نۆبڵی ئەمساڵ بە کێ بەخشرا

لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید و بە ئامادەبوونی بنەماڵەی شانەی سوید و ئولف کریستێرسن ـی سەرۆکوەزیرانی سوید و وەزیرەکانی ئەو وڵاتە و باڵیۆزی وڵاتان لە ستۆکهۆڵم و جان ته‌زه‌ل نوێنەرانی پارتەکان و چەندین زانا و میوانی تایبەت، خەڵاتی نۆبڵی ساڵی ٢٠٢٢ بۆ فیزیا، پزیشکی، کیمیا و ئابووری ئاشکرا کران و میدیاڵیای نۆبڵ کرا بە گەردەنی ئەم زانایانە کە لە بەرژەوەندی مرۆڤایەتی کاریان کردووە.

نیۆیۆرک تایمز، بڵاوی کردەوە کە لە ماوەی بڵاوبوونەوەی کۆڤید ـ ١٩، مەراسیمەکانی پێدانی خەڵاتی نۆبێڵ گۆڕانکارییان بەسەردا هات و لە ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١، ئامادەبوونی براوەکانی خەڵاتەکان بە شێوەی زیندوو ڕەت کرایەوە و مەراسیمەکانیان بە ئۆنلاین بەڕێوە چوو و هەر تەنیا مەراسیمێکی بچووک لە ئۆسلۆ بۆ پێدانی خەڵاتی ئاشتی بەڕێوە چوو.
براوەکانی خەڵاتی نۆبێڵ ئەمساڵ، میدال و دیپلۆمی شانازییان لەم مانگە واتە دیسەمبەر و لە ستۆکهۆڵم بەخشران و براوەکانی خەڵاتی نۆبێڵی دوو ساڵی ڕابردووش بەشداریی مەراسیمەکەیان کرد. هەر ساڵەی شەش خەڵاتی نۆبێڵ دەبەخشرێتە کەسێک یا کەسانێک کە هەنگاوێکی داهێنەرانەیان لە بەرژەوەندی گشتی هەڵێنابێتەوە. ئەمساڵیش خەڵاتەکانی پزیشکی و فیزیا و ئابووری و ئەدەبیات و ئاشتی بەخشران لە نێوان ٣٤٣ پاڵێوراو بەخشرانە چەندین کەس.

براوەکان چییان وەرگرت؟
براوەکانی خەڵاتی نۆبێڵ، دیپلۆمێکی شانازی و مەدالیایەی زێڕ و تاپۆیەکی تایبەت بە وردەکارییەکانی خەڵاتی نۆبێڵ وەردەگرن کە بەهاکەی نزیکەی ١٠ ملیۆن کڕۆنی سیودە واتە نزیکەی ٩٠٠ هەزار دۆلار.

براوەکانی ساڵی ڕابردوو کێ بوون؟
ـ خەڵاتی نۆبێڵی پزیشکی بۆ ساڵی ٢٠٢١، بەخشرایە (دەیڤید جولیۆس ـ David Julius) و (ئاردم پاتاپۆتیان ـ ArdemPatapoutian). ئەم دوو کەسە، نۆبڵی پزیشکییان بە هاوبەشی وەرگرت لە پای لێکۆڵینەوەیەک لەمەڕ دۆزینەوەی پۆلێکی نوێ لە وەرگرەکانی گەرما و هەستکردن بە سوودوەرگرتن لە خانە هەستیارەکان. ئاردم خانە هەستیارەکانی بە پاڵەپەستۆ بەکار بردبوو بۆ دۆزینەوەی گرووپێکی نوێ لە هەستەوەر کە سەبارەت بە هەڵنانە میکانییەکانی پێست و ئەندامە نێوخهۆییەکان کاردانەوە نیشان دەدەن. ئەم دۆزینەوەیەش نیشان دەدات کە چۆن گەرما و سەرما و لەمس کردن سیگناڵە عەسەبییەکانی جەستەمان هەڵدەنێن. بۆ ئەمەش دی.ئێن.ئەیەی تایبەت بە ناوی (TRPV) دیاری کرا.
ـ خەڵاتی نۆبێڵی قیزیا بۆ ساڵی ٢٠٢١، بەخشرایە (سوکورو مانابە) لە ئەمریکا و (کڵاوس هاسلمێن) لە ئەڵمانیا و (جۆرجیۆ پاریسی) لە ئیتالیا. سوکورو و کڵاوس بە هاوبەشی خەڵاتەکەیان پێ بەخشرا لە پالی هەوڵەکانیان لە بواری مۆدێلسازیی فیزیکی ئاو و هەوای زەوی و پێشبینییە دڵنیاکەرەوەکانیان لە بواری گەرمبوونی زەوی. نیوەکەی تری خەڵاتەکە کە بەخشرایە پاریسی، بۆ دۆزینەوە کاریگەریی بەرامبەر بە هەڵبەز و دابەزەکانی سیستەمی فیزیکی لە بەراوردکاری ئۆتۆمی تا هەسارەیی.
