چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٠٠ راسپاردەی نێودەوڵەتی جێبەجێکردووە

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی خۆگونجاندن لەگەڵ داواکاری و بنەما نێودەوڵەتییەکاندایە و لەو ئاراستەیەدا نزیکەی ٢٠٠ راسپاردەی نێودەوڵەتی جێبەجێکردووە.

دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە (٢٠ـی کانوونی یەکەم) باسی لە جێبەجێکردنی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەناو دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، “لە کۆی ٣٩٨ راسپاردە، ١٧٩ راسپاردە وەک خۆی جێبەجێکراون و ٨٠ـی دیکەی لە بواری جێبەجێکردندانە و ١٣٠ جێبەجێنەکراون”.

ئەو گوتی: پلانی هەرێمی لە بواری جێبەجێکردن دایە و هەوڵی جیدییش لە ئارادایە بۆ ئەوەی چاکسازی لە رووی کارگێڕی و داراییەوە بکرێت و ئەمە دەبێتە بەشێکی گرنگ لە گۆڕانکاری ریشەیی.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵی گونجاندنی حوکمڕانی لە چوارچێوەی داواکاری و بنەما نێودەوڵەتییەکان دەدات و وەک دیندار زێباری دووپاتیکردەوە، “ئەمە جیددییەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەکە نیشاندەدات”.

ئەو رایگەیاند، “ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە رووی سەروەریی یاسا و حکومڕانی باش، مەبەستی سەرەکیی پلانەکەمانە بۆ ئەوەی  کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئەزموونی کوردستان ئاگاداربکەینەوە. هەموو دامەزراوەکانی کوردستان لە هەوڵی خۆگونجاندن لەگەڵ راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دان و ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەرێم و بەتایبەت کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە تەواوی داواکارییە نێودەوڵەتییەکانی لە چوارچێوەی پلانی هەرێمیدا کۆکردووەتەوە”.

بەپێی قسەکانی دیندار زێباری، وەزارەتی کشتوکاڵ و پەروەردە و تەندروستی زۆربەی راسپاردەکانیان جێبەجیکردووە.

ئەو، وەک نموونە باسی لەوە کرد کە وەزارەتی داد لە کۆی ٣٢ راسپاردە، ١٣ـی جێبەجێکردووە، وەزارەتی پێشمەرگە لە ١٨ راسپاردە، ١٠ـی جێبەجێکردووە، وەزارەتی ناوخۆ ١٢٥ راسپرادەی بۆ هاتووە، ٢٤ـی جێبەجێکردووە و ٣٢ـی دیکە لە بواری جێبەجێکردندان