سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

گرنگیی دامەزراوە کۆمەڵایەتییه‌كان

دامەزراوە کۆمەڵایەتییه‌كان (Social Institution) بریتییە لە شێوازه‌كانی چالاکیی کۆمەڵایەتی کە زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو پەیڕەوی لێدەکەن.

هەموو شێوازه‌كانى ڕەفتاری دامەزراوەکان بە هۆی بەهێزی جێبەجێکردنه‌وه‌ پشتگیری لێ دەکرێت. بەو پێیەی دامەزراوەکان بناغەی کۆمەڵگا مرۆییه‌كان پێک دەهێنن، بۆیه‌ ڕێگەی جێگیر بۆ ڕەفتارکردن ده‌سته‌به‌ر دەکەن کە بە تێپەڕبوونی کات كۆڵه‌كه‌ى خۆیان داده‌كوتن. لە پێناسەیەکی وردتردا، کۆمەڵناسەکان پێیان وایە دامەزراوەکان فۆرمێکی جێگیر و چه‌سپاون لە ڕەفتاری تاكه‌كاندا کە لە کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی و پێداویستییە کۆمەڵایەتییە سەرەتاییەکاندا بەکار دەهێنرێن. هەروەها تێکەڵەیەکن لە مۆدێلی ڕەفتار بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی گروپەکان یان تێکەڵەیەک لە مۆدێلی کولتووری کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگێڕن. بۆیە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان فۆرمێکی دامەزراون کە پێشینەی لاوه‌كییان بەسەر تاکدا هەیە و هەندێکجار مرۆڤەکان تەنانەت ئاگاداری بنەچەی خۆیان نینە، ئەمەش بەو مانایەیە کە دامەزراوەکان لە پرۆسەی پەرەسەندنی کۆمەڵگادا سەریان هەڵداوە و لەلایەن کۆمەڵگاوە بنیات دەنرێن. سه‌باره‌ت به‌ جۆره‌كانی دامه‌زراوه‌كان ده‌توانین له‌ دوو ئاستدا پۆلینبه‌ندیان بكه‌ین ئه‌وانیش بریتیین له‌:
یه‌كه‌م: دامەزراوە سەرەکییەکان یان سەرەتاییەکان؛ کە پێویستن بۆ دابینکردنی پێداویستییە ژیانییەکانی مرۆڤ و مانەوەی کۆمەڵگا. لەم جۆرە دامەزراوانەدا، ئەندامی نوێی کۆمەڵگا دێنه‌ دنیا و پەروەردە دەبن و پێداویستییەکانی ژیان دادەمەزرێنن و دەیپارێزن. لە دامەزراوە سەرەکییەکانی سیستەمەكانى کۆمەڵگادا، ئەو ئەرکانەی سەرەوە بە باشی له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن. بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین بنەمای سەرهەڵدانی دامەزراوە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا پێنج ئەرکیان هه‌یه‌ کە به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بریتیین لە:

