د. ئەژین ئیسماعیل:ئەم پەتایەی ئێستا، زیاتر هەواپەتایە نەک كۆرۆنا

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

هەواپەتا یاخود پەتای وەرزی لەم وەرزەدا زۆر باوە و خەڵكێكی زۆر تووشی ئەئەم پەتایە بوونە.

نەخۆشییەكە بە هەڵامەت و، سەرمابوونەوە دەست پێدەكات، كە نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، تووشی ڕێڕەوی هەناسە دەبێت، بەتایبەتی لووت، قوڕگ و گیرفانە هەواییەکان.
د. ئەژین ئیسماعیل پسپۆڕی نەخۆشییەكانی قوڕگ و لووت و گوێ و نەشتەرگەریی جوانكاری، ڕوونی دەكاتەوە كە ئەم پەتایەی ئێستە بڵاوە زیاتر پەتای وەرزییە و كەمتر كۆرۆنایە، ئەم پەتایە ساڵانە لەم وەرزەدا بڵاو دەبێتەوە، بەڵام بە هۆی وشكەساڵییەوە زیاتر هەست بە بوونی ئەم نەخۆشییە دەكرێت، پەتاكە پەتایەكی ڤایرۆسییە و زۆر بە ئاسانی دەگوازرێتەوە بە تایبەتی لە ماوەی 20 چركەدا، ڤایرۆسەكە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر نیشانەكانی جیاوازە، بۆ نمونە لە منداڵان بە شێوەیەك و لە هەرزەكاران بە شێوەیەكی تر و لە پێگەیشتوانیشدا شێوەیەكی جیاوازە، هەروەها ئەوەی نەخۆشینی هەیە جیاوازتر دەردەكەوێت لەوەی كە هیچ نەخۆشیەكی تری نییە.
د. ئەژین ئیسماعیل دەشڵێت: ڤایرۆس بەرگریشی نییە بۆیە زوو زوو خۆی دەگۆڕێت، هەمان ئەو ڤایرۆسەی كە ئێستە چارەسەری بۆ وەردەگرێت ئەگەر هەیە لە دوو مانگی تردا بەشێوەیەكی تر خۆی بنوێنێت و دەربكەوێتەوە، بۆیە كۆنترۆڵكردنی زەحمەتە.
ساڵانە ڤاكسینی تایبەت بە پەتای وەرزی هەیە و لە هەرێمی كوردستانیش ئەو ڤاكسینە بەردەستە و خەڵك دەتوانێت وەری بگرێت، بۆیە پێویستە لە سەرەتای مانگی نۆ تا دە ئەم ڤاكسینە وەربگیرێت، چونكە ڤاكسین ماوەی پێویستە تا كار بكات هەروەها ڤاكسینەكە ساڵانە دوو جار دەدرێتە خەڵك، هەر بۆیە ڤاكسینەكەش لە هەندێ كەس كاری گەری هەیە و لە هەندێكیش نییەتی.
د. ئەژین ئیسماعیل گوتیشی: بۆ پەتای وەرزی یەكەمین شت كە گرنگە بیكەین دوور كەوتنەوەیە لە كەسی توشبووە، هەروەها دوور كەوتنەوە لە قەرەباڵغی، و دووركەوتنەوە لە كەسی توشبوو دەبێت نێوانیان دوو مەتربێت ئەمەش هەروەك هەر هەموو ڤایرۆسەكانی تر دەبێت دووری بپارێزیت، كەسی توشبوو دەبێت خۆی جیا بكاتەوە و ئەو هۆشیارییەی لا دروست بێت كە نەخۆشییەكەی دەبێتە هۆی توشبوونی كەسانی چواردەوری خۆی و لە ژوورێكی بەتەنها بێت و ئەو كەلوپەلانەی بەكاری دەهێنێت تەنها بە خۆی بێت بەمەش پەرداخ و خاولی و كەوچك و شتەكانی جیا بكاتەوە.
پزیشكان ڕوونیدەكەنەوە كە پەتایی وەرزی بە تایبەت لە وەرزە ساردەکانی (پاییز و زستان) ڕوو دەدات هەروەها لە گۆڕانی كەشوهەوا بە تایبەت لە مانگی ١٠ بۆ مانگی ٣؛ هەربۆیە باشترین كات بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی پەتای وەرزی كۆتایی مانگی (9) و تا مانگی (10)یە؛ پزیشكان هەروەها بە پێویستی دەزانن كە كەسانی سەروو تەمەن (65 ساڵان) و منداڵی خوار تەمەن (2 ساڵان)، ژنان لە ماوەی دووگیانیدا، ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەك: ڕەبۆ، گیرانی درێژخایەنی بۆریە هەواییەكان (COPD)، شەكرە، نەخۆشییەكانی دڵ، سستبوونی گورچیلە، قەڵەوی، كەمبوونەوەی بەرگریی لەش بەهۆی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و ئایدزەوە و هتد، ڤاكسین وەربگرن.
د. هەرێم كەریم پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناوی و دڵ و شەكرە ڕوونیدەكاتەوە كە بە گشتی نیشانەكانی پەتای وەرزی لەناكاو بەدیار دەكەوێت كە بریتین لە:
(لوت تەڕی و ئاو لە لوت هاتن یان لووت گیران، لەرز و تا، ئازاری قوڕگ، ئازاری گیان و ماسولكەكان، كۆكە، هەڵامەت، هەستكردن بە بێهێزی و ماندووبوون، سەرئێشە، هەندێك جار سكچوون و ڕشانەوە).
د. هەرێم كەریم دەشڵێت: لە دەرەنجامی تووشبوون بەم پەتایەوە ئەگەری ئەوە ھەیە کە چەند نەخۆشی و حاڵەتێکی تر سەرھەڵبدەن لە کەسی تووشبوودا، کە دەکرێت بەلایەنی خراپەکانی یاخود ماکەکانی پەتایی وەرزی ناوببرێن.
ئەوانیش بریتین لە:
١- ھەوکردنی گوێی ناوەڕاست کە بە ئازاری گوێ و تا و لووتەچۆڕە دەردەکەوێت.
٢- ھەوکردنی گیرفانەکانی لووت.
٣-ھەوکردنی قوڕگ.
٤- ھەوکردنی بۆڕیەکانی ھەوا و سییەکان.
پزیشكان لە باەری كاتەكانی سەردانكردنی پزیشك دەڵێن:
لە کەسانی گەورە و پێگەیشتوودا :پێویستە لەم كاتانەدا سەردانی پزیشك بكرێت:
١- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زیاتر لە ٣٨.٥ و بۆ ماوەی زیاتر لە ٥ ڕۆژ
٢- تەنگەنەفەسی
٣- سەرئێشە
٤- ئازاری قوڕگ
٥- ئازاری گیرفانەکانی لووت (جیووب)
لە منداڵانیش:
١- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زیاتر لە ٣٨ پلە؛ بە تایبەت لە منداڵی ساوادا
٢- سەرئێشە
٣- کۆکەی زۆر
٤- ئازاری گوێ
٥- کەمبوونەوەی ھۆشیاریی نەخۆشەکە

