شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

شاخه‌وان عه‌بدوڵا داوای لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌په‌له‌ له‌ هۆكاری گیانله‌ده‌ستدانی فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ی كه‌ركووك ده‌كات

نووسینگه‌ی د. شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی به‌په‌له‌دا ڕایگه‌یاند كه‌ ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بەپەلەیان کردووه‌ لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی گیانلەدەستدانی (عەبدولقادر سەباح) فەرمانبەری کوردی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لقی کەرکووك كه‌ دوێنێ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانییەوە لە پارێزگای کەرکووک دەستگیر کرابوو.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هه‌روه‌ها هاتووه‌:  د. شاخه‌وان عه‌بدوڵا داوای لە فەرماندەیی گشتی کردووه‌ دەستوەردانی دەستبەجێ بکات و دادگایی ئەوانە بکرێت کە بوونەتە هۆكاری گیانلەدەستدانی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ و بە زووترین کات ڕاپێچی دادگا بکرێن بۆ ئەوەی سزای خۆیان بەپێی یاسا وەربگرن.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران هه‌روه‌ها لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرله‌مانیشی ڕاسپاردووه‌ بەدواداچوون بۆ پرسەکە بکەن بۆ وەستان لەسەر وردەکاری ئەو ڕووداوە بە ئازارە کە هەست و سۆزی سه‌رجه‌م هاووڵاتییانی شاری کەرکووکی هەژاندووە.

داواشی لێ كردن به‌ زووترین كات ڕاپۆرتێک له‌سه‌ر ئه‌م ڕووداوه‌ پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.

جێی باسه‌ دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو هێزێكی ئاسایشی نیشتمانی له‌ شاری كه‌ركووك هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ماڵی عه‌بدولقادر سه‌باح ته‌مه‌ن 46 فه‌رمانبه‌ر له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان لقی كه‌ركووك و ده‌ستگیریان كرد، دوای تێپه‌ربوونی چه‌ند كاتژمێرێك له‌ ده‌ستگیركردنی، خانه‌واده‌كه‌یان ئاگاداركردۆته‌وه‌ كه‌ ناوبراو گیانی له‌ده‌ستداوه‌ و بێن بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی.

وێنه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌:-