چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

”خەڵكی هەولێر و دهۆك داهاتەكان لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دەبیننەوە، نەك لە پەیج و سایت“

به‌رپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان، وه‌ڵامی پەرلەمانتارێك و ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی ده‌داته‌وه‌ و پێی دەڵێت، بۆ دزین و شاردنه‌وه‌ی داهاتی سلێمانی گرفتتان نییه،‌ سلێمانی پێویستی به‌ سایت و شه‌فافیه‌ت نییه‌ ئێوه‌ بیكه‌ن، ئه‌وه‌ی له‌سه‌رتانه‌ تەنیا پاره‌ی ئه‌و شاره‌ بگێڕنه‌وه خەزێنەی حكوومەت‌.

پاش ئەوەی لەژێر فشارەكانی جەماوەری كوردستاندا كە بە ڕوونی باسیان لە بەتاڵانبردنی داهاتی سلێمانی لە لایەن یەكێتییەوە دەكرد، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لە پشكی یەكێتی ناچار بوو ماڵپەڕێك دابنێ و چەند ژمارەیەكی گوماناوی بخاتە سەر و بانگەشەی ئەوە بكات كە ئەوە داهاتی سلێمانییە، كەچی سەركۆ گەڵاڵی، پەرلەمانتاری یەكێتی كە بەردەوام موجامەلەی باڵە دەستڕۆیشتووەكانی یەكێتی دەكات جا هەر باڵێكیان بێت، هەروەها ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی بە ناوی ئاراس محەمەد ئاغا (هەرچەندە یەكەمینجارە خەڵكی كوردستان بزانن سەركردەیەكی یەكێتی بەم ناوە هەیە)، لێدوانیان بۆ میدیای فەرمیی حزبەكەیان داوە و بانگەشەی ئەوەیان كردووە گوایە تەواو بەو ماڵپەڕەی كە كەس نازانێت داتاكانی بەپێی گیرفانی كام بەرپرسی یەكێتی بڵاو دەكرێتەوە، زۆنی سەوز بۆتە شامی شەریف و داهاتەكان شەفاف بوون، تەنانەت زیاتریش رۆشتوون و بانگەشەی ئەوەیان كردووە گوایە خەڵكی هەولێر و دهۆكیش هەقی خۆیانە وەك سلێمانی داتاكان ببینن، بەبێ ئەوەی بەراوردی خزمەتگوزارییەكانی هەولێر و دهۆك لەگەڵ دۆخی ئابووریی خراپی سلێمانی بكەن.

لە بەرامبەردا كرمانج عه‌بدوڵا، به‌رپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ”حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان ده‌ستی داوه‌ته‌ چاكسازی و له‌ زاخۆوە تا خانه‌قین چاكسازی ده‌كرێت، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی ته‌نگه‌تاوبوونی ئەوان، په‌یوه‌ندیی به‌و چاكسازییه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ ئێمه‌ بووین داوای چاكسازیمان كرد و داوامان كرد هێزێك دروست بكرێت بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی مه‌رزه‌كان، ئه‌وان و قوباد تاڵه‌بانی بوو گوتی ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزە بێتە دەروازە سنوورییەكان شەڕی ناوخۆ دروست ده‌بێت، ئایا شه‌ڕی ناوخۆ قورستره‌ یان چاكسازی له‌ پێناوی خه‌ڵكی كوردستان؟ بۆیه‌ دروستكردنی ئه‌و وێب سایتی شه‌فافیه‌تە و ئه‌و هەرایەی ناویانەتەوە، بۆ چاوبه‌ستنه،‌ ژماره‌ ده‌ده‌ن به‌ خه‌ڵك، به‌ڵام پاره‌ و داهاتی سلێمانی بۆ خۆیان ده‌به‌ن، ئه‌وان بۆ چاكسازی په‌نایان بۆ چه‌كی شه‌ڕی ناوخۆ بردووه‌، چۆن روویان دێت باسی چاكسازی بكه‌ن؟“

گوتیشی: ”هه‌موو به‌ڵگه‌كان‌ له‌ په‌رله‌مان هەن، كه‌ چۆن قەبووڵیان نه‌كرد چاكسازی له‌ سنووری سلێمانیدا بكرێت، ئینجا ده‌پرسین كوا پاره‌ و داهاتی سلێمانی؟ ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی پاره‌ی سلێمانی و داهاتەكەی چه‌نده‌؟ كوا پاره‌ی ئه‌و بانكانه‌ی سلێمانی كه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی تێدایه‌؟ كوا داهاتی دروستی ده‌روازه‌كانی سلێمانی؟ ئه‌و قسانه‌ی ده‌یكه‌ن با بچن بۆ خه‌ڵكی مۆزه‌مبیقی بكه‌ن، ئێمه‌ی كورد سرووشتی ئه‌وان تێ ده‌‌گەین، ‌ 13 هه‌زار بندیوار له‌ یه‌ك وه‌زاره‌ت به‌هۆی چاكسازیی حكوومه‌ته‌وه‌ بڕاوه‌، ئه‌ی پاره‌ی بانكه‌كانی سلێمانی چی لێ هات؟ بۆیه‌ داواكارین له‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تیی یەكێتی و ئه‌وانی دیكه‌ش، واز لە بانگەشەی ناڕاست بێنن.“

به‌رپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان راشی گه‌یاند: پێویست بەم وێب سایتی شه‌فافیه‌ته‌ی سلێمانی ناكات، دیوانی چاودێریی دارایی و دامەزراوەی دیكەی چاودێریی زۆرن، ئەگەر بە كردەیی شەفافن، با رێگە بده‌ن دەزگاكانی چاودێری، بە ئەركی خۆیان هەڵبستن و لێكۆڵینەوە لە داهاتەكانی سلێمانی و خەرجییەكانیشیدا بكەن، ئه‌وه‌ كه‌ی كاری یه‌كێتی‌ و مه‌ڵبه‌ندی حزبییە وێب سایت دروست بكات؟ بڕۆن به‌ درۆ و چه‌واشه‌كاری دزینی داهاتی ئه‌و شاره‌ مه‌شارنه‌وه‌.“

لەبارەی ئەو قسانەی كە یەكێتییەكان دەیكەن و باسی هەولێر و دهۆك دەكەن، جەختی كردەوە كە خەڵكی هەولێر و دهۆك لە جیاتی پەیج و سایت، داهاتی دەڤەرەكەیان لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی شارەكانیاندا دەبیننەوە، ئەوان كە دەبینن لە هەموو لایەكەوە خزمەتگوزاریی و پرۆژەی باشیان بۆ دەكرێ، پێویستییان بەوە نییە ژمارەی هەڵخەڵەتێنەریان پێ پیشان بدرێ