رێکخراوی (GIZ)ى ئەڵمانى, خولێکی شەش رۆژەی بۆ حەوت زانکۆی هەرێمی کوردستان کردەوە.
ئامانج لە خولەکە راهێنانی ڕاهێنەران بوو بۆ سەنتەرەکانی پەرەپێدانی کاری لە زانکۆکانی هەرێمى کوردستان، ئەوەش بە ئامانجی هاندان و ڕاهێنانی ئەو فیرخوازانەی کە دەیانەوێت بیرۆکەی کار و بزنسی خۆیان پەرە پێبدەن و کاربکەن بۆ دامەزراندنی کاری سەربەخۆی خۆیان.
لە هەر زانکۆیەک ڕاهێنان بە ٦۰ قوتابی و خوێندکار کراوە بۆ کارکردن و پەرەپێدانی بیرۆکەکانیان و دواتر بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکان و کەرتی پیشەسازی هەوڵی دابینکردنی هەلى کاریان بۆ دەدرێت و تا ئێستاش ٤٢٠ فێرخواز لەو خولە سوودمەند بوون.
لە میانی پێشوازی کردنی لە شاندێکی رێکخراوی (GIZ)، د. عبدالفتاح عبدالرزاق، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، سیاسەت و بەرنامەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەیە گرنگی زیاتر بە خوێندنی پیشەیی بدرێت لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا.
د. عبدالفتاح عبدالرزاق وتیشی، ئامانج لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن ئەوەیە کە خوێندکاران و قوتابیان بەشێوەیەکی پیشەیی و زانستیانە ئامادە بکرێن بۆ ئەوەی دوای تەواوکردنی پرۆسەی خوێندن رۆڵی بەرچاویان هەبێت لە گەشەکردن و پێشخستنی بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان و ئامادە بکرێن و رابهێنرێن بۆ بازارى کار.
رێکخراوی (GIZ) کاردەکات بۆ کارسازی و داهێنان لە عێراق، لە بواری هاندان و پەرەپێدانی بازاڕی کار و ئامانجیان پێگەیاندن و ئامادەکردنی فێرخوازانە لەو بوارەدا.