چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ شای ئوردن كۆبووه‌وه‌

سوودانی ده‌ڵێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسه‌ ئابووری و بازرگانییه‌كان تاوتوێكراون.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 20ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند،  محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و شا عه‌بدوڵڵای شای ئوردن كۆبوونه‌وه‌. به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، هه‌ردوولا گفتوگۆیان له‌باره‌ی هاوكاری و هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو وڵات و باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌ڕووی ئابووری و بازرگانییه‌وه‌ کردووە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، له‌ به‌شێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تیشك خراوه‌ته‌سه‌ر پرسه‌ هه‌رێمی و جیهانییه‌كان، هەروەها جه‌ختیش له‌ گرنگی رۆڵ و پێگه‌ی عێراق وه‌ك ناوه‌ندێكی به‌هێز بۆ به‌رقه‌راركردنی سه‌قامگیری له‌ناوچه‌كه‌دا کراوەتەوە

ه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌ كاتێكدایه‌، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 20ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ كۆنفرانسی به‌غدا بۆ هاوكاری و هاوبه‌شی گه‌یشته‌ عه‌ممانی پایته‌ختی ئوردن.

به‌گوته‌ی ئه‌حمه‌د سه‌حاف، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، كۆنفرانسه‌كه‌ كه به‌ “لوتكه‌ی به‌غدا” ناسراوه‌ و زۆربه‌ی ته‌وه‌ره‌كانی خۆی له‌ پرسه‌ ئه‌منییه‌كاندا ده‌بینێته‌وه‌، کە له‌ ناوچه‌ی ده‌ریای مردووی شانشینی ئوردن ئه‌نجامده‌درێت و ئامانج لێی جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر پاڵپشتیكردن له‌ عێراق و سه‌روه‌ری، ئاسایش و سه‌قامگیرییه‌كه‌ی.

سه‌حاف راشیگه‌یاند، میوانداریكردنی ئه‌و لوتكه‌یه‌ له‌لایه‌ن وڵاتی ئوردنه‌وه‌ له‌سه‌ر داواكارى شا عه‌بدوڵڵای دووه‌م، شای ئوردن بوو.

گوتیشی: “لوتكه‌كه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگیی نێوان شا عه‌بدوڵڵا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، به‌ڕێوه‌ده‌چێت”.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق روونیشیكرده‌وه‌، جگه‌ له‌ ئاماده‌بوونی ئه‌و سێ سه‌ركرده‌یه‌‌، ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ و نوێنه‌ری وڵاتان تێیدا به‌شدارده‌بن، له‌وانه‌ش، میسر، سعوودیه‌، ئیمارات، قه‌ته‌ر، به‌حره‌ین، كوه‌یت، عومان، توركیا و ئێران، وێڕای به‌شداریكردنی هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مینداری گشتیی كۆمكاری عه‌ره‌بی، ئه‌مینداری ئه‌نجوومه‌نی هاریكاری وڵاتانی كه‌نداو، نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی و یه‌كێتی ئه‌وروپا.