لەدوای بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە رۆژی چوارشەممەوە، نرخی زێڕ بەردەوامە لە دابەزین و ئەمڕۆ هەینی هەر ئۆنسەیەک بە 1778 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت کە بەراورد بە کردنەوەی بازاڕ لە رۆژی رابردوو، نزیکەی 20 دۆلار دابەزیوە.
نرخی زێڕ بۆ گرێبەستەکانی داهاتووش بە 1788 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە هەفتەی رابردوودا بەهۆی ئاماژەکانی کەمبوونەوەی گوشار لەسەر هەڵاوسانی ئەمریکا، نرخی زێڕ بەرزببووەوە، بەڵام بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی بە رێژەی 0.5% بەرزکردەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، دەکرێت رێژەکە زیاتر بەرزبکرێتەوە، ئەوەش نیگەرانیی لای بازرگانانی ئەو کاڵا ستراتیژییە دروستکردووە و نرخەکەی دابەزیوە.
جگە لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بانکی ناوەندیی ئەوروپاش ئاماژەی ئەوەی داوە کە بەردەوام دەبێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی.
بەشێوەیەکی گشتی، ئەم هەفتەیە نرخی زێڕ 1.1%ـی بەهاکەی لەدەستداوە کە بەهێزبوونەوەی بەهای دۆلاریش کاریگەری لەسەر هەبووە.
نرخی نەوت لەسەرووی 80 دۆلارەوە جێگیربووە
ئەمڕۆ هەینی، 16-12-2022 نرخی نەوت بە 80 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و تاڕادەیەک نرخەکەی بەراورد بە رۆژانی رابردوو، جێگیرە.
هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت 28 سەنت دابەزی و بە 80 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، لەکاتێکدا بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساس 30 سەنت دابەزی و بە 75 دۆلار و 83 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دوای بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا و ئەوروپاوە، نرخی نەوت دابەزیوە و بازرگانان لەوە تێگەیشتوون کە ئەو بانکانە رێکاری تووندتر دەگرنەبەر بۆ دابەزاندنی رێژەی هەڵاوسان. ئەوەش کاریگەری لەسەر نرخی نەوت هەبووە.
ئەو هۆکارە و بڵاوکردنەوەی چەند ئامارێک لەبارەی ئابووریی ئەمریکاش، پێکەوە کاریگەرییان هەبووە لە دابەزینی نرخی نەوت بەوپێیەی ترسێکی شاراوە لە بازاڕدا دروستبووە لەبارەی سستبوونەوەی ئابووری.
کردنەوەی بەشێکی دیکە لە بۆریی سەرەکیی گواستنەوەی نەوت لەنێوان ئەمریکا و کەنەداش یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت.