەكە لێی سوودمەند دەبن وەستابوو، ئێستا دووبارە دەست بە كارەكانی كراوەتەوە و بڕیارە لە ماوەی 615 ڕۆژدا ئەو بەشەی تاكوو ئێستا تەواو نەكراوە، تەواو بكرێت.
پێشتر ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی بەدواداچوون و دووبارە دەستپێكردنەوەی كارەكانی پڕۆژەكە بە یاوەری ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی پرۆژەكەی لە دەڤەری بارزان كرد و لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیداریی دەڤەرەكە و ئەندازیارانی پڕۆژەكە و بەرپرسان و لایەنی جێبەجێكاری پڕۆژەكە كۆبووەوە و جەختی لە دووبارە دەستپێكردنەوەی كارەكانی پڕۆژەكە كردەوە.
پرۆژەی ئاوی 51 گوندی دەڤەری بارزان كە ئێستا دەست بە كارەكانی كراوەتەوە، بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ بە زیاتر لە 138 ملیار دینار لەسەر بودجەی پلانی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار تەواو دەكرێت. پڕۆژەكە لە کاتژمێرێکدا توانای دابینكردنی 1200 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی بۆ دانیشتووانی ئەو گوندانەی دەڤەری بارزان هەیە؛ دوای تەواوبوونی، كێشەی كەمی ئاوی خواردنەوە لەو گوندانە چارەسەر دەكات.