دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئۆركسترای سەمفۆنیای سلێمانی كۆنسێرتێكی میوزیکی ساز كرد

بە ئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر، ئۆركسترای سەمفۆنیای سلێمانی كۆنسێرتێكی ساز كرد و نۆ بەرهەمی موزیكییان پێشكەش كرد و ئامادەبووانیش جەختیان كردەوە كە بەرهەمەكن چێژبەخش بوون.

شەوی پێنجشەممە لە هۆڵی تەلاری هونەر، ئۆركسترای سەمفۆنیای سلێمانی كۆنسێرتێكی بە رابەرایەتی موزیسیانی بەناوبانگ د. عەبدوڵا جەمال سەگرمە ساز كرد كە تێیدا نۆ پارچەموزیكیان پێشكەش كرد، لەوەش شەش بەرهەمی كوردی و سێ بەرهەمی جیهانی. 

رێباز سادق، ئەندامی ئۆركسترای سەمفۆنیای سلێمانی بە (هەولێر)ی راگەیاند، لەم كۆنسێرتەدا شەش بەرهەمیان كوردی بوون، بەڵام بەموزیكی مۆدێرن و جیهانییەوە و وتی “ئێمە لەبەر ئەوەی ئامێری هەواییمان كەمە، بۆیە ژەنیاری ئەو ئامێرانەمان لە دەرەوە هێنابوو، تێكەڵەیەكی زۆر باش بوو بۆمان”.

هەروەها د. ئامانج غازی، موزیسیانی ناسراوی شاری هەولێر كە ئامادەی كۆنسێرتەكە بوو بە (هەولێر)ی راگەیاند، كۆنسێرتەكەی ئۆركسترای سەمۆنیای سلێمانی خەڵكی بە شاكارە جیهانی و كوردییەكان شاد كردەوە كە تێكەڵەیەك بوون، ئەم كارانە وامان لێ دەكات هەموومان شانازی بە پێگەی موزیكی كوردییەوە بكەین.

د. ئامانج روونی كردەوە “تێكەڵكردنی موزیكی كوردی و بیانی، هەروەها تێكەڵكردنی ئامێرە هەواییەكان لەگەڵ ئامێری كوردی، وامان لێ دەكات بیر لە دروستكردنی ئۆركسترای كوردستان بكەینەوە، لەو رووەیشەوە بیر لە بەجیهانیكردنی موزیكی كوردی بكەینەوە”.

هۆڵی تەلاری هونەر گەورەترین هۆڵی شاری سلێمانییە كە جێگەی هەزاروپێنسەد كەس زیاتریشی لێ دەبێتەوە؛ لەم كۆنسێرتەشدا سەرجەم كورسییەكانی هۆڵەكە بینەر و گوێگری لێ دانیشتبوو؛ لەو رووەوە ئامانج غازی باسی لەوە كرد، هەموو شاكارێكی باش بینەری تایبەتی خۆی هەیە و هونەری جوان بینەر كۆ دەكاتەوە.

 هەروەها رێباز سادق جەختی كردەوە كە ئامادەبوونی ئەو خەڵكە زۆرە لە كۆنسێرتەكەیان دڵخۆشی كردن كە ئەگەر گۆرانییش نەبێت، خەڵك ئامادەن بە تەنها گوێ لە موزیك بگرن.

لەلایەكی دیكەوە شوان عەلی، یەكێك لە ئامادەبووانی كۆنسێرتەكە بۆ (هەولێر) رایگەیاند، بەرهەمەكانی كۆنسێرتەكە سەرنجڕاكێش بوون بەتایبەتیش كە هەندێك گۆرانی فۆلكلۆری بە موزیكی جیهانی نوێ كرابوونەوە، لەو رووەوە بەرهەمەكان جێی دەستخۆشی بوون، جگە لەوەش ئامادەبوونی ئەو بینەرە زۆرە دەری خست هێشتا هونەر چێژی خۆی ماوە.