چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر دەکات

سەرۆکمسعود بارزانی، پێشوازی لە کلاوس شترایشەر کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر کرد و، لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە بە گشتی و عێراق بە تایبەتی بیروڕایان ئاڵوگۆڕکرد.

لەو دیدارەکەدا کە رۆژی سێشەممە ٢٠ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە سەلاحەددین بەڕێوەچوو، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە بە گشتی و عێراق بەتایبەتی ئاڵوگۆڕ کران، و رۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و بەرنامەی کاری حکومەتی تازەی عێراق.

هەر لەو دیدارەدا جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی شنگال کرایەوە، ئەویش بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ دەڤەری شنگال و کۆتاییهاتنی بارودۆخی ئاوارەیی خەڵکی شنگال و گەڕانەوەیان بۆ زێدی باب و باپیرانیان.

هەڕەشەکانی تیرۆر تەوەرێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیە بوو و کونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر ئەوەی دووپاتکردەوە کە وڵاتەکەی لە شەڕی تیرۆردا بە هاوبەش و پشتیوانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەمێنێتەوە و، سەقامگیری و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بەلای ئەلمانیاوە بایەخی تایبەتی هەیە.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی حکومەت و گەلی ئەڵمانیای کرد کە لە شەڕی دژی تیرۆردا یارمەتی گەلی کوردستانیان داوە و، پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کوردستان و گەلی ئەڵمانیای بە مێژوویی و دۆستانە وەسف کرد.