ڕێگاکانی خۆپاراستن لە پەتایی وەرزی
١- دەست شوشتن
٢- بەکارھێنانی کلێنکس بە تەیبەتی لە کاتی کۆکین و پژمیندا و، فڕێدانیان لە شوێنی تایبەت و دەست شوشتن دوای فڕێدان
٣- بەکارنەھێنانی کەلوپەلی کەسانی توشبووگ
٤- نزیک نەبوونەوەی زۆر لە کەسی توشیار
٥- خاوێنڕاگرتنی کەلوپەلی ناو ماڵ (خاولی و چەرچەفی ) کەسی تووشبووگ.
٦- بایەخدان بە تەندروستی بە ئەنجامدانی وەرزش و خواردنی خۆراکی خاوێن و بێوەی، ھەروەھا پشودان و مانەوە لە مالەوە لە کاتی توشبووندا.
د. ئەیوب باقر پزیشکی پسپۆر لە قوڕگ و لووت و گوێ هۆشداری دەدات بەوانەی كە لەكاتی تووشبوون بە پەتای وەرزی ئەم ڕێگایانە بگرنە بەر:
1-لە ماڵەوە بمێنەرەوە و پشوو بدە.
2- دوور بە لە بەركەوتنی كەسانی تر تا ئەوكاتەی هەست دەكەی تایەكەت دابەزیوە.
3- ڕەچاوكردنی پاك و خاوێنی و شۆردنی دەست.
4- نەكۆكین ونەپشمین بە ناو هەوادا. لە كاتی كۆكە و پژمین دەست بگرە بە دەمتەوە.
5- خواردنەوەی زیاتری شلەمەنی وگوشراوی میوەی دەوڵەمەند بە (ڤیتامین سی).
لە كاتی زۆربوونی (تا)دا ڕاوێژ بە پزیشك بكە و دەرمان بەكار بهێنە بە تایبەت بەكارهێنانی دەرمانی تا و ئازارشكێن وەك پاراستامۆڵ. دەرمانی دژەڤایرۆسی لە سەرەتای نەخۆشیەكەدا وەك (تامیفلو) و (zanamivir) ماوەی نەخۆشیەكە بۆ (1-2) ڕۆژ كەمدەكاتەوە.

پاشخان
پنج ڕێنمایی لە کاتی توشبوون بە پەتا

  • خواردنەوەی ئاوی پێویست بۆ ئەوەی جەستەت بە شێداری بمێنێتەوە و بەرگری لەشت بەهێز بێت.
  • مانەوە لە شوێنی گەرم و لە هەوایەکی جێگیردا
  • خواردنی ڤیتامین سی یان ئەو خواردنانەی کە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین سی بۆ بەهێزبوونی بەرگری لەش
  • بەردەوام شتنی دەستەکانت و پاک ڕاگرتنی لە هەمان کاتدا دوورکەوتنەوە لەو کەسانەی کە توشبوون بە پەتا
  • پشوودان و خۆ ماندوو نەکردن
  • پێویستە بەسەر دڵەڕاوکێدا زاڵ بیت چونکە پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان ئارامی مێشك و توشبوون بە نەخۆشی و پەتای وەرزی زستان، باشتررین ڕێگەش بۆ خۆپاراستن ئارامكردنەوەی مێشك و دەروونە.

لە کاتی هەوکردنی قوڕگدا لەم خۆراکانە دوربکەونەوە
یەکەم: دوربکەونەوە لە خواردنی جبسی پەتاتە و بسکویت و ئەو خۆراکانەی رەقن، چونکە ئازار قوڕگ دەدەن و قوتدانیان ئاسان نابێت.
دووەم: میوە مزرەمەنییەکان، ئەگەرچی ڤیتامین سی تێدایە بۆ باشبوون بەڵام خوران و کۆکە زیاد دەدەکن وەک لیمۆ و پرتەقاڵ.
سێیەم: خواردنە ترشەکان، وەک ترشیات و خەیاری سوێرکرا و سۆسەکان.
چوارەم: خواردنە تیژەکان، وەک بیبەری تون و سۆسە توونەکان چونکە چاکبوونەوەی قوڕگ خاودەکەنەوە.
پێنجەم: خواردنە سورەکراوەکان، هۆکارن بۆ هەوکردنی زیاتری قوڕگ و درەنگ چاکبوونەوە.

ھەواڵی زیاتر