سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

زۆرترین هەواڵ بە کەمترین وشە

* ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ قۆناخی پێشكۆتایی مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر له‌ یاریگه‌ی (ئه‌لبه‌یت) له‌ كاتژمێر 10:00ـی شه‌و فه‌ره‌نسا و مه‌غریب به‌یه‌ك ده‌گه‌ن.

* یۆرگن كلینسمان یاریزان و راهێنه‌ری پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا: من هاندەرێکی گەورەی هاری کەینم، وتم ئەگەر هاری کەین هەلی بۆ بڕەخسێت، رەنگە تەنیا تۆپەکە رابگرێت و شووت بۆ گۆڵ لێبدا، کاتێک لێدانی سزا جێبەجێ دەکەیت،  دەست بە بیرکردنەوە دەکەیت، بیرکردنەوەیەکی زۆر و دواتر دەگەیتە خاڵێک کە ناتوانیت لێدانەکە بەو شێوەیە جێبەجێ بکەیت کە خۆت دەتەوێت، بۆیە دەتوانم بڵێم هاری کەین بۆیە لێدانە سزاکەی فەوتاند، چونکە زۆر بیری کردەوە.

بە گشتی پێموایە ئینگڵاند ئاستێکی زۆر بەرزی پێشکەش کرد، تیپەکە هێشتا لە گەشەکردن دایە، ئینگڵاند هێشتا توانای پێشکەوتن و گەشەکردنی هەیە و بۆ ساڵانی داهاتوو بەهێزتر دەبێت، ئینگڵاند تیپێکی گەنجی هەیە و بەهرەمەندی زۆری تێدایە و بە تێپەڕبوونی کات ئەزموونی زیاتر وەردەگرن.

* یۆرگن كلینسمان ئه‌ندامی لێژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی مۆندیالی 2022: له‌م مۆندیاله‌ ئاستی هەڵبژاردەکان بە گشتی زۆر بەرزە، بەتایبەت لەرووی هێرشبەریەوە، کۆمەڵێک گۆڵپارێزی نایابیش بەشداریان کردووە و جوانیەکی دیکەیان داوە بە پاڵەوانییەتیەکە. لەم مۆندیالە ئەنجامی چاوەڕواننەکراوی تێدابوو، بەڵام وایدەبینم لە مۆندیالی داهاتوو کاتێک پاڵەوانییەتیەکە دەبیتە 48 هەڵبژاردە ئەنجامی چاوەڕواننەکراوی زیاتر تۆمار دەکرێن، یارییەکەی بەڕازیل و کڕواتیا دراماتیکی بوو، باوەڕم بە دۆڕانی بەڕازیل نەکرد، بەڕازیل دوای ئەوەی گۆڵی یەکسانی لێکرا نەیتوانی هاوسەنگی بگەڕێنێتەوە، بە پێچەوانەی ئارجێنتینا کە توانی بەرامبەر هۆڵەندا سەرکەوتوو بێت و ئەم بەربەستەی تێپەڕاند.

* فەرەنسا یەکێکە لەو هەڵبژاردانەی بەهای پێکهاتەکەیان خەیاڵیە و سنوری یەک ملیار یۆرۆی تێپەڕاندووە، بە پێچەوانەوە هەڵبژاردەی مەغریب بەراورد بە رکابەرەکەیان، بەهاکەیان زۆر کەمترە.

* گرانبەهاترین یاریزانی لە ریزی هەڵبژاردەی فەرەنسا، کلیان مباپێ گۆڵکاری فه‌ره‌نسا، بەهای بە 160 ملیۆن یۆرۆ خەمڵاندراوه‌، گرانبەهاترین یاریزانی جیهانیشە، ئەو یاریزانە ئەم مۆندیالە توانیویەتی 5 گۆڵ بۆ هەڵبژاردەکەی بکات. ئۆلیڤەر جیرۆی هێرشبەری فەرەنسیەکان، لە نێوان یاریزانانی پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەکەی، کەمترین بەهای بۆ دانراوە کە تەنها 4 ملیۆن یۆرۆیە، لە دوای ئەویش هۆگۆ لۆریسی گۆڵپارێزە کە بەهای ئەویش 7 ملیۆن یۆرۆیە.

* گرانبەهاترین یاریزانی هەڵبژاردەی مەغریب، ئەشرەف حەکیمی بەرگریکاری یانەی پاریس سانجێرمانە، ئەو یاریزانەش بەهاکەی بە 65 ملیۆن یۆرۆ لە ماڵپەری ترانسفێر مارکێت خەمڵێندراوە، یەکێکە لە یاریزانە کاریگەرییەکانی هەڵبژاردەکەی. بە گشتی هەڵبژاردەی مەغریب کە جاری یەکەمە لە مێژوودا دەگاتە قۆناغی پێشکۆتایی مۆندیال، بەهای سەرجەم یاریزانەکانی کە ژمارەیان 26 یاریزانە، تەنها 241 ملیۆن یۆرۆیە، کەمترین بەهاش تایبەتە بە (بەدر بونون) کە بەهاکەی یەک ملیۆن یۆرۆیە و بەشداری دوو یاری هەڵبژاردەکەشی لە مۆندیال کردووە.

* رۆناڵدۆی دیارده‌: پێموایە نێیمار زۆر دڵگرانە بە  ئەنجامی هەڵبژاردەی بەڕازیل لە مۆندیال، شتێکی ئاساییە لەم کاتە ئەم هەستەی هەبێت، بەڵام دڵنیام زۆر بەهێزتر دەگەڕێتەوە و لەگەڵ هەڵبژاردەی بەڕازیل لە یاریکردن بەردەوام دەبێت، ئەو هێشتا تەمەنی 31 ساڵە و کاتی لەبەردەم ماوە، پێموایە نێیمار لە مۆندیالی داهاتووش ئامادە دەبێت.

* رۆناڵدۆی دیارده‌: سەبارەت بەو ناوانەی بەربژێرن بۆ راهێنەرایەتی بەڕازیل، وەک گواردیۆلا و مۆرینیۆ و ئانچیلۆتی، پێموایە ئەو ناوانە زۆر نایاب و ناوازەن، بێگومان حەز دەکەم هەر یەکێک لەوانە راهێنەرایەتی بەڕازیل بکات، بەڵام من ئەو کەسە نیم کە راهێنەر هەڵبژێرم، بزانین لە چەند رۆژی داهاتوو چی روودەدات.

* رۆناڵدۆی دیارده‌: ئارجێنتینا لە مۆندیال بەباشی یاریی ناکات، بەڵام ئارەزوویەکی گەورەیان هەیە و زۆر رادەکەن، جگە لەوەش بە گیانێکی بەرز یاریی دەکەن، دواتریش مێسیان هەیە، مێسی بەرامبەر گۆڵ یاریزانێکی یەکلاکەرەوەیە، ئەگەر ئارجێنتینا مۆندیال ببات، تەنیا لەبەر مێسی دڵخۆش دەبم. با راستگۆ بم لەگەڵتان، ناتوانم بڵێم کە دەمەوێت ئارجێنتینا ببێتە پاڵەوانی مۆندیال، ئەگەر ئەو قسەیە بکەم درۆزن و دوڕووم، هیوادارم مەغریب ببێتە پاڵەوان، بەڵام پێموانییە توانایان هەبێت لە فەرەنسا ببەنەوە، سەرگەرمییەکەیان بەڕاستی نایاب و سەرنجراکێشە.