ـ خەڵاتی نۆبێڵی کیمیا بۆ ساڵی ٢٠٢١، بەخشرایە (دەیڤید مەک میلان) و (بنجامین لیست) لە پای هەوڵەکانیان بۆ پەرەپێدانی ئۆرگانۆکاتالیزی ناهاوسەنگ. دروستکردنی گەردیلەیەکی هونەری قورسە. بنجامین و دەیڤید، خەڵاتەکەیان لەبەر پەرەپێدانی ئامرازێکی ورد بۆ دروستکردنی گەردیلەیەکی (organocatalysis) وەرگرت. ئەم کارە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لە توێژینەوە دەرمانییەکان هەیە. لێکۆڵەران چەندین ساڵ پێیان وابوو کە تەنیا دوو جۆر (کاتالیزۆر) هەیە: ئەنزیمەکان و فلزەکان. ئەم دوو زانایە جۆری سێیەمان دۆزییەوە و پەرەیان پێ دا واتە هەمان (ئۆرگانۆکاتالیزی ناهاوسەنگ ـ asymmetric organocatalysis) کە لەسەر بنەمای گەردیلەی ڕۆبۆتی بچووک دروست بووە.

براوەکانی ئەمساڵ کێ بوون؟
ـ خەڵاتی فیزیا بەخشرایە (ئالێن ئیسپێکت)ـی فەڕەنسەوی، (جان ئێف. کلۆزەر)ی ئەمریکی و (ئەنتۆن زایلینگەر)ی نەمسایی، لە بەیاننامەی ئەکادیمیای خەڵاتەکەش هاتووە کە بەهۆی “تاقیکردنەوەکانیان لەسەر فۆتۆنە ئاڵۆزکاوەکان، سەلماندنی پێشێلکردنی نایەکسانییەکانی بێل و پێشکەوتن لە زانستی کوانتۆم” بە هاوبەشی دەخرێتە ئەم سێ زانایە.
ماری کوری، ماریا گۆپێرت مایێر، دۆنا ستریکلەند و ئاندریا گێز، چوار ژنن کە تا ئێستا توانیویانە ئەم خەڵاتە بەدەست بهێنن.
ـ خەڵاتی ئەدەبی لە لایەن ئه‌كادیمیای سوید بەخشرایە “ئانی ئیرنۆ”ی ژنه‌ نووسه‌ری فه‌ڕە‌نسی و به‌مه‌یش ئیرنۆ شانزه‌مین نووسه‌ری فه‌ڕە‌نسییە كه‌ ئه‌م خه‌ڵاته‌ به‌ده‌ست بهێنێت، خەڵاتەکەی لەبەر “بوێری و وردبینییە واقیعبینانەکەی کە بە هۆیەوە ڕیشە و بێگانەیی و سنووردارییە گشتگیرەکانی یادەوەریی شەخسی مرۆڤ دەدۆزێتەوە و کەشف دەکات”.
ئانی له‌ ساڵی ١٩٤٠ و لە نۆرماندی فەڕەنسا له‌دایكبووه‌ و تا ئێستا زیاتر له‌ ٢٠ كتێبی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ زۆربه‌یان چیرۆك و ڕۆمان و ژیاننامەن بە ناوەکانی (گۆڕەپان، سۆزی ساده‌، ساڵیانێك، كچێكی تر، یادوه‌ریی كچێك و و داگیركاریی). دوایین ڕۆمانیشی به‌ ناوی (گه‌نجه‌كه‌) بوو کە چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر چاپ و بڵاو بووەوە و زۆربەی کتێبەکانیش کۆمەڵناسیانەن.
ئیرنۆ له‌ساڵی ١٩٧٤ی زایینی، یه‌كه‌م رۆمانی خۆی به‌ ناوی دۆڵابه‌ به‌تاڵه‌كان، بڵاوكرده‌وه‌. تا ئێستا چه‌ندان خه‌ڵاتی له‌سه‌ر كاره‌كانی وه‌رگرتووە. له‌ لێدوانێكی تایبەتی بۆ كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی سوید، باسی له‌ وه‌رگرتنی خەڵاتی نۆبڵ کرد و گوتی: “ئه‌مه‌ به‌ شه‌ڕە‌فێكی گه‌وره‌ ده‌زانم له‌ هه‌مان كاتیش به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆم”.