  • له‌دایكبوونی نه‌وه‌یه‌كی تازه‌ و دیاریکردنی خزمه‌كان.
  • پەروەردەكردنی ئەندامی نوێ و گواستنەوەی كولتووری لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیكه‌.
  • بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان.
  • ئامادەکاری بۆ بەکارهێنانی ڕەوای دەسەڵات و دامەزراندنی شیرازه‌ى کۆمەڵایەتی
  • پەیوەندی مرۆڤ به‌ دنیای سروشتئەودەر (میتافیزیک)وە.
    هەر یەکێک لەو دامەزراوانە ڕێگایەکی لۆژیکییە بۆ بەدیهێنانی پێویستییەکی گشتیی کۆمەڵگا. دامەزراوەکان یارمەتی دروستکردن و پاراستنی شیرازه‌ و سەقامگیری کۆمەڵایەتی دەدەن، لە هەمان کاتدا، به‌هۆی بنیاتنانەوە و پەیوەندی و نۆرم و شێوازە ڕەفتارییەکان، ئەم پێداویستیانە دابین دەکەن. چونكه‌ ئەو دامەزراوانەی بەرپرسیارن لەم ئەرکانەی سه‌ره‌وه‌ كه‌ باسمانكرد بریتیین لە: (خێزان، پەروەردە، ئابووری، حکومەت، ئایین)
    هەموو دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی کۆمەڵێک ئەرک و پێگه‌ و دامەزراوەی لاوەکی هەیە؛ بۆ نموونە دامەزراوەی کۆمەڵایەتیی ئایین، بە بڕوای کۆمەڵناسان، ئەرکەکانی ئیمان و ئارامی دەروونی و کاری ڕۆحانی هەیە و پێگه‌كه‌ى لە پیاوانی ئایینییدایە. ئەو دامەزراوە لاوەکییانەی کە لە ژێر دامەزراوەی کۆمەڵایەتی ئاییندان، بۆ نموونە مەزهەب، په‌رستگا و هتد. دەرکەوتە دەرەکییەکانی ئایینن كه‌ بریتین لە شوێنەکانی وەک مزگەوت و کڵێسا و مەزارگە. هەروەها دامەزراوەی کۆمەڵایەتیی پەروەردە ئەرکی وەک پەروەردە و بەکۆمەڵایەتیکردن و ڕه‌وایه‌تی هەیە، ئەم دامەزراوەیە پێگه‌كه‌ى بریتییه‌ له‌ مامۆستا، خوێندکار، قوتابخانە، کۆلێژ و هتد. دامەزراوە لاوەکییەکانی پەروەردە و ڕاهێنانی ئەنجومەنی قوتابخانە بریتیین لە پرۆگرامی خوێندن و بڵاوکراوە و هتد و، دەرکەوتە دەرەکییەکانی ئەو بواره‌ بریتین لە کتێب و بڕوانامە و هتد.
    دووه‌م/ دامه‌زراوه‌ى لاوه‌كی و کاتیی؛ ئه‌م جۆره‌یان بە دامەزراوەی گشتی و لاوەکیش ناودەبرێن و وەڵامی پێداویستییە لاوەکییەکانی مرۆڤ دەدەنەوە، بۆیە گشتگیری و پێویستییەکی گشتگیریان نییە، وەک دامەزراوەی بازرگانی و کات بەسەربردن و وەرزشی و هتد. بەو پێیەی ئەم دامەزراوانە وەک لقی دامەزراوە سەرەتاییەکان هەژمار دەکرێن، بە دامەزراوەی لاوەکی یان دووەم ناسراون، لەبەر ئەوەی بەپێی پێویستیی کۆمەڵگا مرۆییه‌كان دروست دەکرێن و لەگەڵ فراوانبوونی کۆمەڵگاکانیش فراوانتر و زۆرتر دەبن.
    لە کۆمەڵگا سادە و بچووکەکان و کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا پێویستمان بە چەندین دامەزراوە نییه‌، چونکە خێزان لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا بە تەنیا چەندین ڕۆڵی جیاوازی هه‌یه‌، هەم بەرپرسیار بووە لە ڕۆڵی وەچەخستنەوە و هەم لە گواستنەوەی كولتووری میرات بۆ نەوەی داهاتوو. هه‌روه‌ها ڕەهەندی سەربازی و سیاسی و تەنانەت ئایینیشی هەبووه‌، بەڵام لەگەڵ گەشەسەندنی کۆمەڵگاکاندا، ڕۆڵی زۆری خێزان، وەک پەروەردەکردن یان پەروەردەی ئایینی، بە دامەزراوەکانی دیکە سپاردووه‌. لە کۆمەڵگای پێشکەوتوودا، فره‌یی دامەزراوەکان بەجۆرێکە کە بووەتە هۆی هه‌بوونی جیاوازییەکی دیار لە نێوان ئاست و توخمەکانی کۆمەڵگا مرۆییه‌كان.
    سه‌باره‌ت به‌ جیاوازی نێوان دامەزراوە و ده‌زگا ده‌توانین بڵێین جیاوازی سه‌ره‌كیی نێوان دامەزراوە و ده‌زگا ئەوەیە کە دامەزراوەکان لە پرۆسەی پەرەسەندنی کۆمەڵگا و ئەرکەکەیدا دروست دەبن و هیچ کەس و دەسەڵات و حکومەتێک بەشدار نییە لە دروستکردنییدا، بە واتایەکی دیکە، دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان پێشوەختە پلانیان بۆ دانەنراوە. لەکاتێکدا ده‌زگاكان یان سیسته‌مە کارگێڕی و پەروەردەییەکان لەلایەن بەرپرسان، بەڕێوەبەران، وەبەرهێنەران، حکومەتەکان و هتد، پلانیان بۆ دادەنرێت و ڕێکدەخرێن. دامەزراوە جۆرێکە لە پەیوەندی کە لایەنی بابەتیی زۆر کەمە و تەنیا لە پێوەندی لەگەڵ ده‌زگاكاندا دەبێتە بابەتی. لە کاتێکدا ده‌زگاكان لە چوارچێوەی خڕبوونه‌وه‌ و ئامرازه‌كان و هۆکارە مرۆییەکان کە تێیدا کاردەکەن، ده‌كرێ ببینرێت.