وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بڕیاری هێنانەکایەی چەندین بەڕێوەبەرایەتیی جۆراوجۆری لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و سۆران دا و چەند نووسراوێکیشی بۆ دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی دیکە بەرزکردووەتەوە.
رۆژی دووشەممە، ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، بە سەرپەرشتیی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن, لەبەر پێویستیی خزمەتگوزارییەکان، بڕیار لە کردنەوەی ژمارەیەک بەڕێوەبەرایەتیی نوێ لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و سۆران درا.
بەڕێوەبەرایەتییە نوێیەکان بریتین لە: کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی تاقیگەی بیناسازیی راپەڕین کە پێشتر لقی تاقیگەی بیناسازی بوو، کردنەوەی هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبان و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەدانکردنەوە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی ڕاپەڕین، گۆڕینی لقی تاقیگەی بیناسازیی هەڵەبجە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی تاقیگەی بیناسازیی هەڵەبجە، درووستکردنی تیمێکی تایبەتی ڕێگاوبان لەگەڵ دابینکردنی ئامێری پێویست بۆ دەربەندیخان و تونێلی دەربەندیخان، گرێدانی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی زاخۆ بە وەزارەتەوە.
جگە لەو بڕیارانە، وەزارەت چەند نووسراوێکی بۆ کردنەوەی چەند بەڕێوەبەرایەتییەک ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، وەکوو کردنەوە و پێکھێنانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە سنووری راپەڕین، کردنەوە و پێکھێنانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە پارێزگای ھەڵەبجە.
سەبارەت بە پڕۆژەکانی رێگاوبان و رێگای نێوان شارەکان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن جەختی لەوە کردەوە “ڕێگای دووسایدی نێوان شارەکان کاری لەپێشینەی وەزارەتە و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو هەوڵەکان بۆ دابینکردنی بودجە و جێبەجێکردن و تەواوکردنی پڕۆژەی ئەو ڕێگا دووسایدیانەی تا ئێستا تەواو نەکراون، چڕدەکەینەوە. هاوکات بۆ ساڵی ئایندەش بە پلان و بەرنامەیەکی نوێ، کار بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی نوێ و تەواوکردنی پڕۆژەکان دەکرێت، بەتایبەتی لە بواری ڕێگاوبان و یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان. “
جێی باسە دەرکردنی ئەو بڕیارانە بەشێکە لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر خزمەتکردن و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان لە سەرجەم ناوچەکان، تاکوو پڕۆسەی بەپارێزگابوون و ئیدارەی سەربەخۆی ناوچەکان بە تەواوی بچەسپێت.