ئێرنۆ کە لە بنەماڵەیەکی کرێکار گەورە بووە و لە بەشدی ئەدەبیانی مۆدێڕن خوێندنی تەواو کردووە، لە ساڵەکانی وانەوتنەوەی لە زانکۆ چەندین خەڵاتی جیاوازی وەک خەڵاتی ئەدەبی ڕنۆدۆی بەدەست هێناوە. ڕۆمانەکانی (ساڵەکان) کە لە ساڵی ٢٠٠٨ی زایینی چاپ بوو، خەڵاتی (مارگرێت دۆراس) و خەڵاتی فەڕەنسەوی (مۆریاک)ی پێ بەخشرا.
ئەم ژنە نووسەرە، لە ڕۆمانێکی تری بە ناوی (ڕوودەدات) خۆی لە قەرەی کێشەی کچێک لە نێو بنەماڵەیەکی نێونجی ـ کرێکاری دەدات کە لە دەیەی شەستەکانی میلادی ڕووبەڕووی لەباربردنی کۆرپەلە لە فەڕەنسا دەبێتەوە. هەر لەسەر ئەم کتێبەیش، لە ساڵی ٢٠٢١ فیلمێکی سینەمایی دروست کراوە.
ئانی، شانزەیەمین فەڕەنسییە لە ساڵی ١٩٠١ی زایینییەوە ئەم خەڵاتە ٨ ملیۆن کڕۆنییە وەردەگرێت. دواجار کە فەڕەنسییەک خەڵاتی ئەدەبی نۆبێڵی بەدەست ھێنا، ٨ ساڵ بەر لە ئێستا بوو کە بەخشرایە (پاترین مۆدیانۆ). تا ئەمڕۆکەش، ١٥ نووسەری فەڕەنسەوی و ١٦ ژن بوونەتە براوەی خەڵاتی نۆبێڵ. ئارنۆ هاوکات ١٧ـهەمین ژنە کە ئەم خەڵاتەی پێ بەخشراوە. لە ساڵی ڕابردوو بەخشرایە (عەبدولڕەزاق گۆرنا) ڕۆمانننووسی خەڵکی تانزانیا.
ـ خەڵاتی کیمیا بۆ ئەمساڵ بەخشرایە (کارۆلین بێرتۆزی) لە زانکۆی ئیستفۆرد، (مۆرتن مێلدال) لە زانکۆی میلداڵی کۆپنهاگ و (ک. باری شارپڵس) لە ناوەندی توێژینەوە و موتاڵاکانی ئیسکریپس لە کالیفۆڕنیا و لە بەیاننامەکەی ئەکادیمیای سویدیش لەسەر هۆکاری پێدانی خەڵاتەکەیان بەم سێ کەسە، هاتووە کە “بۆ هەوڵەکانیان لە پێکهاتە کردەییەکە کیمییەکەی (کلیک شیمی) و شیمی بایۆئۆرتۆگۆناڵ”.
باری شارپڵسی ٨١ ساڵە، یەکەم کەسە لە دونیا کە دوو جار بووەتە براوەی خەڵاتی کیمیا. ئەم کیمیازانە بەنێوبانگەی ئەمریکا، ٢١ ساڵ پێش و لەبەر موتاڵاکانی لەمەڕ کاردانەوەی ئۆکسیداسۆنی چالاکبوو لە لایەن کاتالیزەکانی کایراڵ، خەڵاتەکەی پێ بەخشرا.
بوهان ئاکۆڤیستی سەرۆکی کۆمیتەی خەڵاتی نۆبێڵی کیمیا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە خەڵاتی ئەمساڵ تایبەت بە “ئاسانسازی”ـی پڕۆسەگەلی ئاڵۆزە و هەر لەبەر ئەمەیش ئەو زانایانەی کە لە بناغەدانانی کیمیای کلیکی ڕۆڵیان هەبووە، شایەنی ئەو خەڵاتەی ئەمساڵن. کیمیا کلیک، فۆڕمێکی نوێیە لە پێکهاتەی گەردیلەکان کە بە شێوەیەکی تایبەت لە بواری دەرمانی، وێناکەری ڕۆڵی دی ئێن ئەی و بەرهەمهێنانی ماددەی نوێ و کاریگەریان هەیە.
کارۆلین بێرتۆزی ـی ٥٥ ساڵەش بە شێوەیەکی تایبەتە لە سوودوەرگرتن و کردەییکردنی کیمیا کلیک لە بوونەوەرگەلی زیندوو، هەوڵی داوە. یەک لەسەر سێی براوە ئەمریکییەکانی ئەم خەڵاتە لە بوارگەلی زانستی، لە پەنابەرەکان بوونە.
ـ خه‌ڵاتی پزیشكی ئەمساڵ درایه‌ (سڤانتێ پابۆ)ی ٦٧ ساڵەی پالئۆژنۆمی سویدی (دێرینەناسی جینەکان و کامڵبوونی مرۆڤ)، بەهۆی دۆزینەوەکانی سەبارەت بە جیناتی (ژنۆم) هۆمینینە لەناوچووەکان و پەرەسەندنی مرۆڤ.
