عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بابەتێکی لەژێر ناوی (لەبارەی پرۆژەی (شەفافیەتی) قوباد تاڵەبانی) بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەڵێت، ئەم پرۆژەیەی جێگری سەرۆکی حکوومەت، ئەگەر تەنیا بە خستنەڕووی ئەم چەند داتایەی داهات بێت، “ناتوانین ناوی بنێین شەفافیەت.” دەشڵێت، شەفافیەت دەبێت لە داهات و خەرجیدا بێت، بەشێکی گەورەی گەندەڵی لە خەرجیدایە و ئەم پرۆژەیە باسی خەرجیی تێدا نییە.
عەلی حەمەساڵح وێڕای ئاماژە بەوەی کە ”هەر هەنگاوێک بە ئاراستەی شەفافیەت بێت، دەینرخێنم”، دەڵێت: ”بەڵام مەرج نییە هەرچی شەفاف بوو، واتە چاکسازیی دروستی تێدا کراوە.”
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان لە درێژەی بابەتەکەیدا دەنووسێت: ”خستنەڕووی داتا بەتەنیا بەس نییە، شیکردنەوەی داتاکان گرنگە، هەر لەمساڵدا مانگ هەبووە داهاتی سلێمانی ٤٠ ملیار دینار بووە، مانگی پێشووش ١٠٣ ملیار بووە. نیوەی ئەم مانگەش ٣٥ ملیار دینارە! ئەم جیاوازییە زۆرانە چۆن دروست دەبێت؟ هەندێک مانگ، کۆی داهاتی خاڵە سنوورییەکانی سلێمانی ٥٤ ملیار دینار بووە، هەندێک مانگیش کەمتر لە ٢٥ ملیار دینار.”
عەلی حەمەساڵح بە ئاماژە بە وتەیەکی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە گوتوویەتی ”داهات سێ هێندە زیادی کردووە!” دەپرسێت: ”بەچی؟ ئەی بۆچی پێشتر کەم بوو؟” ئاماژە بەوەش دەکات کە ”دەبێ شیکردنەوە بۆ داتا بکرێت” و بۆ چاکسازیی ڕاستەقینە دەبێ بزانرێت:
یەک: ”مانگانە کۆی خەرجییەکانی سلێمانی (تەواوکردنی مووچە، نەسریە، کۆکردنەوەی خاشاک) لەسەر حسابی داهاتی خۆی چەندە؟ ئەوەی من دەزانم بەبێ پرۆژە نزیکەی ١١٥ ملیار دینارە. بە چی پڕ دەکرێتەوە؟ ئەم داهاتە بەردەست نەبوو، چی؟ ئەی چارەنووسی ئەو سەدان پرۆژەیەی وەستاوە؟
دوو: دەبێت شەفافیەت لە داهات و خەرجیدا هەبێت، شەفافیەت بەبێ چاکسازی بەهایەکی ئەوتۆی نییە. چی کراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خاڵی سنووری؟ بۆ ئەو کۆمپانیایانەی بە ناڕەوا سەرقاڵی کۆکردنەوەی پارەن لە خاڵی سنووری؟ چی کراوە بۆ ئەوەی زەوی ببێتە سەرچاوەی داهات بۆ حکوومەت نەک حزب و شەخس و چەند کۆمپانیایەکی دیاریکراو. زەوی دەکرێ یەکێک بێت لە سەرچاوە گەورەکانی داهات. سەدان ملیۆن دۆلار لە زەویدا براوە. بەرپرسی سەربازی هەیە خاوەنی سەدان ملیۆن دۆلارە بە زەوی، یانەی وەرزشیی هەیە بە بردنی زەوی و فرۆشتنی دەبوو بە ئەندازەی ڕیال مەدرید دەوڵەمەند بێت. ئێستاش چاویان لە بردنی چەند زەوییەکی دیکەی نایابی سلێمانییە.
سێ: چاکسازی و شەفافیەت لە خەرجیدا پێویستترە. پارەیەکی زۆر بۆ نەسریەی هێزی سەربازی خەرج دەکرێ. هەزاران کەس بە نایاسایی مووچە وەردەگرن. ئایا ئەمە چاکسازیی تێدا دەکرێت؟”