لە بەیاننامەکەی ئەکادیمیادا هاووە، “دۆزینەوەکانی ئەو (سوانتە پابۆ)، بە ئاشکراکردن و وردبوونەوە لە جیاوازییە ژنتیکییەکانی نێوان مرۆڤە زیندووەکان و مرۆڤگەلی لەنێوچوو، بنەمایەکە بۆ دۆزینەوەی نهێنی ئەوەی کە ئێمە مرۆڤەکان ئەم بوونەوە تایبەتەکانی لێوە دروست بووە”.
ـ خه‌ڵاتی ئابووری بە هاوبەشی درایه‌ (بێن بێرنانكێ) سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی ئەمریکا (فیدراڵ ڕێزرۆ) و دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی (فلیپ دیبڤیگ) و (داگڵاس دایمۆند) بە هۆی توێژینەوەکانیان لەمەڕ بانک و قەیرانە ماڵییەکان. هۆکاری پێدانی خەڵاتەکەش کە لە لایەن نۆبێڵەوە ڕاگەیێنرا ئەوە بوو کە “بە شێوەیەکی بەرچاو درکی ئێمەیان لە ڕۆڵی بانکەکان لە ئابووری، بەتایبەت لە کاتی قەیرانە ماڵییەکان و هەروەها شێوەی ڕێکخستنی بازاڕە ماڵییەکان زیاتر کرد”. لە درێژەی ئەم بەیاننامەیەی خەڵاتەکە پێداگری لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ئەمە دۆزینەوەیەکی گرنگە لە توێژینەوەی ئەم سێ کەسە، چونکە خۆبەدوورگرتن لە مایەپووچی و شکستی بانکی زۆر گرنگە و هەر لەبەر ئەم بنەمایەش ئەوان تواناییەکانی ئێمەیان بۆ خۆبەدوورگرتنە لە قەیرانەکان زیاتر کردووە.
خەڵاتەکەش کە بەهای ١٠ ملیۆن کڕۆنە لە نێوان هەر سێ براوەکەدا دابەش دەکرێت.
ـ براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٢، به‌خشرایه‌ (ئالیس بیالیاتسكی)ـی سه‌رۆكی ڕێكخراوی بیسانا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له‌ بیلارووس، ڕێكخراوی ئازادی مەدەنی ئۆكرانی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ و ڕێكخراوی میمۆریاڵی ڕووسی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ و ڕێوڕە‌سمەكەش لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج بوو.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی به‌خشینی خه‌ڵاتی نۆبڵ له‌ به‌رده‌م میدیاكان له‌باره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ خه‌ڵاته‌كه‌یان پێبه‌خشراوه‌ وتی: “ئالیس بیالیاتسكی و رێكخراوی ئازادی سڤیلی ئۆكرانی و رێكخراوی میمۆریاڵی رووسی رۆڵێكی گه‌وره‌یان هه‌بووه‌ له‌ پاراستنی ئاشتی و مافی هاوشاریبوون له‌ جیهاندا به‌تایبه‌تی له‌كاتی شه‌ڕی رووسیا و ئۆكرانیادا كه‌ ئێستاش به‌رده‌وامه‌، بۆیه‌ شایه‌نی ئه‌وه‌ن ببنه‌ خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵ”.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی به‌خشینی خه‌ڵاتی نۆبڵ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، “ئالیس بیالیاتسكی به‌هۆی هه‌وڵه‌كانیه‌وه‌ ئێستا له‌ زینداندایه‌ و ئه‌مه‌ش مایه‌ی شانازییه‌ كه‌ ئێمه‌ خه‌ڵاتی پێببه‌خشین”
شایەنی باسە، لە ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ی زایینی، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەتوانرا ڕێوڕە‌سمی خەڵاتکردن ئەنجام بدرێت و ئەمساڵ براوەكانی خەڵاتی نۆبڵ هه‌ریه‌كه‌یان بڕوانامە و میدالیای نۆبڵ و خەڵاتێکی ماددیی به‌ بڕی نزیکەی ٩٠٠ هەزار یۆرۆیان پێبەخشرا. ئەم خەڵاتە سویدیی ـ بنچینەی پێشکەشکراوی نێودەوڵەتییە،لەلایەن زانای سویدیی ئەلفرێد نۆبێلەوە دانرا، بەجۆرێ کە لە وەسیەتنامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە و گرێبەستی پڕکردووەتەوە (لە یانەی سویدیی ـ نەرویجیی) لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ١٨٩٥، بەوەی کە ساڵانە ئەم خەڵاتە ببەخشرێت.

ھەواڵی زیاتر